مالیكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ شاندی هەرێم ئاشكرادەكان

عیراق

16/08/2017‌ 3492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوێس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات ئەنجامداوە.

نووسینگەی نوری مالیكی بڵاویشیكردەوە، كە لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا قسەیان لەسەر پرسە سیاسی‌و ئەمنییەكان كرد، كە هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی هەماهەنگییەكانی هەولێرو بەغدا كردەوە.

بەپێی نووسینگەكە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم دەبێت هەموو لایەك پابەندی دەستووری عێراق بن، بەشێوەیە پارێزگاری لەیەكپارچەیی وڵات بكات.

هەر بەپێی نووسینگەكە، كە نوری مالیكی جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە دەبێت گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەردەوامبن‌و رێگە چارەش بدۆزینەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

دوو رۆژە شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوێس لەشاری بەغدان، ئەوەش بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە مانگی نۆی داهاتوو بەرێوەبچێت.

هـ ـ ح