ئەجێندای دژبەیەك
سوننەی عێراق بە سێ كۆنگرەی ناكۆك ریزەكانیان یەكدەخەن

عیراق

14/07/2017‌ 1281 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند هەفتەیەك ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی فراوان لەبەغدا كرا بۆ یەكخستنی حزبە سوننیەكان، هەر كە وادەی بڕیارلێدراویشی نزیك بووەوە چەند سیاسیەك بەستنی دوو كۆنگرەی دیكەیان راگەیاند.

هەر كە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان وتووێژەكانی لەگەڵ سیاسییە عێراقییەكان تەواوكرد بەمەبەستی رێكخستنی كۆنگرەیەكی بەرفراوان لەبەغدای پایتەخت بۆ یەكخستنی هێزە سیاسییەكانی سوننە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا كە ئامانجی راگەیەندراوی هێنانەئارای مەرجەعیەتێكی سیاسی یەكگرتووی سوننەیە بۆ رێبەرایەتی پارێزگا سوننەنشینەكان لەقۆناغی دوای داعش، ئیتر ناڕەزایی هێزە سوننەكانی دیكە بەرزبووەوە‌و ئەوانیش رایانگەیاند كۆنگرەی تایبەت بەخۆیان دەبەستن.

تا ئەمڕۆ رێكخستنی سێ كۆنگرەی دژبەیەكی سوننە راگەیەندراوە كە گەورەترینیان سەلیم جبوری‌و ئەحمەد مەساری سەرۆكی فراكسیۆنی "یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان" لەپەرلەمان‌و پەرلەمانتار وەزاح سەدید سەرپەرشتی دەكەن، پێشدەچێت پێكهێنانی كوتلەیەكی سیاسی نوێ بەناوی "هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییە عێراقییەكان" رابگەیەنن.

خالید مەفرەجی پەرلەمانتاری سوننە لەئەنجومەنی نوێنەران بە"نیقاش"ی وت "كۆنگرەكە لەوانەی پێش خۆی جیاواز دەبێت لەبەرئەوەی پشتیوانی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هەیە‌و ئامانجی گفتوگۆیەكی جددیە سەبارەت بەقەیرانەكانی كۆمەڵگەی سوننە لەوانەش یەكخستنی هێزە ناكۆكەكانی سوننە‌و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانەی بەهۆی شەڕی دژ بە توندڕەوان وێران بوون".

دەبووایە چەند كەسایەتییەكی سیاسی سوننە ئامادەی كۆنگرەكەی بەغدا ببوونایە كە لەسەردەمی حوكمی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە بەتۆمەتی جیاجیا داواكراون لەوانەش رافع عیساوی وەزیری پێشووی دارایی كە بڕیاری دەركردنی لەحكومەتی پێشوو لەلایەن مالیكیەوە پزیسكێك بوو گڕی بەردایە ناڕەزاییەكانی سوننە لە ئەنبار‌و پارێزگا سوننەنشینەكان لەسەرەتای ساڵی 2012دا‌و مالكیش بەزەبری هێزی سەربازی بڵاوەی پێكردن‌و بووە هۆی سەرهەڵدانی فەوزایەك كە كارئاسانی بۆ هاتنی داعش بۆ عێراق كرد.

كەسایەتیەكی تریش پیاوی كاری سوننە خەمیس خەنجەرە كە بەوە ناسراوە پشتیوانی پرۆژەی هەرێمی سوننە لەسەر شێوەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایی سیاسییەكانی شیعە لەدژی بەشداری ئەو كەسایەتیانە لەكۆنگرەكە‌و نەبوونی دڵنیاكردنەوەی تەواو سەبارەت بەدەستگیرنەكردنیان، حكومەتی ناچاركرد راگەیەندراوێك دەربكات‌و تێیدا دووپاتی كردەوە كە دەستوەرناداتە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری سەبارەت بەكەسایەتییە سوننەكان.

نەبوونی دڵنیاكردنەوە، كەسایەتیە ناڕازییە سوننەكانی ناچاركرد لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی تر لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان رێكبكەون كە هاوكات بێت لەگەڵ كۆنگرەكەی بەغدا، ئەمەش ئاماژەیەكی نەرێنیە‌و رەنگە كاریگەری لەسەر ئەنجامی كۆنگرەكە هەبێت كە لەبنچینەدا ئامانجی یەكخستنی هێزە سوننەكانە.

بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی سوننە چەند رۆژیك لەمەوبەر هەمووانیان تووشی شۆك كرد‌و رایانگەیاند بەشداری لەهەردوو كۆنگرەكەی بەغدا‌و هەولێر ناكەن‌و بڕیاریان دا كۆنگرەیەكی جیا لەبەغدا رێكبخەن كە ئەویش رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو واتە دوو رۆژ بەر لەكۆنگرەكەی جبوری دەبەسترێت.

پەرلەمانتار مشعان جبوری نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك  نووسیویەتی "لەپێناو دەوڵەتی هاوڵاتیبووندا نەك دەوڵەتی پێكهاتەكان، ئەو دروشمەیە كە زیاتر لە 20 پەرلەمانتاری یەكێتی هێزە عێراقییەكان لەسەری رێككەوتن‌و ئێستا كۆتاییان بەكۆبوونەوەیەك هێنا لەماڵی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان بۆ رێكخستنی كۆنگرەیەك كە رۆژی 13ی تەمموز لەبەغدا دەبەسترێت".

مەشهەدانی كە سیاسیەكی سوننەیە بەدیپلۆماسیەتەكەی‌و رۆڵی لەناوبژیوانی نهێنیدا ناسراوە‌و خاوەنی بیرۆكەی بەستنی كۆنگرەیەكی تایبەتە، لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاند كە چەندین وەزیر‌و پەرلەمانتاری ئێستا‌و پێشو‌و كەسایەتی سیاسی‌و عەشایری لەو پارێزگایانەی لەداعش رزگاریان بووە، ئامادەی كۆنگرەكە دەبن.

مەحمود مەشهەدانی‌و مشعان جبوری بەوە ناسراون كە نزیكن لەحزبە شیعەكان، بۆ نموومە یەزن-ی كوڕی مشعان جبوری سەركردەیە لەحەشدی عەشایری لەسەڵاحەدین‌و هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە شیعەكانی نزیك لەئێران بەستووە كە لەتكریت‌و شارۆچكەكانی دیكەی پارێزگاكەدا بڵاوبوونەتەوە.

هەرچی حزبی "وەتەنیە"شە بەسەركردایەتی كەسایەتی عەلمانی شیعە ئەیاد عەلاوی كە زۆربەی ئەندامەكانی لەسوننەن، ئەوا بایكۆتكردنی سەرجەم كۆنگرەكانی راگەیاند‌و بەبێ سوود لەقەڵەمی دان.

وادیارە قەیرانەكەی كەندا‌و لەنێوان سعودیە‌و هاوپەیمانەكانی لەدژی قەتەر لەكاتێكی خراپدا روویداوە‌و كاریگەری لەسەر هێزە سوننە عێراقییە دابەشبووەكان لەنێو خۆیاندا داناوە، وەك زانراویشە كوتلە سوننیەكان لەلایەن چەند دەوڵەتێكی سوننەوە پشتیوانیان لێدەكرێت كە ئێستا لەناكۆكییەكی قوڵدان.

ئەو هاوپەیمانیەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان رێبەرایەتی دەكات لەدەوڵەتی قەتەرەوە نزیكە، ئەمەش پەیوەندی باشی نێوان جبوری‌و حزبە شیعەكان رووندەكاتەوە كە رەنگدانەوەی ئاشكرای پەیوەندی نێوان قەتەر‌و ئێرانە، لەبەرئەوەش بوو حزبە شیعەكان بەرهەڵستی بەستنی كۆنگرەكەی جبوریان لەبەغدا نەكرد.

بەڵام ئەو هاوپەیمانیەی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و سەركردەی هاوپەیمانی "موتەحیدون لیلئیسڵاح" رێبەرایەتی دەكات لەگەڵ پیاوی كاری سوننە خەمیس خەنجەر بەنزیك لەسعودیە‌و ئیمارات دادەنرێت، لەبەر ئەوە حزبە شیعەكان بەشداریكردنی ئەو كەسایەتیانەیان لەكۆنگرەكەی بەغدا رەتكردەوە بۆیە ناچارن كۆنگرەكەیان لەهەولێر ببەستن.

سیاسیەكی پایەبەرزی سوننە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بە "نیقاش"ی وت "قەیرانەكەی كەنداو لەكاتێكی خراپدا هات لەگەڵ هەوڵەكانی یەكخستنی هێزە سوننیەكانی عێراق بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئاڵنگاریەكانی ئایندە، ململانێی سعودیە‌و ئیمارات لەلایەك‌و قەتەر لەلایەكی ترەوە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی سوننە لەعێراق".

حزبی ئیسلامی عێراق بەسەركردایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و هاوپەیمانی "موتەحیدون" بەسەركردایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و بەرەی "دیالۆگی نیشتمانی" بەسەركردایەتی ساڵح موتڵەگ‌و بزووتنەوەی "حەل" بەسەركردایەتی جەمال كەربولی‌و حزبی "وەتەنیە" بە سەركردایەتی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار، نوێنەرانی سەرەكی سوننەن لەپرۆسەی سیاسیدا.

حزبی ئیسلامی لەململانێدایە لەدژی "موتەحیدون" لەسەر هەژموونی سیاسی لەموسڵ، حزبی "وەتەنیە"ش لەگەڵ بزووتنەوەی "حەل" ململانێ دەكات لەدژی "حزبی ئیسلامی" لەسەر ئەنبار، هاوكات بەرەی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" لەدژی حزبی "وەتەنیە"ن لەسەڵاحەدین.

بەردەوامی دابەشبوونی سوننە لەقۆناغی دوای داعش ئاماژەیەكی مەترسیدارە، چونكە شارەكانی ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و موسڵ كە هێندە نابێت لەوێرانكارییەكی گەورە‌و دەربەدەربوونی ملیۆنان كەس لەدانیشتووانەكەیان هاتوونەتە دەرەوە، پێویستیان بەیەكگرتوویی بڕیاری سوننەیە بۆ پەلەكردن لەئاوەدانكردنەوە‌و تێپەڕاندنی هەڵەكانی رابردوو، هەروەك یەكڕیزی هێزە سوننەكان بەسوودیش دەبێت بۆ حزبە شیعەكان ئەگەر بیانەوێت سەقامگیریەكی گشتگیر لەوڵاتدا بهێننەدی.