بچووك حوكمی گەورە دەكات
حەكیم ئەندامانی‌ ئەنجوومەنی‌ زیقار دەچنێتەوە

عیراق

10/08/2017‌ 2140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
حیزبە سیاسییەكان لەپارێزگای زیقار بەهەمان جلوبەرگەوە دابەشدەبن‌و كۆدەبنەوە، دوایین هەنگاوی لەو جۆرەش ئەوەبوو هەموو ئەندامانی فراكسیۆنی مواتن لەئەنجومەنی پارێزگا چونە پاڵ عەممار حەكیم.

رەوتی نوێی حیكمەت، كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی‌ دەكات، پارێزگاری لەهەموو پۆستەكانی خۆی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا كردووە دوای ئەوەی هەر حەوت ئەندامەكەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا لەلیستی‌ مواتین‌و بەرپرسانی‌ دیكەی‌ ئەو لیستە چوونە نێو رەوتەكەوە، یەكێك لەو كەسانەش عادل دەخیلی-ە كە لەوبارەیەوە وتی "سەرهەڵدانی رەوتی حیكمەت دەرئەنجامی لێكەوتەكانی قۆناغەكە‌و پێداویستییەكانی بوو كە ئەوەش وای دەخواست نەوەیەكی سیاسی نوێ بێتەكایەوە باوەڕی بە وەرچەرخانە خێراكان‌و كاركردن بۆ گۆڕینی ئاڵنگارییەكان بۆ هەلی سەركەوتن هەبێت لەڕێی پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی روونەوە".

ئەو پاساو دەهێنێتەوە بۆ چوونی بۆ نێو رەوتی حیكمەت كە عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند‌و دەڵێت: "ئیدارەی ئەنجومەنی باڵای پێشوو سست بوو لە كارەكانیدا ئەویش بەهۆی هەرەمی سەركردایەتی‌و شێوازی بەڕێوەبردنەوە، رەوتی حیكمەتیش كارنامەیەكی دەبێت كە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەكات‌و هەموو پێداویستی‌و میكانیزمەكانی قۆناغی داهاتوو مسۆگەر دەكات".

ئەو گەشبینیەی دەخیلی پیشانیدا پێشتریش كەسانی دیكە لەوانەی لە حزبەكانیان جیاببوونەوە‌و چووبوونە نێو حزب یاخود كوتلەی نوێ لە پارێزگاكە پیشانیان دابوو، لە ساڵی 2013 یشەوە پارێزگای زیقار (400 كم لە باشوروی بەغدای پایتەخت) سەقامگیری سیاسی‌و ئیداری بەخۆوە نەبینیوە بەپێچەوانەی خولەكانی هەڵبژاردنی پێش خۆی.

پارێزگاكە لەدایكبوونی هاوپەیمانی سیاسی بەخۆوە بینیوە كە توانیویانە هاوسەنگی هێز بگۆڕن‌و ئیدارەی یەك لەدوای یەك پێكبهێنن كە نەیانتوانیوە ئەو سەقامگیری پێببەخشن بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی گرنگتری ئەو هاوپەیمانیانەش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا‌و هاوپەیمانی رۆڵەكانی زیقار‌و هاوپەیمانی ئایندەی زیقار بوون كە ئەمەی دواییان ئێستا رێبەرایەتی پارێزگاكە دەكات.

دیارترین هاوپەیمانییە سیاسییەكانی پێشووش لە ساڵی 2005 بوو لە یەكەم هەڵبژاردنی خۆجێیی لە نێوان ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی‌و حزب فەزیلە‌و بەدوای ئەویشدا لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2009 چەند حزبێك هاتن لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەڕێبەرایەتی حزبی دەعوە.

دوای ئەوەش قۆناغی ناسەقامگیری سیاسی‌و ئیداری هات لە پاش هەڵبژاردنی ساڵی 2013 هەرچەندە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەركردایەتی حزبی دەعوە كە خاوەنی یەك كورسی بوو، سەركەوتنێكی نوێی لەژێر ناوی هاوپەیمانی رۆڵەكانی زیقار بەدەستهێنا.

دكتۆر نەجم ئەلعزی مامۆستای زانستە سیاسییەكان وەسفی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسیە دەكات‌و دەڵێت: "شێوازێكە لە شێوازەكانی ململانێ لەسەر دەسەڵات لەدوای حاڵەتی شكستی سیاسی‌و وێرانكاری لە عێراق بەدرێژایی (14 ساڵ)ی رابردوو، هەموو ئەو جیابوونەوە حزبیانەش كە روودەدەن هێشتا لە رووكاری كێشەكەدان‌و دەستیان نەبردووە بۆ جەوهەری پرۆسەی گۆڕانكاری كە دەكرێت وڵات رزگار بكات".

هەروەها دەڵێت: "پێویستیمان بە هۆشیاریەكی كۆمەڵگەیی زیاتر هەیە درك بە قەبارەی كێشەكان بكات لەدوای شكستە گەورەكە‌و ببێتە هۆی كودەتایەكی ئاشتیانەی مەدەنی لە چوارچێوەی دەستووردا بۆ دروستكردنی پرۆسەی گۆڕانكاری‌و دووركەوتنەوە لە داخرانی ئاسۆی سیاسی كە رەنگە تەقینەوەیەكی لێبكەوێتەوە هەمووان تێیدا زەرەرمەند بن".

لە نموونەكانی ناهاوسەنگی سیاسیش لە پارێزگاكەدا لە دوایەمین خولی هەڵبژاردن ئەوەیە كە یەحیا ناسری پارێزگاری زیقار لە كوتلەی تەزامونی ئیسلامی كە لەگەڵ حزبی دەعوە چوونەتە یەك هاوپەیمانی، بەتەنیا سێ كورسیەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە ئەویش دوای ئیمزاكردنی سەودانامەیەكی سیاسی لەنێوان كوتلە سەركەوتووەكاندا، ئەمڕۆش ئەو كاری خۆی دەكات بەپشتیوانی دوو كورسی‌و دوو كورسی دیكەی حزبی دەعوەش بە هەردوو بەشەكەیەوە.

پارێزگار هێندەی نەمابوو پۆستەكەی لەدەست بچێت دوای ئەوەی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی پارێزگا لە سەرەتای ساڵی  2015لەسەركارلادرا ئەویش لە ئەنجامی دروستبوونی هاوپەیمانی نوێدا، بەڵام پاش ئەوەی تانەی لە بڕیاری لەسەركارلادانەكەی دا، بە بڕیارێكی دادگای كارگێڕی گەڕایەوە سەركار.

ناسری دەشڵێت: "ناسەقامگیری سیاسی‌و ململانێ بەردەوامەكان لە گەڵیشیدا قەیرانی دارایی‌و جەنگی دژ بە داعش بەربەستی سەرەكی بوون لەبەردەم ئەنجامدانی گۆڕانكاری خزمەتگوزاری‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی".

ناسری گەشبینە بە ئایندەی پارێزگاكە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی جەنگی دژ بەداعش‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە سەرەتای ساڵی 2018دا، بەڵام چەند ئەندامێكی سەربەخۆی دیكە لەوانەی حزبەكانیان بەجێهێشتوە‌و لە حزبێكەوە چوونەتە حزبێكی تر‌و تائێستاش جێگیر نەبوون، لەوانە عەلی غالبی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا كە پاساوی هاتووچۆكردنی لەنێو كوتلەكاندا بۆ "نیقاش" هێنایەوە‌و وتی: "حزبە سیاسیەكان لە پارێزگاكەدا سەرقاڵی دەستكەوت‌و بەشبەشكارین لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی".

عەلی عەبدولهادی توێژەری سیاسیش لەوبارەیەوە وتی: "رەوتی نوێی حیكمەت كە حەوت ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا شوێنی كەوتوون، لەچواچێوەی نوێبوونەوەی بیرۆكە‌و بۆچوون یاخود بەرنامەی خزمەتگوزاریدا نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ململانێ سیاسیەكانی نێو یەك حزبدا بوون لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خۆجێیی‌و پەرلەمان لەساڵی 2018دا".

وتیشی: "حزبە سیاسیەكان تائێستاش پشت بە بنكە عەشایریەكانیان نابەستن لە بەدەستهێنانی دەنگ‌و ئەم ململانێیەش لەچوارچێوەی ئەو ركابەریەدایە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنكە عەشایرییەكان كە لە ئایندەدا لەنێو خۆیاندا دابەشیان دەكەن بەگوێرەی پەیوەندی لەگەڵ سەركردەی حزبە كۆن‌و نوێیەكان".

ئەنجومەنی پارێزگای زیقار باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە كە رەوتی ئەحراری سەر بە باڵی موقتەدا سەدر لەڕێی شەش ئەندامەوە رێبەرایەتی دەكات كە كۆنترۆڵی میكانیزمی پرۆژەبڕیارەكانی كردووە‌و تائێستاش لەڕێی هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ چەند حزبێكی دیكەدا بەتوندی دەستی بەو پۆستەوە گرتووە، بەڵام ئەو پرۆژانە تا ئەمڕۆش گەشەیان نەكردووە‌و هێشتا شارەكە لە ئاستێكی نزمدای خزمەتگوزاریدایە سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە شارە بەرهەمهێنەكانی نەوت كە بەرهەمەكەی بە 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە دەكرێت.

نەخشەی ئەنجومەنەكە لە 31 ئەندام پێكدێت كە كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای زیقارن لە حزب‌و رەوتە جیاجیاكان‌و بەم شێوەیە دابەشبوون: 6 ئەندامی كوتلەی ئەحراری سەر بەڕەوتی سەدر‌و 7 ئەندامی رەوتی نوێی حیكمەت كە هەموویان ئەندامی ئەنجومەنی باڵا بوون كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا‌و 4 ئەندامی حزبی فەزیلە‌و 3 ئەندامی كوتلەی بەدر‌و 2 ئەندامیش بۆ هەریەك لە رەوتی چاكسازی‌و تەزامون. هاوكات هەریەك لە حزبی دەعوەی خاوەنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن‌و سادیقون‌و حزبوڵڵای عێراق‌و دەعوەی رێكخستنی عێراق‌و رەوتی مەدەنی یەك كورسیان هەیە‌و دوو ئەندامیش هەن لە خانەی سەربەخۆكاندا دادەنرێن دوای ئەوەی حزبەكانی خۆیان بەجێهێشت.