بۆ شاری بەعقوبە هەڵاتوون
چەكدارە كروییەكانی جەلەولا لەنێوخۆیاندا دەبێت بەشەڕیان

عیراق

05/08/2017‌ 897 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەكدارە كروییەكانی جەلەولا، كە لەئێستادا بۆ شاری بەعقوبەی نێوەندی پارێزگای دیالە هەڵاتوون، لەنێوخۆیاندا بووە بەشەڕیان‌و 5 كەسیان لەیەكتری كوشتووە، تەرمی یەكێك لەكوژراوەكانیش موقەدەمی پۆلیسە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لەجەلەولا، بەدەنگی ئەمەریكای رایگەیاند "كروییەكان لەنێو پرسەیەكدا لەناوچەی خان بەنی سەعدی دیالە بووە بەشەڕیان، سەرەتا موقەدەمێكی پۆلیس 4 كروی كوشتووەو دواتریش موقەدەمەكەی پۆلیس كوژراوەتەوە."

سەرچاوەكە راشیگەیاند "تەرمی موقەدەمەكەی پۆلیس لە جەلەولا نێژراوە، بەڵام تەرمی 4 كەسەكەی تر لەپزیشكی دادوەری دیالەیە."

چەكدارە كروییەكان لەئێستادا جەلەولایان جێهێشتووەو نیشتەجێی ناوچە جیاجیاكانی دیالەن، بەو پێیەی تۆمەتبارن بەپشتیوانیكردنی داعش‌و دەستهەبوون لەخوێنی دەیان پێشمەرگەدا، كە لەئێستادا هەوڵی گەڕانەوە بۆ جەلەولا دەدەن‌و هەرێمیش ڕازی نییە.

عەقید جمهور رۆستەم، فەرماندەی پێشمەرگە لەجەلەولا، لەو بارەوە رایگەیاند "چەكدارە كروییەكان كێشە لەنێویاندا دروستبووە، بەشێكیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ جەلەولاو بێنە پاڵی كورد، بەشەكەی تریشیان دەیانەوێت لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بمێننەوە."

چەكدارە كروییەكان هەتا پێش هاتنی داعش ئەمنییەتی ناحییەی جەلەولایان لەژێر كۆنترۆڵدابوو، بەو پێیەی هێزیان لەپۆلیس‌و فریاكەوتن‌و سوپادا هەبوو، بەڵام دوای شەڕكردن لەدژی كورد ناحییەكەیان جێهێشت.

هـ ـ ح