باقری: ئێران‌و توركیا بۆ دژایەتی ریفراندۆم هاوڕان

کوردستان

17/08/2017‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی‌و وڵاتی توركیا هاوڕان بۆ "دژایەتی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان".

محەمەد باقری لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، هاوڕایی ئێران‌و توركیا بەشێوەیەكە، هەردوولا "دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن لەهەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی".

سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران هەروەها رایگەیاند، هەردوولامان لەكۆبوونەوەكان جەختمان كردووەتەوە، كە دەبێت یەكپارچەیی خاكی عێراق پارێزراوبێت‌و رێگری لەهەر هەوڵێكی جیابوونەوە بكرێت.

قسەكانی باقری دوای ئەوە هات، كە چەند رۆژێكە ناوبراو لەوڵاتی توركیایەو لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێم كۆبووەوە.

هەروەها ئەوەی راگەیاندووە، كە ئەوان رووبەڕووی سەربەخۆیی كوردستان دەبنەوە، چونكە "ئێمان وایە راگەیاندنی سەربەخۆیی‌و تەنانەت ئەنجامدانی راپرسیش، دۆخی ناوچەكە ئاڵۆز دەكات".

هـ ـ ح