دەستدرێژییەكان زیادبوون
پزیشكانی‌ عێراق.. وڵات چۆڵكردن یا بەنهێنی‌ كاركردن

عیراق

05/08/2017‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەرۆژانی رابردوودا كۆمەڵێك پزیشك دەستدرێژی جۆرا‌وجۆریان كرایەسەر‌و دەیانیان ناچاربوون واز لەكارەكەیان بهێنن، هەندێكی تریشیان وڵاتیان جێ‌هێشت‌و تێداشیاندایە بەنهێنی‌ كارەكەی‌ دەكات.

هەفتەی رابردوو سەلیم عەبدولزەهرەی پزیشك لەئەنجامی برینداركردنی بەچەقۆ لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە كە هەڵیانكوتابووە سەر عیادە تایبەتەكەی لەناوچەی مەعامیلی بەغدا، گیانی لەدەستدا، هەروەها هەردوو پزیشك محەمەد عەلی زایەر كە لەنەخۆشخانەی حەكیم لەمەدینە سەدر كاردەكات‌و سەعد عەبدولحوڕ لەعیادە تایبەتەكەی لەبەغداد جەدیدە، رفێندران، پزیشكی ددانیش شەزا فالح لەبنكەیەكی تەندروستی لەناوچەی وەشاش كوژرا، هەموو ئەم رووداوانەش لەماوەی یەك هەفتەدا لەبەغدا روویاندا.

وەزارەتی ناوخۆ لێكۆڵینەوەی لەرووداوەكان دەستپێكرد‌و دەستگیركردنی هەشت باندی تێوەگلاوی لەرفاندن‌و كوشتنی پزیشكان لەبەغدا راگەیاند، بەڵام عێراقییەكان كە چەند رۆژێكە بەو رووداوانەوە سەرقاڵن، رایەكی تریان هەبوو، ئەوان دەڵێن پیلانێك هەیە بۆ بەئامانجگرتنی خاوەن توانا زانستیەكان، لەوەش زیاتر پزیشكان دەستیان بەبەجێهێشتنی نەخۆشخانەكان‌و عیادە تایبەتەكانیان كردووە‌و پلان بۆ بەجێهێشتنی وڵات دادەنێن.

لەناوچەی حارسیە، كە یەكێكە لەگەڕەكە خۆشەكانی بەغدا‌و بەزۆری عیادە پزیشكییەكان ناسراوە، چەند چەكدارێكی نەناسراو هەڵیانكوتایە سەر عیادەی پزیشكی نەشتەرگەری سامر عەتار‌و لێیاندا تا لەهۆش خۆی چوو، كاتێكیش سكرتێرەكەی بۆ داوای یارمەتی بەپەلە چووە خاڵێكی پشكنینی نزیك لەعیادەكە، چەكدارەكان هەڵاتبوون.

سامری پزیشك لەترسی ژیانی خۆی بڕیاریدا پۆلیس ئاگادارنەكاتەوە‌و بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیدا بەداخستنی عیادەكەی بەشێوەیەكی هێمن‌و خێزانەكەشی بردە هەرێمی كوردستان‌و ئێستا بیر لەوە دەكاتەوە وڵات بەجێبهێڵێت، ئەو لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "نیقاش" وتی "لەعێراقدا كەس پزیشكان ناپارێزێت‌و گرووپی چەكداریش هەن دەمانكەنە ئامانج، یاسا عەشایریەكان‌و دەزگا ئەمنییەكانیش توانایان نییە بمانپارێزن".

لە 25ی مانگی رابردووشدا پزیشكان لەبەغدا‌و زۆربەی پارێزگاكان مانگرتنێكی گشتیان لەنێو نەخۆشخانەكاندا رێكخست بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر هەڵكشانی دیاردەی بەئامانجگرتنی پزیشكان لەوڵات‌و چەند دروشمێكیان بەرزكردبووەوە كە داوایان لەوەزارەتی تەندروستی‌و حكومەت دەكرد بیانپارێزن، هەروەك هۆشداریشاندا لەوەی ژمارەی كادرانی پزیشكی بەهۆی ئەو دەستدرێژیانەوە روو لەكەمبوونەوەیە.

جاسب ئەلحجامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەری كەرخی بەغدا بە"نیقاش"ی وت "ئەو تاوانانەی بەم دواییانە پزیشكان دەكەنە ئامانج، زیان بەوڵاتەكەمان دەگەیەنن‌و ئامانجیان بەتاڵكردنی عێراقە لەپزیشكان‌و خاوەنی توانا زانستییەكان لەپسپۆرییە دەگمەنەكان كە ئەوانەش سامانێكن بەئاسانی قەرەبوو ناكرێنەوە".

ئەلحجامی دووپاتی كردەوە "زۆرێك لەو خاوەن توانایانە لەساڵانی رابردوودا بەهۆی كاری كوشتن‌و رفاندنەوە كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، پێویستە هەوڵ بدرێت سامان‌و عەقڵە زانستییەكانی وڵات بپارێزرێن".

دیاردەی بەئامانجگرتنی پزیشكان ئەو بیرەوەرییە بەئازارانە بەبیر عێراقییەكان دەهێنێتەوە كاتێك لەدوای 2003 كردەوەكانی كوشتنی خاوەن توانا زانستیەكان لەپزیشكان‌و ئەندازیاران‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و گەورە ئەفسەرانی پێشووی سوپای عێراق بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە رووی لەهەڵكشان كرد كە ئێستاش هەمووان لەباسكردنی دەترسن.

ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماریش لەراگەیەندراوێكی رەسمیدا رایگەیاند "ئەوەی روویداوە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی دیاردەی تیرۆركردنی پزیشكان‌و كادرە زانستیەكان، ئەم كردەوە تاوانكارییە چۆنایەتیانە پەیامێكی گرنگ دەگەیەنن كە دەڵێت قۆناغی دوای داعش ئارام نابێت‌و بگرە خوێناویتر دەبێت بەمەبەستی بەتاڵكردنی وڵات لەهەموو ئەو توانایانەی دەتوانن رێبەرایەتی قۆناغی بنیاتنان‌و ئاوەدانكردنەوە بكەن".

چەكدارانی نەناسراو‌و مافیاكانی دزی كە كاری كوشتن‌و رفاندن‌و پارەكێشانەوە دەكەن، تەنیا كێشەی پزیشكان نین، بەڵكو یاسا عەشایریەكانیش لەهەموو شوێنێك بەدوایانەوەن، چونكە ئەو پزیشكەی شكستبهێنێت لەچارەسەركردنی نەخۆشێكدا رەنگە باجەكەی لەڕێی یاسای "فەسڵیە" بدات كە مانای ئەوەیە دەبێت پارەیەكی زۆر بداتە خێزانی نەخۆشەكە‌و بڕی پارەكەش عەشیرەتەكان دیاری دەكەن.

سەرمەد عەبدولئەمیر پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی دڵ قوربانی یاسا عەشایریەكان بوو، شەش مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەرییەكی مەترسیداری دڵی بۆ پیاوێكی بەتەمەن ئەنجامدا‌و سەركەوتوو نەبوو، عەشیرەتی كۆچكردووەكە بەزەبری هێز عیادەكەیان داخست‌و دەستەواژەیەكیان لەسەر نووسیبوو دەڵێت "بەعەشایری داواكراوە" واتە بەدەستەواژە میللییەكەی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان تووشی كوشتن یا ئازاردان دەبێت، یاحود دەبێت خوێنبایی بدات.

سەرمەد بە"نیقاش"ی وت "توانیان بگەنە ماڵەكەم‌و هەڕەشە لەخێزانەكەم بكەن، دوای ئەوە ناچاربووم پارەی خوێنباییەكە بدەمە خێزانی كۆچكردووەكە كە بڕی 100 هەزار دۆلاربوو هەرچەندە راپۆرتە پزیشكییەكانی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد كە رێژەی سەركەوتنی زۆر سنووردارە خێزانەكەشی رازیبوون دەرئەنجامەكەی بگرنەئەستۆ، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكەش خۆیان لەوە دزیەوە".

هەروەها سەرمەد بڕیاریدا وڵات بەرەو ئوردن بەجێبهێڵێت، بەڵام هێشتا بەنهێنی لەعێراق پیشەكەی دەكات، ئەو دەشڵێت "لەگەڵ یەكێك لەنەخۆشخانەكانی بەغدا رێككەوتووم سەرە بۆ نەخۆش بگرن بەو مەرجەی مانگانە یەك هەفتە بەشێوەیەكی نهێنی سەردانی نەخۆشخانە بكەم‌و تێیدا نەخۆشەكان لەنەخۆشە ناسراوەكان‌و خزمەكانیان چارەسەر بكەم، دوای ئەوەش بۆ ماوەی سێ هەفتە بگەڕێمەوە بۆ ئوردن".

كۆچی كادرە پزیشكییەكان بۆ دەرەوەی وڵات قەیرانێكی راستەقینەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە كە ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە دەستیانكردووە بەشوێنپێ هەڵگرتنی پزیشكەكانیان یاخود پزیشكانی دەوڵەتانی دراوسێ، لەم رووەشەوە لوبنان‌و ئوردن‌و ئێران‌و هیندستان بەوڵاتانی پەسەند لەلای عێراقییەكان دادەنرێن بۆ چارەسەركردن، كە ئەوەش بارگرانیەكی دارایی گەورەی خستووەتە سەرشانی عێراقییەكان.

دەیان نووسینگە لەبەغدا‌و پارێزگاكاندا بڵاوبوونەتەوە كە تایبەتن بەهاوئاهەنگیكردن لەنێوان نەخۆشە عێراقییەكان‌و نەخۆشخانەكانی هیندستان لەڕێی دابینكردنی ڤیزە‌و راوێژی پزیشكی‌و وەرگێڕ لەكاتی گەیشتنی نەخۆشەكان بەو وڵاتە، هەندێك لەو نووسینگانەش مۆڵەتیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە پێدراوە، بەڵام زۆربەیان بێ مۆڵەتن، نووسنگەكانیش پەنا بۆ دروستكردنی پەیج لەفەیسبووك دەبەن بۆ راكێشانی نەخۆش، بەڵام دواتر كە نەخۆشەكان دەگەنە هیندستان دەبینن خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان خراپن.

تێبینی: ناوی پزیشكەكان لەسەر داوای خۆیان‌و لەبەر هۆكاری ئەمنی گۆڕدراون