لەموسڵەوە بۆ ویلایەتی‌ جەبەل
داعش لەچیای حەمرین جێ پێی خۆی‌ قایم دەكات

کوردستان

27/07/2017‌ 2861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەئازادبوونی‌ موسڵ داعش پایتەختەكەی‌ لەعێراقدا لەدەستدا، بەڵام پێدەچێت لەمەودوا چیای‌ حەمرین ببێتە پایتەختی‌ دووەمی‌ جموجۆڵەكانی‌ ئەو گروپە.

زانیارییە هەواڵگرییەكانی‌ پێشمەرگە باس لەوە دەكەن لەچەند هەفتەی‌ رابردوودا بەشێوەیەكی‌ چڕوپڕ هەست بەجموجۆڵی‌ چەكدارانی‌ داعش كراوە لەچیای‌ حەمرین‌و وا مەزەندە دەكرێت بەشی‌ زۆری‌ سەركردەكانی‌ ئەو گروپە بۆ دۆڵ‌و بەرزاییە سەختەكانی‌ ئەو ناوچەیە كشابێتنەوە.

زنجیرە چیای حەمرین لەرووی جوگرافیی‌و سەربازییەوە بەناوچەیەكی سەخت‌و دژوار دادەنرێت‌و لەناوچە سنوورییەكانی وڵاتی ئێرانەوە بەپارێزگاكانی دیالەو كەركوك‌و سەڵاحەدیندا درێژ دەبێتەوە تا نزیك سنووری سوریا.

هەرچەندە لەدوای‌ حوزەیرانی‌ 2014 تەواوی‌ حەوزی‌ حەمرین كەوتە دەست داعش، بەڵام لەهەڵمەتە پێچەوانەكانی‌ سوپای‌ عێراق‌و پێشمەرگەدا بەشی‌ زۆری‌ ناوچەكە كۆنترۆڵكرایەوەو نیمچە سەقامگیرییەكی‌ بەخۆوە بینی‌، كەچی‌ چەند هەفتەیەكە دووبارە جموجۆڵی‌ زۆری‌ چەكدارانی‌ داعشی‌ بەخۆوە بینیووەو بووەتە مەترسی‌ یەكەمی‌ دەزگا ئەمنی‌‌و هەواڵگرییەكان.

وەستا رەسوڵ، فەرماندەی‌ میحوەری باشوری كەركوكی هێزی پێشمەرگە، بە"نیقاش"ی وت "لەپاش هێرشەكانی سوپای عێراق بۆ سەر موسڵ‌و شكستی داعش لەو شارە، چەكدارانی داعش بەشێوەی‌ تاك تاك‌و مەفرەزە دەگەڕێنەوە ناوچەی‌ حەمرین‌و قەزای حەویجە كەئێستا بەدەست داعشەوەیە".

وەستا رەسوڵ دەشڵێت "داعش بەنیازە لەو ناوچەیە خۆیان قایم بكەن‌و چیتر شەڕی بەرەیی لەگەڵ سوپاو پێشمەرگە ناكەن، بەڵكو بەشێوەی‌ پارتیزانی هێرش‌و پەلامار ئەنجام دەدەن".

بەپێی زانیاریی فەرماندەكانی پێشمەرگە، تادێت ژمارەی‌ چەكدارانی داعش لەناوچەكە روو لەزیادبوون دەكات‌و وەك وەستا رەسوڵ دەڵێت "ماوەیەك لەمەوبەر داعش ویلایەتی جەبەلی راگەیاندووە، وەك ئاماژەیەك بۆ جەبەل حەمرین".

فەرماندەكەی‌ پێشمەرگە هۆكاری هەڵبژاردنی چیای حەمرین لەلایەن داعشەوە، گەڕاندەوە بۆ سەختی‌ ناوچەكەو گرێدانەوەی‌ بەسوریا كە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئاسانی هاتوچۆی چەكدارەكان لەنێوان عێراق‌و سوریادا.

بۆ هێزە ئەمنی‌‌و هەواڵگرییەكانی‌ عێراق‌و كوردستان، زنجیرە چیای‌ حەمرین ناوو ناوبانگێكی‌ باشی‌ نییە، چونكە دەمێ‌ ساڵە ئەو ناوچەیە چەقی‌ جموجۆڵی‌ گروپە توندڕەوەكان بووەو پێیان وایە "گەرای‌ تیرۆر" لەوەێوە چەكەرە دەكات.

لەدوای‌ ساڵی‌ 2003وە زۆربەی‌ گروپە چەكدارە نەیارەكانی‌ دەسەڵاتی‌ نوێی‌ عێراق لەو ناوچەیە مۆڵگەیان هەبووەو چالاكییان نواندووە، پێش داعش هەریەكە لەگروپە چەكدارەكانی (ئەلقاعیدە، ئەنسار سوننە، سوپای نەقشبەندی، جەیش موجاهدین‌و حزبی عەودە) لەناوچەكە بوونیان هەبووە‌و لەوێوە پەلاماری‌ كەركوك‌و داقوق‌و دوزخورماتوو جەلەولا‌و سەعدیە‌و قەرتەپە یان داوە.

دوو هەفتەی‌ رابردوودا، چەندجارێك ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەمیحوەری دوزخورماتوو، لەپاش ئەو هێرشانەوە لەئێستادا پێشمەرگە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان‌و قایمكردنی سەنگەرەكانیان لەمیحوەری دوزخورماتوو خەندەق لێدەدەن.

عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی‌ میحوەری پێشمەرگە لەدوزخورماتوو، بۆ "نیقاش" ئاماژەی‌ بەوەدا، كە داعش پاش لەدەستدانی‌ شارە گەورەكان دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی‌ پارتیزانی‌‌و وتی‌ "چیتر ناتوانن هیچ جێگایەك بگرن‌و كۆنتڕۆڵی بكەن، بەڵكو تەنیا پەلامار دەدەن‌و دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

بەپێی‌ قسەی‌ عەبدوڵا بۆر شەوانە داعش شەڕی‌ دەروونی‌ لەگەڵ پێشمەرگە دەكەن‌و بەنزیك سەنگەرەكانی‌ ئەواندا دێن‌و دەچن‌و رۆژانەش دەگەڕێنەوە بۆ حەشارگەكانیان لەحەمرین.

بوونی ئەو چەكدارانە لە حەمرین تەنیا مەترسییان بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و سەنگەرەكانی پێشمەرگە نابێت، بەڵكو هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش‌و سەقامگیری شارو شارۆچكە عێراقییەكانیش، ئەوەتا وەستا رەسوڵ فەرماندەی پێشمەرگە لەكەركوك نەیشاردەوە كە بوونی ئەو چەكدارانە لە حەمرین كۆتاییان نایەت‌و مەترسیان بۆ سەر هەرێم‌و عێراق بەردەوامی دەبێت.

هەر لەبارەی‌ ئەو مەترسییانەوە لەسەرەتای مانگی حوزەیران، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی‌ پاراستن‌و زانیاری‌ لەئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، سەردانی بەغدای كردو بەجیا لەگەڵ هەریەكە لەوەزیری بەرگریی عێراق‌و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی كۆبووەوە، كە بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی‌ لاهور تاڵەبانی لەكۆبوونەوەكاندا تاوتوێی بوونی مۆڵگەكانی داعش لەدیالەو زنجیرەچیای حەمرین كردووە كەدەبنە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە‌و چۆنێتی رووبەڕووبونەوەیان.

لاهور شێخ جەنگی‌ كۆتایی‌ هەفتەی‌ رابردوو بەئاژانسی‌ رۆیتەرزی‌ راگەیاند كە داعش حەمرین دەكەنە مۆڵگەی‌ خۆیان وتی‌ "لەو باوەڕەدام كە رۆژانێكی‌ سەختتر بەڕێوەیە".

لەحەوزی حەمرین دەریاچەی‌ حەمرین هەیە كە باشوورو رۆژئاوای دەریاچەكە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبیدایە، باكورو رۆژهەڵاتی دەریاچەكەش لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، هێزە ئەمنییەكان وا مەزەندە دەكەن داعش ئەو دەریاچەیە بۆ جموجۆڵەكانی‌ بەكار بهێنێت.

رائید رێبین تەها بەرپرسی‌ ئۆپەراسیۆنەكانی‌ پێشمەرگە لەمیحوەری‌ نەقشبەندی‌ – تبج لەنزیك جەلەولاو سەعدییەی‌ پارێزگای‌ دیالە بۆشاییە ئەمنییەكەی‌ خستە ئەستۆی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و حەشدی‌ شەعبی‌.

رائید رێبین بە"نیقاش"ی‌ وت "لەناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی سوپاو حەشدەوە دزە دەكەنە حەمرین‌و پەلاماری سەنگەرەكانی‌ پێشمەرگە دەدەن، یاخود بۆمبێك دادەنێن‌و دەگەڕێنەوە".

دەشڵێت "ئەوەی‌ گرنگە داعش هیچ بارەگا‌و مۆڵگەیەكیان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا نییە، ئێمە ناوچەكەی‌ خۆمان تەواو قاییم كردووە".

بۆ هێزە ئەمنییەكانی‌ عێراق‌و هەرێمی‌ كوردستان ئێستا مەترسی‌ چیای‌ حەمرین لەمەترسی‌ حەویجەش گەورەترە، چونكە ئەوان لەوە دەترسن داعش لەوێوە دزە بكاتە ناو شارەكانەوەو لەرێی‌ تەقینەوەوە گورز بوەشێنێت، بەتایبەتی‌ كە ئەزموونێكی‌ تاڵی‌ رابردوویان لەو بارەیەوە هەیە.