شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی عەرەبی ئاشكرایانكرد، ئەحمەد ئەبوغەیز سكرتێری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەنامەیەكی تایبەتدا بۆ مەسعود بارزانی ڕاگەیاندووە "پێداچوونەوە بكات سەبارەت بەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم".
ئەحمەد ئەبوغەیز باسی لەوە كردووە ئەو ڕیفراندۆمە نامەیەكی "نەرێنی" دەبێت بۆ دانیشتوانی عێراقو دەبێتە هۆی پارچەبوونو زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەكە، "ئەمەو جگە لەهەستیاربوونی كاتەكەی، جوڵانەوەی لەو جۆرەو بەبێ كۆدەنگی لایەنەكانی ترو نەبوونی ڕەزامەندی حكومەتی بەغدا، پێدەچێت بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكاتو بۆچوونی توندوتیژتری لێبكەوێتەوە، كە خزمەت بەداهاتووی كوردەكانیش ناكات".
هەر لەنامەكەدا تیشك خراوەتە سەر هەڵوێستی كۆمكاری عەرەبی سەبارەت بەجیابوونەوەو مافی كورد، كە رایگەیاندووە مافی كورد ناتوانرێت بە تەواوی دەستەبەر بێت تەنیا لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی عێراقی فیدڕاڵی دیموكراتیدا نەبێت.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی مەبەستی نامەكە نووسیوییەتی، كە ناوبراو مەبەستی سووربوونە لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی عێراقیو ئاگاداركردنەوەیە لەبارودۆخێك، كە لەكۆتاییدا مەترسی هەبێت بۆ سەر داهاتووی كوردەكان خۆیشیان، "ئەمە جگە لەو زیانەی كە بە دەوڵەتێكی عێڕاقی یەكگرتووی دەگەیەنێتو پێدەچێت بەهۆیەوە بانگەشەی لەو جۆرە بكرێت لەدەوڵەتانی دیكەی عەرەبی".
رۆژنامەكە ئەوەشی نووسیوە، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەو نامەیەی سكرتێری كۆمكاری عەرەبی سەرەتایەك بێت بۆ ڕێكەوتنێكی گشتیو بوارنەدرێت بەدابەشبوونو پارچەبوونی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو ئەوەش بەشێكە لەكاردانەوەكان.
هــ ـ ح