شانازی چوونە ناو لیستی دەرهێنەرەكان پێشكەش بەسەربەخۆیی كوردستان دەكات

کوردستان

02/08/2017‌ 596 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"بەهمەن قوبادی" شانازی چوونە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشكەش بە پرۆسەی ریفڕاندۆم لە هەرێمی كوردستان كرد.

سینەماكاری ناوداری كورد "بەهمەن قوبادی" لە نمایشی یەكێك لە بەرهەمەكانی لە فەڕەنسا شانازی چوونە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشكەش بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: ئەم فەخرە كە وەكوو رۆڵەیەكی كورد بە من بەخشراوە كە بە یەكێك لە 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی هەڵبژێردراوم، پێشكەش بە نەتەوەیی مەزڵووم، رەنجكێشاو و خەباتكاری هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەمڕۆكە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفڕاندۆم هەنگاو دەنێن و بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن و ئەوە پێشكەش بەو جووڵە گرینگە دەكەم.

هەروەها گوتیشی: حەزم دەكرد خۆزگە لە ناو لیستی 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی لە پێش ناوەكەم بنووسرایە "بەهمەن قوبادی" لە كوردستان و منیش بە ناوی وڵاتێك وەكوو كوردستان ئەو شانازییەم بەدەست بهێنایە، ئاواتم ئەوەیە كە بە زووترین كات ئەوە ڕووبدات و بە ناوی كوردستانەوە فیلمەكانمان لە ئۆسكار بەشداریی بكات، نەوەكوو وڵاتێكی وەكوو توركیا، یا عێراق، یا ئێران و یا سووریا. 

قوبادی لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: ئەوە مافی نەتەوەكەمە و هەر بەم بۆنەیەشەوە ئەو شانازییەی 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشكەش بە نەتەوەیی زوڵم لێكراو، رەنجكێشاو، پاك، ئەنفالكراو و لێقەماوی هەرێمی كوردستان دەكەم. ئەو شانازییە هی من نییە و لەڕاستیدا هی ئەوانە كە ئێستاكە سەرقاڵی خەباتێكی گرینگن و بە زوویی داوای سەربەخۆیی دەكەن كە مافی سەتاسەدی ئەم میللەتەیە.        

هـ ـ ح