هەموو رۆژێك كەسێك دەكوژرێ‌، یان خۆی‌ دەكوژێ‌
خەریكە رووداوەكانی‌ كوشتن لەهەرێم بەلای‌ خەڵكییەوە ئاسایی‌ دەبنەوە

کوردستان

20/07/2017‌ 3483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
رۆژ نییە لەهەرێمی‌ كوردستان هەواڵی‌ كوشتن یان خۆكوشتنی‌ كەسێك بڵاونەكرێتەوە، حاڵەتەكان ئەوەندە زۆربوون بەلای‌ خەڵكییەوە خەریكە ئاسایی‌ دەبنەوەو تەنیا دەبنە ژمارە.

بەپێی‌ ئامارێك، كە دەست "نیقاش" كەوتووە، تەنیا لەماوەی‌ دوانزە مانگدا (377) حاڵەتی‌ كوشتن یا خۆكوشتن لەپارێزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا تۆماركراون، كەواتە بۆ هەر رۆژێك زیاتر لەحاڵەتێك دەكات.

ئەو ئامارە لەلایەن دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە تۆماركراوەو هەموو ئەو رووداوانەی‌ گرتووەتەوە كە لەماوەی‌ 1ی‌ حوزەیرانی‌ 2016 هەتا 30ی‌ حوزەیرانی‌ 2017 لەناوچە جیاجیاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان روویانداوە.

جاران ئەگەر میدیا كوردییەكان باسی‌ هەواڵێكی‌ كوشتن، یان خۆكوشتنیان بكردایە، بۆ ماوەی‌ چەند رۆژێك دەبوونە باسی‌ سەرزاری‌ خەڵكی‌‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان دەتەنی‌، كەچی‌ ئێستا هەواڵی‌ كوشتن بەشێوازی‌ سەیر سەیر ئەوەندە زۆربووە خەریكە بۆ خەڵكی‌ ئاسایی‌ دەبنەوەو زۆرجار دوای‌ هەواڵێكی‌ كوشتن دەبینرێ‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوە "هیچ نییە بەهۆی‌ كێشەی‌ كۆمەڵایەتییەوە بووە".

هەر لەبەر ئەم مەترسییەیە ساڵێكە دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ دەستی‌ بەتۆماركردنی‌ ئامارەكە كردووە‌و وەك محەمەد سابر گۆمەشینی وتەبێژی‌ دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ بۆ "نیقاش" وتی:‌ "ئامانجمان لەو ئامارانە خستنەڕووی‌ ژمارەی‌ رووداوەكانە، ئەوەی‌ ئێمە تێبینیمان كردووە، مانگ بەمانگ روو لەزیادبوونە، حاڵەتەكانی‌ كوشتن بەبەراورد بەدوو ساڵی رابردوو لەگەشەسەندندان‌و مەترسی تەواوی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروستكردووە".

محەمەد سابر دەشڵێت "ئەو رێژانەی‌ لەماوەی‌ شەش مانگی‌ رابردوو تۆماركراون، بەتایبەتی‌ دوو مانگی‌ رابردوو رێژەیەكی زۆر مەترسیدارەو ئاماژە بەبەرزوبونەوەی رێژەكانی تاوانكاری دەدەن لەهەرێمی كوردستان".

هەر بەڕاستیش ئەم ماوەیە رووداوی‌ سەیر روودەدەن، بۆ نموونە شەوی‌ 23ی‌ حوزەیران لەگەڕەكی‌ بەختیاری‌ شاری‌ سلێمانی‌ ژن‌و پیاوێك لەناو ماڵەكەی‌ خۆیاندا بەچەقۆ كوژرابوو، پۆلیسش وتی‌ بەهۆكاری‌ كۆمەڵایەتی‌ بووە، ئەمەش چەندەمین رووداوی‌ ماوەی‌ كەمی‌ رابردوو بوو كە لەمیدیاكاندا بڵاوبوونەوەو لەلای‌ خەڵكیش نەبوونە مایەی‌ باس‌و خواس.

وتەبێژی‌ دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ لێكدانەوەی‌ خۆی‌ بۆ زیادبوونی‌ حاڵەتەكان هەیەو دەڵێت "ئەوەی‌ ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كردووە، زۆربەی‌ حاڵەتەكانی‌ كوشتن‌و خۆكوشت، پەیوەندیان بەقەیرانی‌ داراییەوە هەیە، یان پەیوەندی‌ بەكێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەیە، كە لەرابردوو هەبوون‌و ئێستا سەرهەڵدەدەنەوە".

ئەوەش ناشارێتەوە، كە شەڕی‌ داعش یەكێكی‌ دیكەیە لەهۆكارەكان بەو پێیەی‌ دیاردەی‌ چەك هەڵگرتن زیادی‌ كردووەو دەڵێت "ماڵ نییە چەكێك، یان زیاتری‌ تێدا نەبێت".

شارەزایانی‌ بواری‌ ئەمنی‌ ئەم گریمانەیە پشت راست دەكەنەوەو باس لەوە دەكەن شەڕی‌ داعش وایكردووە كڕین‌و فرۆشتن بەچەكەوە ئاسان ببێت، ئەمە جگە لەوەی‌ لەدوای‌ حوزەیرانی‌ 2014ەوە بەشێكی‌ زۆری‌ چەكەكانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كەوتووەتە دەست كەسانی‌ مەدەنی‌.

سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ لەو بارەوە بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئێستا دیاردەی‌ چەك هەڵگرتن رووی‌ لەزیادبوون كردووە، كە بەدڵنیایی ئەوەش پەیوەندی‌ بەشەڕی‌ داعشەوە هەیە".

سەركەوت ئەحمەد دەشڵێت "لەبازاڕەكان كڕین‌و فرۆشتن بەچەكەوە ئاسانبووە، ئەوەش بەبیانووی‌ شەڕی‌ داعش، كە بەشێكی‌ زۆر لەو كەسانەی‌ سەر بەهێزە ئەمنییە فەرمییەكان نین، وەك خۆبەخشی‌ شەڕی‌ داعش خۆیان دەناسێنن‌و هیچ یاسایەك نییە بۆ رێگرییان".

لەگەڵ سەرهەڵدانی‌ شەڕی‌ داعش بەهەزاران كەس ناویان وەك خۆبەخش تۆماركرد بۆ ئەوەی‌ لەپاڵ هێزی‌ پێشمەرگە بەرگری‌ بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی‌ یاسایەك نییە رێكیان بخات، بۆیە هەركەسێك دەتوانێ‌ وەك خۆبەخش خۆی‌ بناسێنێ‌.

لەبارەی‌ ئەوەی‌ هێزە ئەمنییەكان چ هەنگاوێكیاناوە بۆ ئەوەی‌ رێگری‌ لەدیاردەی‌ چەكداری‌ بكەن، وتەبێژەكەی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ جەختیكردەوە، كە ئەوان لەهەوڵەكانیان بەردەوامن، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ رێژەكە لەرادەبەدەرە ناتوانن كۆنتڕۆڵی‌ بكەن.

ئەم حاڵەتە تەنیا لەسلێمانی‌ نییەو وەك بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ هەولێر ئاماژەی‌ پێدەكات لەسەرجەم ناوچەكانی‌ هەرێم هەڵگرتنی‌ چەك بووەتە دیاردەو كۆنتڕۆڵكردنی‌ بەئەستەم دەزانێت.

عەبدولخاڵق تەڵعەت بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ هەولێر بە"نیقاش"ی‌ وت "هێزە ئەمنییەكان رۆژ نییە رێگری‌ لەچەند حاڵەتێكی‌ هەڵگرتنی‌ چەك نەكەن، بەڵام بەهۆی‌ زۆری‌ رێژەی‌ چەكداری‌‌و بیانووی‌ شەڕی‌ داعش‌و خۆبەخشی‌ بۆ ئەو شەڕە كۆنتڕۆڵكردنی‌ قورسە".

دواین حاڵەی‌ كوشتن لەهەرێمی‌ كوردستان ئەوە بوو كە پاش نوێژی هەینی رۆژی‌ 7ی‌ تەمموز لەگەڕەكی هەنارۆكی شاری قەڵادزێ (١٣٤ كیلۆمەتر خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌) روویدا كاتێك مامۆستایەكی‌ ئاینی بەناوی‌ حازم سدیق عەلی بەفیشەك كوژرا، ئەمەشیان دیسانەوە خرایە پاڵ "كێشەی‌ كۆمەڵایەتی‌".

ئەو مامۆستا ئاینییە سەر بەكۆمەڵی‌ ئیسلامییەو بەرپرسانی‌ ئەو حیزبەش بە "كردەیەكی‌ تیرۆرستی‌ دەزانن"، سۆران عومەر، كە لەسەر پشكی‌ ئەو حیزبە پەرلەمانتارەو سەرۆكی‌ لیژنەی‌ مافی‌ مرۆڤیشە جەخت دەكاتەوە "ئەم كوشتنە كردەوەیەكی تیرۆریستییەو هیچ پاساوێكی نییە نە سیاسی نە كۆمەڵایەتی".

سۆران عومەر، دەشڵێت "بەم كوشتنەو كوشتنەكانی‌ تریش مەترسییەكی گەورە ڕوو لەهەمووان دەكات، كە هەركەس بەپاساوی كێشەیەك كەسێك تیرۆربكات‌و ئەم كارەشی بۆ بچێتە سەر".

چەند مانگێكە زیاتر لەجاران ناوی‌ قەزای‌ چەمچەماڵ (خوارووی‌ سلێمانی‌) چووەتە ناو ناوان، بەو پێیەی‌ رێژەیەكی‌ زۆری‌ حاڵەتی‌ كوشتن‌و خۆكوشتن‌و رفاندن تیایدا روویداوە، تەنانەت كێشەكە ئەوەندە گەورە بووە كە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ چەند كۆبوونەوەیەكی‌ فەرمی‌ بۆ تەرخانكردو بێ‌ چارەسەر لێی‌ هاتە دەر.

دانا جەزا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەمڕووەوە بە"نیقاش"ی‌ وت: "لەچەمچەماڵ بەشێوەیەك حاڵەتەكان زۆر بووە، هێزە ئەمنییەكان نەیاندەتوانی‌ دۆخەكە چارەسەربكەن‌و كۆنتڕۆڵیان پێنەدەكرا، كە بەشێكی‌ پەیوەندی‌ بەكێشە سیاسییەكان هەبوو".

دانا جەزا دەشڵێت "قەیرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ هۆكاری‌ زیادبوونی‌ ئەو حاڵەتانەن، ئەمە جگە لەوەی‌ بەئاشكرا كڕین‌و فرۆشتن بەچەكەوە دەكرێت".

هەروەها دەڵێت "ئاسایش‌و پۆلیس بەگشتی‌ كەمتەرخەمیان هەیە،  بەشێكی‌ كەمتەرخەمییەكان پەیوەندی‌ بەنەبوونی‌ توانای‌ ‌لۆجستییەوە هەیە، بەڵام ئەوەش پاساو نییە".

ئەو توانا لۆجستییەی‌ ئەندامەكەی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ باسی‌ دەكات پەیوەستە بەوەی‌ دەزگا ئەمنییەكانی‌ ناوخۆ بەشێكی‌ گرنگی‌ تواناكانیان بۆ بەرەكانی‌ شەڕ نەردووەو كەمتر بەشارەكان رادەگەن، هەردوو بەرپرسەكەی‌ پۆلیسی‌ هەولێرو سلێمانیش ئەوە رەتناكەنەوە.

هەموو ئەوانەی‌ لەم راپۆرتەی‌ "نیقاش"دا لێدوانیان داوە، ترسیان لەوە هەیە رووداوەكان لەم شێوە نائاساییەی‌ ئێستا زیاتر تێبپەڕێت‌و بگاتە بارێك ئەوەندەی‌ تر لەكۆنترۆڵ دەربچێت.