میدیای پارتی: ئێران نەیتوانی بۆ دژایەتی ڕیفراندۆم قەناعەت بەتوركیا بێنێت

کوردستان

17/08/2017‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، كە ئێران نەیتوانی قەناعەت بەتوركیا بهێنێت بە یەكەوە بۆ ڕای گشتی وڵاتەكەیانی ئاشكرابكەن، بەوەی دژایەتی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی هەرێمی كوردستان ئەركی هەردوو لایە.
 
میدیای فەرمی پارتی، بۆ هەواڵەكەی پشتی بەمیدیاكانی توركیا بەستووەو بڵاویشیكردەوە، كە دوای 37 ساڵ بۆ یەكەمجار سوپاسالاری توركیا بەداوەتێكی فەرمی (محەممەد حوسێن باقری) سوپاسالاری ئێرانی بانگهێشتی توركیا كردو دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ (هاكان فیدان) راوێژكاری دەزگای میتی توركیا، (سولێمان سۆیلوو) وەزیری ناوخۆی توركیا، (باقری) نەیتوانیوە قەناعەت بەتوركیا بهێنێت بەیەكەوە ڕاستەوخۆ دژایەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكەن.
 
بەپێی هەواڵەكە سوپاسالای ئێران داوای لە(خولوسی ئاكار) سوپاسالاری توركیا، هەروەها (هاكان فیدان) راوێژكاری دەزگای میتی توركیا كردووە، كە بە یەكەوە راگەیاندراوێك بڵاوبكەنەوەو لەو راگەیاندراوەدا دژایەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكەن.

هەروەها داواشی كردووە راگەیاندراوەكەدا باسی بەكارهێنانی هێزیش بكەن، بەڵام توركیا رەتیكردووەتەوە، كە میدیای پارتی ئەوەی بڵاویكردووەتەوە.
 
هەمان سەرچاوە پشتی بەسەرچاوەی هەواڵێكی رۆژنامەی (جومهورییەت)ـی توركی بەستووە، كە لەو بارەیەوە زانیاری ئاشكرا كردووە، بەوەی حكومەتی ئەنقەرە بە سوپاسالاری ئێرانی وتووە، ئەگەر ئەوان لەبەردەم ڕای گشتی توركیا دژایەتی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكەن‌و لەگەڵ ئێران بە یەكەوە ڕاگەیاندراوێك لەو ڕووەوە بڵاوبكەنەوە، ئەوكات ڕەنگە بارودۆخەكە بە تەواوی پێچەوانە ببێتەوەو لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆتایی پێبێت.

هەمان ڕۆژنامە باسی لەوەش كردووە، رای گشتی توركیا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە بەو شێوە توندە دژی ریفراندۆم بوەستینەوە، ئەگەر شتێكی وا بكرێت، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر داكۆكی بكات لەوەی لەكاتی خۆیدا ریفراندۆم بكات، هەروەها ئەو دژایەتییەش لەگەڵ ئێران بە یەكەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، رای گشتی توركیا لە حكومەت تووڕە دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە محەمەد باقری دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا رایگەیاند، كە ئەوان لەگەڵ ئەو وڵاتە هاوڕان بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە لەمانگی نۆی داهاتوو بەرێوەبچێت.

هەروەها دوای ئەو كۆبوونەوانەش، هەر ئەمڕۆ پێنج شەممە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند وڵاتەكەی "دژی ریفراندۆمی هەرێمەو داوا لەپەرپرسانی هەرێم لەبڕیارەكە پاشگەزببنەوە".

هـ ـ ح