هێزەکانی عێراق دواهه‌مین چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای موسڵ راودەنێن

عیراق

22/06/2017‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:دیارونای
لەئێستادا ناوه‌ندەکانی پشکنینی ناسنامە بڵاوبوونەته‌وە لەسەرانسەری بەشە ئازادکراوەکانی شاری موسڵدا بۆ به‌دواداچوونی ناسنامە فەرمییه‌كانی دانیشتوان و پێداچوونەوەیان له‌ناو داتابەیسێكی تیرۆریستانی داواکراودا.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە كه‌ يەكى حوزەیران دەستیپێکرد بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ئەو ئەندامانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە خۆیان لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا حەشارداوە.

دانیشتووەیەکی گەڕەکی عەرباجیە، محەمەد عیرفان، 57 ساڵ، یەکێکە لەو سەدان پیاوەی بە پشکنینەکەدا رۆیشتووە لە مزگەوتی بەدیع لە رۆژهەڵاتی موسڵ.

عیرفان لەبارەی رێكاری پشکنینی ناسنامەکەیه‌وه‌ بە دیارونای وت: "هەنگاوێکی پێویست بوو. وەك هاوڵاتیان، ئێمە ئەو جۆرە رێسایانەمان پێباشە و پشتگیرییان لێدەکەین."

وتیشی: "هیچ کەس نایەوێت تیرۆریستان بەئازادی تەراتێن بکەن لەناوچەکەدا. ئێمە تەواو لێیان بێزاربووین."

هه‌روه‌ها وتی: "هاوکاری ئێمە لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان تەنیا گەره‌نتییە بۆ سەقامگیری بۆ ئەوەی دووبارە نەبینەوە به‌ نێچیری داعش."

پرۆسەی پشکنینی ناسنامە
ناوه‌ندی پشکنینی مزگەوتی بەدیع یەکێکە لە چەندین ناوه‌نده‌ هاوشێوەكان کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دانراون لە مزگەوت و خوێندنگاکانی دەوروپشتی رۆژهەڵاتی موسڵدا وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنەکە.

پسپۆڕی بواری ئاسایش، سەعید نیماح جەیاشی، بە دیارونای وت پشکنینی ناسنامە لەلایەن لیژنەی ئەمنیی شارەزاوە ئەنجامدەدرێت لە پۆلیسی ناوخۆ و هێزە ئەمنیەکان و هه‌روه‌ها هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری.

"ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ سەقامگیرکردنی شارە ئازادکراوەکان و رێگرتن لە کار و بڵاوبوونەوەی یەکە نهێنیه‌كانی داعش کە بە شانەی نوستوو ناسراون،" جەیاشی وتی.

وتیشی: "ئامانجەکە بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەندامانەی داعشە کە خۆیان لەناو مەدەنیەکاندا حەشارداوە و رێگە لێگرتنیانە لە ترساندنی دانیشتوانه‌كه‌ بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەت و بێ تیرۆریزم دابینبکرێت."

پرۆسەی پشکنینەکە کە تەنیا چەند خولەکێکی پێدەچێت، بریتییه‌ له‌ کۆکردنەوەی ناسنامه‌ فەرمیه‌كانی دانیشتوان کە دێنە ناوه‌نده‌كه‌ و پشکنینیان بۆ دەکرێت لە داتابەیسێکی دیجیتاڵی تیرۆریستانی داواکراودا.

جەیاشی وتی سەرەڕای ئەوەش مەفرەزە ئەمنییه‌كان سەردانی ماڵەکان دەکەن و ناسنامەی هاوڵاتیان دەپشکنن بۆ ئەوەی بزانن تۆماری ئەمنییان پاکە.

وتیشی: "پرۆسەی پشکنینەکە بەگشتی بەسەر دوو جۆردا دابەشدەبێت. یەکەمیان پشکنینی هەواڵگریی گەورانە بۆ بڕیاردان ئاخۆ هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ داعش هەبووە."

دووەمیان "پشکنینی زانیارییە، وەك پرسیار سەبارەت بە داهاتی خێزان، ژمارەی دانیشتوان، کار و پەیوەندییان بە خێزانەوە لەگەڵ چەند شتێکی تر".

رێسا پێشوازیلێکراوه‌كان
جەیاشی وتی: "دانیشتوان پشتیوانیی بەهێز پیشاندەدەن بۆ ئەو جۆرە رێسایانە چونکە نایانەوێت تیرۆریستان بگەڕێنەوە و دووبارە بیانتۆقێننەوە."

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، وتی ئەو پشکنینە بەردەوامانە پشتیوانیی بەهێزی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شەبیب بە دیارونای وت: "گرنگە بۆ ئێمە هاوبەشی دروستبکەین لەنێوان دانیشتوان و هێزە ئەمنیەکاندا."

وتیشی پێویستە هەست بەوە بکەن گواستراونەتەوە بۆ قۆناغێکی تر لەسەر بنەمای دادوەری و ئازادی و شکۆداری و جەختیشیکردەوە كه‌ بەدەستهێنانی متمانەی دانیشتوان گرنگە بۆ دڵنیابوون لە به‌باشی به‌ڕێوه‌چوونی كاری هەواڵگری.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەنیان جەربا، وتی: "دانیشتوانی موسڵ پاڵپشتی هێزە ئەمنیەکانیان کردووە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی شارەکەیاندا و زانیارییان داوە سەرەڕای چەوساندنەوە و هەڕەشلێکردنیان لەلایەن داعشەوە."

س.هـ

جەربا بە دیارونای وت: "له‌دوای رزگارییه‌وه‌، هەواڵگری و راپۆرتدان لەلایەن دانیشتوانەوە زیادیکردووە. ئەمە نیشانەیەکی ئەرێنیە، كه‌ پیشانیدەدات ئەوان دەیانەوێت داهاتوویەکی نوێ بۆ شارەکەیان بنیاتبنێت."