شەڕی‌ حەویجە ئاسانە
وتەبێژی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوك: جارێكی‌ تر پێشمەرگەو حەشد رووبەرووی‌ یەك نابنەوە

عیراق

07/07/2017‌ 1063 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
وتەبێژی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەپارێزگای‌ كەركوك رایدەگەیەنێت هەماهەنگی‌ تەواویان لەگەڵ پێشمەرگە هەیەو جارێكی‌ تر گرژی‌‌و پێكدادان دروست نابێتەوە.

سەرەڕای‌ ئەوەی‌ تائێستا دووجار گرژی‌‌و پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەو حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوك‌و سەلاحەدین روویداوە، بەڵام عەلی‌ حوسێنی‌ وتەبێژی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوك لەچاوپێكەوتنێكی‌ "نیقاش"دا رایدەگەیەنێت، مەترسی‌ رووبەروبوونەوەی‌ ئەوان‌و پێشمەرگە رەویوەتەوە.

وتەبێژەكەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ رایدەگەیەنێت ئەوان بۆ شەڕی‌ حەویجە ئامادەن‌و بەشداری‌ دەكەن سەرەڕای‌ ناڕەزایی‌ لایەنەكانی‌ دیكە، پێی‌ وایە ئەو شەڕە ئاسان دەبێت‌و چەند سەعاتێك دەخایەنێت.

نیقاش: بارودۆخی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەچی‌ ئاستێكدایە، ئایا ئێوەش هاوشێوەی‌ هێزەكانی‌ دیكە گرفتی‌ پێداویستی‌ سەربازییتان هەیە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەسنوری‌ كەركوك لەدوو لیوا پێك هاتووە ئەوانیش لیوای‌ 16و لیوای‌ 52، بەرپرسیارێتیان لەگوندی‌ سەرحەی‌ سەر بەقەزای‌ دووزخورماتووە دەست پێدەكات تاكو دەگاتەوە گوندی‌ بەشیر لەباشوری‌ رۆژئاوای‌ كەركوك، بەدڵنیاییەوە گرفتی‌ پێداویستی‌ سەربازیمان هەبووە بەڵام هەوڵمانداوە ئەو گرفتەنە نەبێت رێگر لەبەرانبەر شەڕی‌ بەرەنگاربونەوەی‌ تیرۆر.

نیقاش: بەپێی‌ ئەوەی‌ باسی‌ دەكەیت هێزەكەی‌ ئێوە لەهەردوو پارێزگای‌ كەركوك‌و سەلاحەدین هەن، باشە هەماهەنگیتان لەگەڵ هێزەكانی‌ دیكە هەیە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: دوای‌ ئەوەی‌ دانیشتوانی‌ گوندی‌ بەشیر لەلایەن چەكدارانی‌ داعشەوە كوشتارگەریان بەرانبەر ئەنجامدراو ئاوارەی‌ كەمپەكانی‌ كەركوك بوون‌و دواتر غازی‌ خەردەل دژی‌ دانیشتوانی‌ ناحیەی‌ تازە بەكارهێنرا،  لیوای‌ 16و لیوای‌ 52 بەبڕیاری‌ مەرجەعیەتی‌ باڵای‌ ئاینی‌ دروستبووە تاكو بتوانین لەشەڕی‌ دژە تیرۆر بەشداری‌ بكەین، لەبەرئەوەی‌ ئێمە بەبڕیاری‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ یان فەرمانی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عێراق دروست نەبووین، بۆیە لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەماهەنگیمان هەیە، كۆنترۆڵكردنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر ئەو هەماهەنگییەی‌ دەرخست كە دەتوانین بەو پەپوەندییەی‌ لەنێوان هێزە ئەمنیەكان هەیە داعش بەرەو لەوناچوون ببەین، هەر بۆ زانیاریتان ئەو دوو لیوایە كە زۆرینەی‌ توركمانی‌ شیعە مەزهەبن لەخەڵكی‌ ناوچەكانی‌ تسعین‌و تازەو داقوق‌و بەشیرو خورماتوو پێكهاتووە.

نیقاش: بەڵام كورد گوماندەكات دروستبوونی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەسنوری‌ كەركوك‌و دووزخورماتوو ئامانجێكی‌ سیاسی‌ هەبێت؟

عەلی‌ حوسێنی‌: نەخێر ئامانجی‌ سیاسیمان نییە، چونكە بەبڕیاری‌ حزبی‌ دروست نەبووین، بەڵكو بەفتوای‌ مەرجەعی‌ باڵای‌ ئاینی‌ دروست بووین كە دەمانەوێت ناوچەكانی‌ كەركوك بەتایبەت ناوچە شیعەنیشینەكان بەهاوكاری‌ برا پێشمەرگەكان بپارێزین.

نیقاش: حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوك بڕیار لەكێ‌ وەردەگرێت بۆ هەر جوڵەیەكی‌ سەربازی‌؟

عەلی‌ حوسێنی‌: فەرمان لەبەرێز حەیدەر عەبادی‌ فەرماندەی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عێراق وەردەگرین، هەروەها فەرمانی‌ بەرێزان هادی‌ عامری‌ سەرۆكی‌ رێكخراوی‌ بەدرو مەهدی‌ ئەبو موهەندیس فەرماندەی‌ باڵای‌ هێزە چەكدارەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ جێبەجێ‌ دەكەین.

نیقاش: هێزە كوردییەكان دەڵێن ئێوە لەوڵاتانی‌ دراوسێوە هاوكاری‌ سەربازی‌ دەكرێن؟

عەلی‌ حوسێنی‌: ئێمە خوازیار بووین وڵاتانی‌ دراوسێ‌ هاوكاری‌ ئێمەیان بكردایە، بەڵام هاوكاری‌ نەكراوین، تەواوی‌ پێداویستیە سەربازییەكانمان لەحكومەتی‌ ناوەندییەوە وەرگرتوە.

نیقاش: ئەی‌ بۆچی‌ هێزە كوردییەكان دەڵێن ئێران هاوكاریتان دەكات؟

عەلی‌ حوسێنی‌: نەدەترسم‌و نەدەیشارمەوە، ئێمە قەرزاری‌ ئێرانین لەرووی‌ پێداویستی‌ سەربازی‌‌و هاوكاریكردنی‌ بریندارەكانمان، دەمەوێت ئەم هاوكارییەش هەموو جیهان بزانێت كە شانازی‌ بەو هاوكارییەی‌ ئێرانەوە دەكەین، چونكە ئەوەی‌ ئێران كردویەتی‌ دڵنیام مێژوونوسان بەئاوی‌ ئاڵتوون ناویان دەنوسێتەوە، كاتێك بەغداد لەلایەن چەكدارانی‌ داعشەوە گەمارۆدرا بەهەمان شێوە ئێران نەیهێشت بكەوێتە ژێر دەستی‌ داعش، ئەم هاوكارییەی‌ ئێرانیش بەشێوەیەكی‌ نافەرمی‌ نییە، بەڵكو بەرێكەوتن بووە لەگەڵ حكومەتی‌ عێراقی‌ تاكو جارێكی‌ تر عێراقێكی‌ نوێ‌ دروست ببێتەوە كە ئاسایشی‌ تێدا جێگیر بێت.

نیقاش: ئێران راستەخۆ چەك‌و پێداویستیی‌ سەربازی‌ بەئێوە داوە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: نەخێر، بەڵكو پێداویستیە سەربازییەكان دەدرێت بەحكومەتی‌ ناوەند دواتر دابەش دەكرێتەوە بەسەر لیواكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ .

نیقاش: پەیوەندیتان لەگەڵ هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەمیحوەرەكانی‌ كەركوك‌و خورماتوو لە چ ئاستێكدایە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: پەیوەندییەكانمان زۆر توندوتۆڵە، چونكە هەردوولامان بووین بەئەمری‌ واقیع‌و ناتوانین یەكتر بكوژێنینەوە، نەك تەنیا لەكەركوك‌و خورماتوو، بەڵكو لەموسڵ چەند ناوچەیەك بەهەماهەنگی‌ نێوان حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگە دەپارێزن.

نیقاش: سەركردایەتی‌ كورد زۆركات هێزەكانی‌ ئێوە تۆمەتبار دەكات بەرفاندن‌و ئەنجامدانی‌ توندتیژی‌ بەرانبەر خەڵكی‌ ناوچە جێناكۆكەكان، بۆچوونی‌ ئێوە چییە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: هەموو سەركردایەتی‌ كوردی‌ ئەو بۆچوونەی‌ نییە، هەرچەندە گوێ‌ لەبۆچوونە جیاوازەكان دەگرین‌و بەرێزەوە قبوڵی‌ دەكەین، من ئەمەن بەلاوە سەیرە، هەندێ‌ لەو هێزە كوردیانە بۆچی‌ بوونی‌ ئێمە بەمەترسی‌ دەزانن كە لەخوێن‌و گۆشتی‌ یەكن، بەڵام هاتنی‌ هێز توركیا بەئاسایی‌ دەزانن‌و پێشوازی‌ لێدەكەن؟

نیقاش: سەبارەت بەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ قەزای‌ حەویجە، عەرەبە سوونەكان رەزامەند نین حەشدی‌ شەعبی‌ بەشداری‌ بكات، ئێوە چی‌ دەڵێن؟

عەلی‌ حوسێنی‌: لەلیوای‌ 16 حەشدی‌ شەعبی‌ خەڵكی‌ حەویجەو ناحیەكانی‌ دەروبەری‌ تێدایە، تێناگەم بۆ ئامادەنین حەشدی‌ شەعبی‌ بەشداری‌ ئەو ئۆپەراسیۆنە بكات لەكاتێكدا ئێمە ئامادەكاریمان كردووە بۆ ئەوەی‌ لەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ حەویجە بەشداری‌ بكەین، رۆژانە دانیشوانی‌ حەویجە كە ئاوارە دەبن لەلایەن هێزەكانی‌ ئێمەوە پێشوازیان لێدەكرێت، دواتر دەبێت پەلە بكەین لەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ حەویجە، چونكە ئەوەندەی‌ ئێمە زانیاریمان هەیە ژیانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ داعش زۆر سەخت بووەو تەنانەت بەهۆی‌ كەمخۆراكی‌و پێداویستی‌ تەندروستی‌ رووبەرووی‌ مەرگ بوونەتەوە.

نیقاش: لەرووی‌ سەربازییەوە كۆنترۆڵكردنەوە قەزای‌ حەویجە سەخت نابێت؟

عەلی‌ حوسێنی‌: بەوتەی‌ فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ رێكخراوی‌ بەدر شەڕی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ قەزای‌ حەویجە چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت، چونكە داعش توانای‌ بەرگری‌‌و هێرشبردنی‌ نەماوە شەڕی‌ ئەوان تەنیا بۆتە چاندنی‌ بۆمبی‌ چێنراو.

نیقاش: فەرماندەیەكی‌ پێشمەرگە دەڵێت ئەگەر حەشدی‌ شەعبی‌ بەشداری‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ قەزای‌ حەویجە بكات فرۆكەی‌ هاوپەیمانان بەشداری‌ ناكەن، ئەوە تا چەند راستە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: بەراشكاوی‌ پێت دەڵێم، لەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ موسڵ كە حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگەو فرۆكە جەنگیەكانی‌ عێراق بەشداریان كردووە ئامانجی‌ زیاتر پێكاوە لەو شەڕەی‌ فرۆكەی‌ هاوپەیمانان بەشداریان كردووە، ئینجا لەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر هێزی‌ هاوپەیمانان هەمان بۆچوونیان هەبوو، بەڵام دواتر هەر خۆیان بەشداریان كرد.

نیقاش: لەدوای‌ سەرهەڵدانی‌ داعشەوە، دووجار بەریەكەوتن لەنێوان پێشمەرگەو حەشدی‌ شەعبی‌ روویدا، گەرەنتی‌ چییە بۆ ئەوەی‌ ئەو رووبەرووبوونەوانە دروست نەبنەوە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: من نامەوێت بچمەوە ئەو كاتەی‌ شەڕو پێكدادان لەنێوان ئێمەو پێشمەرگە دروست بووە، چونكە ئێستا گرنگە كە تێگەیشتن لەنێوان بەرپرسانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌و هێزی‌ پێشمەرگە هەیە كە ئەركی‌ سەرەتاو كۆتایمان ببێتە بەرەنگاربونەوەی‌ تیرۆرو پاراستنی‌ خورماتوو، ئەمەش وایكردووە لەئێستا پەیوەندییەكی‌ زۆر بەهێز لەنێوان ئێمە‌و ئیدارەی‌ خورماتوو هەبێت‌و جارێكی‌ تر گرژی‌‌و پێكدادان لەنێوان حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگەدا رووناداتەوە.

نیقاش: هەندێ‌ لایەن دەڵێن هێزە شیعەكان بۆ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك ئەگەر بكرێ‌ خەڵكی‌ ئێرانی‌ دەهێنن لەكەركوك دەنگ بدات، ئەوە تاچەند راستە؟

عەلی‌ حوسێنی‌: من لەئێرانەوە هاتووم، بەڵام ناسنامەم عێراقیە، بەڵام هەندێ‌ كەس دەیانەوێ‌ ئێمە هەر بەئێرانی‌ بناسێنن، حاڵی‌ ئێمە وەك كوردێك وایە كە لەئەڵمانیا مافی‌ پەنابەری‌ وەربگرێت، بەڵام لەكەركوك دەتوانێت دەنگ بدات، چونكە خەڵكی‌ كەركوكەو دۆخێكی‌ تایبەت وایكردووە لەئەڵمانیا بژی.