جەختیان لەبەردەوامی هەماهەنگی سەربازی كردووەتەوە
شاندەكەی هەرێم لەگەڵ عەبادی تەنیا باسی شەڕی داعشیان كردووە

عیراق

15/08/2017‌ 2229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو شاندەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی سەردانی بەغدایان كردووە، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنیا باسی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعشیان كردووەو بۆ ئەوەش جەختیان لەهەماهەنگی سەربازی كردووەتەوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەئەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، "لەگەڵ شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، كە سەردانی بەغدایان كردووە".

حەیدەر عەبادی بڵاویشیكردەوە، لەكۆبوونەوەكەدا "هەردوولامان وەك نوێنەرایەتی حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختمان لەرووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش كردووەتەوە، ئەوەش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی عێراق لەدەست ئەو چەكدارانە".

ئەمە لەكاتێكدایە شاندەكە بەناوی هەرێمی كوردستان چووەتە بەغداو ئەجێندای سەردانەكەشیان بۆ باسكردنی پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، بەڵام بەپێی ئەو راگەیەنراوەی عەبادی بێت، بەهیچ شێوەیەك باسی راپرسی نەكراوە.

بەقسەی بەرپرسانی شاندەكەی هەرێمیش بێت، ئەوان زیاتر لە 50 مادەی دەستووری عێراقیان ئامادەكردووە، كە لەلایەن حكومەتی بەغداوە بەرانبەر حكومەتی هەرێم پێشێلكراوەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێدەكەن.

هـ ـ ح