داوای تەبایی لایەنەكان دەكات
بەرهەم ساڵح "هاوسۆزی" لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە

کوردستان

11/08/2017‌ 1897 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: بەرهەم ئەحمەد ساڵح "پشتیوانی ریفراندۆم‌و مافی چارەی خۆنووسینی میللەتەكەیەتی‌و هاوسۆزی لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە بۆ ریفراندۆم".

سلێمان عەبدولڵا یونس ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ باس لە پرسی ریفراندۆم لە 25 ی ئەیلوولی داهاتوو لەهەرێمی كوردستان‌و گرنگی یەكدەنگی لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە، كاردانەوە ناوخۆیی‌و جیهانییەكان‌و هەڵوێستی وڵاتانی جیهان، هەروەها هەڵوێستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەسەر پرسی ریفراندۆم‌و جووڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم دەكات.

سڵێمان عەبدوڵڵا یونس لەئێستادا بەكەسێكی نزیك لەبەرهەم ئەحمەد ساڵح دادەنرێت‌و لەزۆربەی دانیشتن‌و كۆبوونەوەكانی ئەو بەشدارە، ئەو سەبارەت ب هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لە بارەی پرسی ریفراندۆم و كاردانەوەكانەوە دوا و هەڵوێستی ئەوی روونكردەوە، كە لەم ماوەیەدا هیچ لێدوان و قسەیەكی رەسمی لەسەر ئەو پرسە نەكردووە.

ناوبراو وتی "بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەگەڵ كۆدەنگی و رێككەوتنی هێزەكانە، لەگەڵ ئەوەیە هیچ رۆژێك موقەدەس نییە‌و هیچ رۆژێكیش بێزراو نییە، هیچ كات درەنگ نییە و هیچ كات زوو نییە، ئەو دەڵێت هەر ئەمڕۆ پەرلەمان كارا بكەینەوەو یەكێتی نێوان هێزە سیاسییەكان دەستەبەر بكەین، گۆڕان و پارتی بگەنە قۆناغێكی تازە، بەهەموومان لە پەرلەمانی كوردستان كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر بكەین، دوای ئەوە بە وەفدێكی كوردستانی یەك‌و یەكگرتوو، كە لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بڕۆین لەبەغدا دانوستاندن بكەین هەڵوێستی بەرهەم ساڵح پێش ئەوەی پرسی ریفراندۆم بێتەگۆڕێت‌ ئاشكراكراوە، كاك بەرهەم پێش پرسی سەربەخۆیی لەسەر ریفراندۆم قسەی خۆی كردووە و وتاری هەبووە و هەڵوێستی لەو بارەیەوە روونە".

بەقسەی ئەو كادرەی یەكێتی، "ئەو پێیوایە ئەم بابەتە دابڕاو نییەو قەتیس نییە لە نێوان بەڵێ‌‌و نەخێردا، بەڵكو پێویستی بەیەكڕیزی‌و كۆمەڵێك پێداویستی ترە، ئەو لەگەڵ ئەوەیە بە زوویی بڕیاری یەكخستنەوەی حكومەت و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بدەین، كەرتە خزمەتگوزارییەكان بەگەڕ بخەینەوە، قۆناغی حكوومەتی شكستخواردوو تێپەڕێنین و پەیوەندی دیپلۆماسیمان لە ئاستی حزبیەوە بۆ ئاستی رەوای نیشتمانی بگوازینەوە".

هەر بەقسەی ناوبراو "بەرهەم ساڵج یەك لەوانەیە، كە داكۆكیكاری سەرسەختی سەربەخۆیی وڵاتەكەیەتی و مافی چارەی خۆنووسینییەتی، بەڵام لایەنگری حكومەتی هاووڵاتییان‌و شەفافییەت‌و كرانەوەو خزمەتگوزاری و حكومەتی مۆدێرنە، لایەنگری دادپەروەری و دیموكراسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتییە، لایەنگری ئەوەیە ئەو ململانێ‌ مێژووییەی هەمانە تێیان پەڕێنین، لایەنگری ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان ببێتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو هاووڵاتییان".

سلێمان عەبدوڵڵا هەروەها ئەوەش دەڵێت: "ئەو لەگەڵ ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی سەقامگیر بێت و نێوان خۆشی لەگەڵ بەغداو تاران و ئەنقەرە هەبێت، بەڵام بڕوای وایە كێشەكان لە تاران و ئەنقەرە و واشنتۆن چارەسەر نابێت، بەڵكو بە دیالۆگی راستەقینە و هاوسەنگ لەگەڵ عێراقییەكان لە بەغدا چارەسەر دەبێت".

سلێمان ئاماژەی بەوەش كردووە، بەرهەم ساڵج پێی وایە دەستەبەری ناوچە جێناكۆكەكان بكەین‌و ریفراندۆم بە بێ‌ ئەو ناوچانە بەهایەكی مێژوویی و جوگرافی نییە، هەروەها بڕوای وایە كە پێویست ناكات ئەم كارتە بسووتێنین كە كارتێكی بەهێزی میللی و نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە راست بەكار بێت لە كاتی راست و لە شوێنی راستدا.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەپشتیوانی بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەكەن لەجووڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، سلێمان عەبدوڵڵا هەر جۆرە پشتیوانییەكی لەو شێوەیەی بۆ هەر جووڵانەوەیەك دژ بە ریفراندۆم رەتكردەوەو وتی: "بە موتڵەقی ئێمە هاوسۆزییەكمان لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە، ئێمە دەڵێین بەڵێ‌ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەڵام دوای ئەو (بەڵێ‌)یە كۆمەڵێك بەڵاممان هەیە، ئەم بەڵامانە لەگەڵ نەخێرەكەدا یەك ناگرنەوە، بەڵامی خەڵكی دڵسۆز و پەرۆشی ئەم وڵاتەن، ئەم بەڵامانە لە سەرەنجامی تێگەیشتن لە فاكتە كوردستانیەكانەوە هاتوون لە فاكتە كۆمەڵایەتییەكان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان هاتوون و لە خۆڕا نەهاتوون، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان نادیدەی ئەم بەڵامانە نەگرێت و چارەسەری ئەم بەڵامانە بكەین بۆ ئەوەی هەموومان لەسەری كۆك بین".

هـ ـ ح

بەپەلە