ناڕەزاییەكان لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان فراوان دەبن

کوردستان

13/08/2017‌ 111899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:پەرێز سەردار
زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ڕازیبونی خۆیان پشانداوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، بەڵام ئێستا "دەنگی نەخێرو ناڕەزاییەكان لەسەر پرۆسەكە بەردەوامە".

پێگەی مۆنیتەر راپۆرتێكی لەو بارەوە بڵاویكردووەتەوە، كە لەگەڵ ئەوەی فشارێكی زۆر هەیە ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، بەتایبەتی فشارە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام لایەنەكان سوورن لەسەر ئەنجامدانی، لەگەڵ ئەوەش "نەخێرو ناڕەزاییە ناوخۆییەكان بەردەوامە، كە لێدانی كوشندە دەبن بۆ پرۆسەكە".

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم حەوتی حوزەیرانی رابردوو بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرێوەبەرن، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە، كە بەردەوامیشی هەیە

پێگەكە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چاوپێكەوتنی  لەگەڵ  ژمارەیەك  لەهاووڵاتییانی كورد لەباشووری كوردستان بەتایبەتی لەشاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی  تێروانینەكانیان لەسەر پرسەی ڕیفراندۆم لەداهاتوودا كردووە، كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ فەرمانبەرانی ئاسایش, مامۆستا, پێشمەرگە, شۆفێری تەكسی‌و هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوەو زۆرینەیان دەنگدان بەڕاپرسییەكە ڕەتدەكەنەوە. 

ئەوان بۆچوونیان وایە، كە "ئەمە فێڵێك بێت لەلایەن سەركردایەتی بۆ سەرقاڵكردنی سەرنجی هاووڵاتییان لەشكستەكانی بەڕێوبردنی حكومەت‌و ڕێكخستنی باری ئابووری  حكومەتی هەرێمی كوردستان".

شاهۆ محێدین، كە باوكی دوو منداڵەو فەرمانبەرە لەبەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەو بارەوە وتی: "بۆچی دەبێت من دەنگ بەبەڵێ بدەم لەڕاپرسی گشتیدا؟"، كە لەقسەكانی پرسیاری ئەوەی كردووە لەدوای 17 ساڵ كاركردن لەو بەڕێوبورایەتییە "چیم هەیە؟".

شاهۆ محێدین، وتیشی: "كارەباو ئاوم نییە, تەنانەت خانووییەكیشم نییە, من هیچم نییە تاكە شت، كە هەمبوو موچەكەم بوو، كە مانگانە  980 دۆلار بوو, بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەویش نەماوە".

دوو ساڵە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی بووەتەوە، بەهۆیەوە باری گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی خراپ بووە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانەكەوە موچەی فەرمانبەرانی كەمكردەوە، كە ئەمە ناڕەزایی زۆری بەدواوە هاتووە.

دەشتەوان، كە لەیەكێك لەفرۆشگاكانی تایبەت بەخواردن كاردەكات لەبارەی ریفراندۆمەوە وتی: "خەڵك تەنیا كاڵای گرنگ دەكڕن وەكو ئاردو برنج  لەبەر ئەوەی ئەوان نیگەرانن دەربارەی ڕۆژانی دوای ئەنجامدانی ڕاپرسییەكە".

دەشتەوان وتیشی: "مانگی تەمموزی ئەمساڵ خراپترین مانگ بوو بۆ بازرگانانی بازاڕەكە تەنانەت خراپتر لەكاتی شەڕی داعش، كە زۆربەی ئەو فرۆشیارانەی من دەیانناسم  لەبازاڕەكەدا زۆر نیگەرانن لەو بارودۆخە ئابوورییەو دڵنیام دەنگ بەنەخێر دەدەن لەراپرسییەكە".

لەدوای راگەیاندنی وادەی ریفراندۆم رۆژ بەرۆژ ناڕەزایی‌و دەنگی "نەخێر"ەكان لەسەری فراوانتر دەبێت، بەشێوەیەك هەفتەی رابردوو گروپێك لەشاری سلێمانی كەمپینێكیان لەژێر ناوی "نەخێر لەئێستادا بۆ ریفراندۆم" راگەیاند، كە ئەم كەمپینەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هات.

نەجات یەكێكی ترە لەهاووڵاتیییە ناڕازییەكانی شاری سلێمانی، كە لەچایخانەكەی باوكیدا كاردەكات وتی: "ئێمە لەساڵی 1953 ئەم كارە دەكەین، بەڵام تا ئێستا بەم ڕادەیە خراپ نەبووە، من  وا ڕاهاتووم لەڕۆژێكدا 400 چا بفرۆشم، بەڵام ئێستا تەنیا 120 چا دەفرۆشم".

نەجات وتیشی: "سەڕەڕای  ئەمانەش من ئامادەم دەنگ بە بەڵی بدەم, چونكە ئەم هەلە تەنیا یەك جارەو ئێمە دەبێت ئەم هەلە لەدەست نەدەین‌و ناڕەزاییەكان هەڵدەگرین بۆ كاتی خۆی".

لەهەرێمی كوردستان زۆرێك لەهاووڵاتییە مەدەنییەكان لەساڵی 2014وە پارە كۆكراوەكانیان خەرجدەكەن لەو كاتەوەی، كە بەغدا ڕەتیكردەوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان خەرجبكات لەبودجەی گشتی، ئەوەش بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر نەوت.

لەگەڵ نەبوونی ئاسایشی  كۆمەڵایەتیش، كە بەهۆی دۆخەكە دروستبووە، زۆرێك لەدانیشتوانەكان نیگەرانن دەربارەی كاریگەرییە نەرێنیەكانی  ڕاپرسی گشتی .

نەسار ماوەی 18 ساڵە  مامۆستایە لەیەكێك لە قوتابخانە سەرەتاییەكانی هەڵەبجەو دەڵێت: "من دەڕۆم بۆ دەنگدانەكان‌و دەنگ بەنەخێر دەدەم, كاتێك پێگەی مۆنیتەر پرسیاری كرد، كە ئایا ئەگەر حكومەت لەكاتی خۆیدا موچە بدات, نەسار ئامادەیە دەنگ بدات بە بەڵێ بدات؟ لەوەڵامدا نەسار وتی: "نەخێر, چونكە هیچ متمانەیەكم بەحكومەت نەماوە".

پێگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە لەژێر دەسەڵاتی بەڕیتانی‌و ڕژێمەكانی دیكە لەعێراق, خەڵكانی سلێمانی هەمیشە  یاخیگەر بوون ‌و پێشەنگبوون لەبزووتنەوەی سەربەخۆیی, بەڵام 25 ساڵی  دەسەڵاتی  كوردی  ئەوانی بەتین كردوە دژی ڕاپرسی گشتی  بۆ سەربەخۆیی.

عەبدولباست ئیسماعیل، ماوەی چوار ساڵە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە لەو بارەوە وتی: "كێشەی سەرەكی لەنێوان ڕای گشتی‌و لایەنە سیاسییەكانە, ئێمە شەڕمانكرد تا كوردەكان لەژێر دەستی  دەوڵەتی عێراقی ئازادبكەین, بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەكردبووەوە ئەم ناڕێكییە درووستبكەین".

ئیسماعیل دووپاتی كردەوەو وتیشی: "بەهەڵە لێم تێمەگە, من دڵخۆشم بەسەربەخۆیی، بەڵام نەك لەژێر دەستی ئەم دزانە, پەنجەی خۆم ببڕم باشترە لەوەی دەنگ بدەم بۆ سەربەخۆیی".

هــ ـ ح