پشت بەیەكێتی دەبەستێت
ئێران بە "توندی" فشار دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم

کوردستان

09/08/2017‌ 3142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شێنێ یاسین 
لەئێستادا وڵاتی ئێران‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەململانێدان، ئەوەش لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی راپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان، كە هەردوولایان لەهەوڵی هەڕەشەی ژێربەژێرن لەیەكتر، كە ئەمەش كاردانەوەی مەترسی دەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەكە ئەگەر بەدی بێت.

پێگەی مۆنیتەر لەراپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی ئێران چ لەسەردەمی شا، چ لەسەردەمی كۆماری پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كوردەكانی باشووری كوردستان هەبووە، بەڵام بەپێی قسەی نازم دەباغ نوینەری حكومەتی هەریمی كوردستان لەئێران "بارودۆخەكە لە تێستادا شلۆقە".

نازم دەباغ، كە لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی لەتاران لەسەر پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كۆبوونەوەیان كردووە ئاشكرایكردووە "ئێرانییەكان دەڵێن، ئێمە لەبەر پارێزگاری ئاسایشی  هەرێمیی وڵاتانی دەورووبەری عێراق هەموو كارێك دەكەین بۆ پاراستنی ناوچەكە.

دەباغ، كە شارەزاییەكی باشی هەیە  لەسیاسەتی ئێران، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كاریكردووە وەك نوینەری كورد لەتاران بۆ ماوەی 4 ساڵی ڕابردوو راشیگەیاندووە "لەو بڕوایەدام ئەنجامدانی ئەم ڕێفراندۆمە بەبێ ڕەزامەندی بەغداو وڵاتە هاوسێكانی، بێ گوومان، كێشە دروستدەكات"، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

سەرچاوەیەكی تر، كە ئاشنایە بەناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی یەكێتی لەتاران بە "مۆنیتەر"ی ڕاگەیاندووە "ئێرانییەكان زۆر توڕە بوون سەبارەت بەراپرسییەكەو بیری كوردەكانیان هێناوەتەوە، كە بەو كارە پەیوەندییەكانیان تێكدەچێت".

هەروەها ئەوەشیان بیرهینانەوە، كە چۆن ئێران یارمەتی كوردیدا لەبارودۆخە سەختەكان لەساڵانی 1975ەوەو لەم ساڵانەی كۆتاییدا، یەكەم دەوڵەت بوو، كە یارمەتی‌و پاڵپشتی خۆی پیشاندا دژی داعش لەئابی 2014، كاتێك لەهەولێر نزیكبوونەوە.
 
بەقسەی سەرچاوەكە، بەرپرسە ئێرانییەكان بە بەرپرسانی یەكێتیشیان ووە، كە ئەگەر ئێوە "واز لەپرسی  ڕیفراندۆم بێهێنن، ەوا ئێمە هەموو شتێكت بۆ دەكەین لەناو عێراقدا دەكەین‌و یارمەتیشتان دەدەین ماددەی 140، كە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و كەركوكە جێبەجێبكرێت، ئەوەش بەفشارخستنە سەر حكومەتی عێراق".

هەروەها بەرپرسە ئێرانییەكان ئاماژەی بەوەش كردووە، بەپێچەوانەوە "ئەگەر ڕیفراندۆمەكە ئەنجامبدەن ئەوا ئێمە هەموو كارێك دەكەین بۆ وەستاندنی – كاری وادەكەین، كە ئێوە هەرگیز بەخەیاڵتاندا نەیە"، كە وەك هۆشدارییەك ئەوەشیان بەشاندەكەی یەكێتی وتووە.

شاندی یەكێتی مانگی رابردوو سەردانی ئێرانیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن‌و كاردانەوەی ئێران‌و چەند وڵاتێكی تری بەدواوە هاتووە.

عەلی شەمخانی، كە سكرتێری  ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەهەمان ڕۆژی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ شاندەكەی یەكێتی هۆشداریداوە، بەوەی ئەم راپرسییە سەربەخۆیی هەرێم "تەنیا پیلانێكە لەگەڵ چەند وڵاتێكدا بۆچاندنی پارچەبوونی عێراق".

عەلی شەمخانی راشیگەیاندووە "راپرسی هەرێم جیادەكاتەوەو زیاتر فشار دەخاتە سەر كوردەكانی تری سەر پارچەكانی تری كوردستان‌و پشێوی دروستدەكات".

لەهەمان ڕۆژدا لیوا محەمەد باقری  سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند "راپرسی هەرێم پرسێكی قبووڵ نەكراوە لەلایەن هاوسێكانی عێراقەوە، كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك پارچەكردنی عێراق قبووڵناكەن‌و دژی دەوەستنەوە".

هاوكات شاندەكەی یەكێتی لەبەرانبەر كاردانەوەكانی ئێران رایانگەیاندووە، كە هەموو لایەنەكان بەكۆمەڵ‌و ڕازیبوون، لەگەڵ ئەوەش ئەو پەیامە بەڵایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەگەیەنین".

پێگەكەی باسی لەو ئەگەر كردووە، كە ئێران پشت بەیەكێتی دەبەستێت، كە چەندین ساڵە پەیوەندی بەهێزی درێژخایەن لەنیوانیاندایە بۆ ئەوەی لایەنەكانی هەرێم رازی بكات بۆ پاشگەزبوونەوە لەریفراندۆمی سەربەخۆیی.

هـ ـ ح