حاكم شێخ لەتیف رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكەی "بەرەی نەخێر"ەوە هەبێت

کوردستان

08/08/2017‌ 992 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەتیف مستەفا شێخ ئەمین رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكەی بەهەڵمەت‌و "بەرەی نەخێر"ەوە بۆ ریفراندۆمی هەرێم هەبێت.

لەتیف مستەفا شێخ ئەمین، كە كەسایەتییەكی دیاری سیاسی هەرێمی كوردستانەو پێشتر ئەنجامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، لەڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت: "سایتی كوردستان 24 لەهەواڵێكی درۆو چەواشەدا بڵاویكردووەتەوە، كە شاسوار عەبدولواحید بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنێت‌و باسی ئەوەشی كردووە، چەند كەسایەتییەك پشتگیری ئەو بەرەیە دەكەن".

حاكم شێخ لەتیف هەروەها دەڵێت: سایتەكە "فاڵی گرتووەتەوەو ناوی منیشی وەك یەكێك لەو كەسایەتیانە هێناوە وتووشییەتی لەبەرئەوەی ناوبراو تا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو بەردەوام بانگەشەی بۆ عێراقچییەتی‌و هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان لەكۆت‌و بەندی عێراقدا كردووە".

ناوبراو لەوەڵامدا حەختیكردووەتەوە، كە لەهیچ بەرەیەكدا نییەو راشیگەیاندووە "سەرەڕای ئەوە بڕوای تەواوم هەیە دەبێت هەردوو بەرەی بەڵێ‌و نەخێر ئازادی تەواویان لەچوارچێوەی ململانێی دیموكراتی پێبدرێت‌و كەمپەینی خۆیان بكەن‌و كەس تەخوینی كەس نەكات".

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڕیارە بەرەیەك بۆ "نەخێر بۆ ریفراندۆمی هەرێم لەئێستادا" رابگەیەنرێت، كە بڕیارە پرۆسەكە لە 25/9/2017 بەرێوەبچێت، ئەوەش وەك ئەوەی هەندێك لایەنی هەرێم بڕیاریان لێداوە.
 
لەتیف مستەفا شێخ ئەمین ئەوەش دەڵێت: "بەشانازییەوە دەیڵیم، كە ئەندام پەرلەمان بووم بەشاهیدی پەرلەمانتارانی هەموو كوتلەكان بەتەنیا هێندەی هەموو كوتلەكەی پارتی‌و زیاتریش بەرگریم لەكوردستان‌و بەرژەوەندیەكانی كوردستان كردووە نەك هی پارتی‌و بنەماڵە مەحزەرو پرۆتۆكۆڵ‌و ئەندام پەرلەمانەكانیش ماون".

سەبارەت بە"عێراقچی بوون" ئەوەی نووسیوە "من ئەوە بەسوكایەتی‌و ناوزڕاندن دەزانم‌و بەمافی خۆشمی دەزانم سكاڵا لەسەر ئەو سایتەو بەڕیوەبەرانی بكەم ئەگەر بەڕەسمی داوای لیبوردن نەكەن‌و دەڵێم ئەوە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی بوون لەڕێگای هاندانی خەڵك بۆ دەنگدان بۆ دەستووری عێراق لەڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٥ كۆتێكی زنجیری ئەستووریان خستە ملی خەڵكی كوردستان‌و بەعێراقیانەوە بەستەوە ئەوە ئێمە بووین ئەوكات دەمانوت ئەوە هەڵەیەكی میژووییەو لەداهاتوودا لیمان نابێتەوە، بەڵام ئەوا بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی گۆییان لەكەس نەگرت".

هـ ـ ح