هاوكێشەیەكی‌ كەم وێنە
كوردستان خۆی‌ پێویستی‌ بەمریشكە كەچی‌ رەوانەی‌ دەرەوەی‌ دەكات

کوردستان

18/08/2017‌ 2315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند ساڵێكە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی‌ كوردستان داد‌و بێدادیانە بەدەست ئەوەی‌ بەرهەمەكانیان لەبازاڕەكانی‌ كوردستان ساغنابێتەوەو بەرهەمی‌ هاوردەكراو سەری‌ بازرگانییەكەیانی‌ خواردووە.

لەكاتێكدا لەكوردستان هاوكێشەیەكی‌ سەیر بەڕێوە دەچێت، ئەو بەرهەمە زۆروزەوەندەی‌ لەبواری‌ پەلەوەردا دێتە بەرهەم بۆ دەرەوە رەوانە دەكرێت، كەچی‌ بۆ پڕكردنەوەی‌ پێداویستی‌ ناوخۆ لەوڵاتانی‌ دەرەوە بەرهەمی‌ پەلەوەر هاوردە دەكرێت.

خاوەن كێڵگەكانی‌ پەلەوەر باس لەوە دەكەن حكومەتی‌ هەرێم بەرهەمە خۆماڵییەكانی‌ پشتگوێ‌ خستووەو وڵاتانی‌ دراوسێش بەئەنقەست بەنرخی‌ هەرزان بەروبوومی‌ پەلەوەری‌ دەڕژێننە بازاڕەكانی‌ كوردستانەوە.

سەرحەد حەمە عەلی‌ خاوەنی‌ كێڵگەیەكی‌ گەورەی‌ پەلەوەرە لەنزیك هەڵەبجە، گلەیی‌ ئەوە دەكات بەروبوومی‌ هاوردەكراو سەری‌ بەرهەمەكانی‌ ئەوانی‌ خواردووەو كێبڕكێیەكی‌ نایەكسانی‌ خولقاندووە.

سەرحەد بە"نیقاش"ی‌ وت "زۆر بەسادەیی‌ لەبەرئەوەی‌ بەروبوومی‌ كێڵگەكانی‌ ناوخۆ بەشی‌ خەڵكی‌ كوردستان ناكات، بۆیە دەبێت هەموو بەرهەمەكەمان لەبازاڕدا ساغ ببێتەوە، كەچی‌ بازاڕەكانی‌ كوردستان پشت بەبەروبوومی‌ هاوردەكراو دەبەستن‌و ئێمەش دەبێت بەروبوومەكەمان رەوانەی‌ شارەكانی‌ ناوەڕاست‌و خوارووی‌ عێراق بكەین".

سەرحەد دەشڵێت "جیا لەو بڕە گۆشتە بەستووەی‌ كە لەرێگەی‌ مەرزەكانەوەو بەشێوەیەكی‌ یاسایی‌ هاوردە دەكرێت، هەندێك لەبازرگان لەرێگەی‌ مەرزە لاوەكیەكانیشەوە بەشێوەی‌ قاچاخ گۆشتی‌ مریشكی‌ بەستوو هاوردە دەكەن دەیخەنە بازارەكانی‌ هەرێم  كەئەمەش یەكێكی‌ تر لەهۆكارەكان كە بەرهەمی‌ ناوخۆ ساغ نەبێتەوە".

كێڵگەكانی‌ پەلەوەر لەهەرێمی‌ كوردستان كە ژمارەیان بەسەدانە، بڕێكی‌ زۆر مریشك‌و هێلكە بەرهەم دەهێنن، كەچی‌ بەشی‌ زۆری‌ بەرهەمەكەیان تەنیا لەشارەكانی‌ ناوەڕست‌و خوارووی‌ عێراق بازاڕی‌ بۆ پەیدا دەكرێت.

وانەبێت تەنیا سەرحەد بەدەست ئەم كێشەیەوە گیرۆدە بووبێت، بەڵكو ئەمە گرفتی‌ هەموو خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی‌ دیكەشە، بەرپرسانی‌ حكومیش جگە لەدەربڕینی‌ هاوسۆزی‌، پشتیوانییەكی‌ ئەوتۆیان ناكەن كە بازاڕەكەیان ببوژێتەوە.

رەمەزان محەمەد بەرێوەبەری‌ سامانی‌ ئاژەڵ لەوەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ حكومەتی‌ هەرێم باس لەوە دەكات كە ئەوان هاوكێشەی‌ نێوان بازرگان‌و خاوەن كێڵگەكانی‌ پەلەوەریان بۆ رێكناخرێتەوەو دەڵێت "ئەو بازرگانانەی‌ بەروبومی‌ پەلەوەر دەهێنن باڵادەستترن لەخاوەن كێڵگەكانی‌ پەلەوەر، بۆیە بەروبوومی‌ كێڵگەكانی‌ ناوخۆ گرنگی‌ پێنادرێت".

رەمەزان پشتیوانی‌ رای‌ خاوەن كێڵگەكان دەكات‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "وڵاتانی دەوروبەر لەهەوڵدان بۆ شكست پێهێنانی‌ پیشەسازی‌ پەلەوەر لەهەرێم، لەڕێگەی هەناردەكردنی بەروبوومی هەرزانتر لەنرخی خۆی، بەبەرنامە كار بۆ شكستپێهێنانی‌ پیشەسازیی پەلەوەر لەكوردستان دەكەن، رێكخستنێكی باشیش لەنێوان خاوەن پرۆژەو كێڵگەكان نییە، لەبەر ئەم هۆیانە تائێستا پیشەسازیی پەلەوەر نەیتوانیوە بەتەواوی‌ بكەوێتە سەرپێ".

بەپێی‌ مەزەندەیەكی‌ پزیشكی‌ فەرمی‌، هەر هاوڵاتییەك ساڵانە پێویستی‌ بە 25 كیلۆ گۆشتی‌ مریشك‌و 15 كیلۆ گۆشتی‌ سوری‌ حەیوان هەیە، بەڵام بەپێی‌ ئەو بازرگانییەی‌ لەكوردستان هەیە پێدەچێت پێویستییەكە بۆ تاكی‌ كورد زیاتر بێت. 

ئامارێكی‌ وەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ حكومەتی‌ هەرێم ئەوە دەخاتە روو كە هەزارو 350 پرۆژەی‌ پەلەوەر لەكوردستان هەنو رۆژانە نزیكەی‌ 90 هەزار تۆن گۆشتی‌ مریشك دەخەنە بازاڕەكانەوە، كە ئەمەش بەشی‌ پێداویستی‌ ناوخۆ ناكات.

دكتۆر جەمال شكوری‌ بەرێوەبەری‌ گرنتینەی‌ كشتوكاڵی‌ لەوەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر دانیشتوانی‌ هەرێم بەپێنج ملیۆن كەس مەزەندە بكەین‌و هەر تاكێك ساڵانە 25 كیلۆ مریشكی‌ پێویست بێت، ئەوا ساڵانە 125 هەزار  تۆن مریشكمان پێویستە، ئەوپەڕی‌ توانای‌ بەرهەمی‌ ناوخۆش 90 هەزار تۆنە، بۆیە ناچاربووین رێگە بدەین لەدەرەوە گۆشتی‌ مریشك هاوردە بكرێت".

هاتنی‌ بەروبوومی‌ پەلەوەر لەدەرەوە رێگری‌ كردووە لەوەی‌ بەروبوومی‌ ناوخۆ ساغ بكرێتەوە، چونكە هەشتا هەزار تۆن ساڵانە گۆشتی‌ مریشك هاوردەی‌ كوردستان دەكرێت‌و لەگەڵ بەشێكی‌ بەرهەمی‌ ناوخۆ پێداویستی‌ كوردستان پڕ دەكەنەوە، ئەو بەرهەمە ناوخۆییەی‌ دەمێنێتەوە دەبێت رەوانەی‌ شارەكانی‌ خواروو ناوەڕاستی‌ عێراق بكرێت.

هەرچەندە هەرچی‌ بەرپرسانی‌ بواری‌ تەندروستی‌‌و كشتوكاڵە جەخت لەوە دەكەنەوە كە لەرووی‌ كوالێتی‌‌و تەندروستییەوە بەروبوومەكەی‌ ناوخۆ باشترە، كەچی‌ ئەوەی‌ زیاتر بازاڕی‌ هەیە بەربوومی‌ دەرەوەیە، هۆكارەكەش روونە، بەهۆی‌ هەرزانی‌ نرخی‌ بەرهەمە هاوردەكراوەكانەوەیە.

سەرچاوەی‌ سەرەكی‌ ئەو بەروبوومە پەلەوەرییەی‌ لەدەرەوە دەهێنرێت وڵاتانی‌ توركیاو فەرەنساو ئۆكرانیاو هۆڵەنداو جۆرجیاو ئەمەریكان كە بەرپرسانی‌ بواری‌ كشتوكاڵ دەڵێن هەندێك لەوبەروبوومانە لەخوار ستانداردی‌ كارپێكراوی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوەن.

ئێستا خاوەن كێڵگەكانی‌ پەلەوەر لەهەرێمی‌ كوردستان لەشەڕێكی‌ سەختی‌ چەند بەرەییدان، لەلایەكەوە دەبێت بەرگەی‌ قەیرانی‌ ئابووری‌ هەرێمی‌ كوردستان بگرن كە خواستی‌ خەڵكی‌ بۆ كڕینی‌ گۆشت‌و هێلكە كەمكردووەتەوە، لەلایەكی‌ دیكەشەوە دەبێت سەنگەر بۆ بەربوومە هاوردەكراوەكان چۆڵ نەكەن.

بەرپرسانی‌ كەرتی‌ كشتوكاڵ‌ لەهەرێمی‌ كوردستان دڵخۆشن بەوەی‌ ئەو هەموو بەربەست‌و قورساییە هێشتا بەروبوومی‌ ناوخۆ نەرووخاندووەو لەململانێ‌ بەردەوامە.

رەمەزان محەمەد بەرێوەبەری‌ سامانی‌ ئاژەڵ لەوەزارەتی‌ كشتوكاڵ وتی‌ "سەرەڕای‌ بوونی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ سێ‌ ساڵە لەهەرێمی‌ كوردستاندا، كەچی‌ 150 كێڵگەی‌ پەلەوەری‌ نوێ‌ كراونەتەوە‌و ژمارەی‌ ئەوانەشی‌ كە داخراون ئێجگار كەمن".

ئەو بەرپرسەی‌ كشتوكاڵ كە وەك خۆی‌ دەڵێت ئەوان پشتیوانی‌ بەربوومی‌ ناوخۆ دەكەن، بەڵام دەست‌و پێیان بەستراوە لەبەر ئەوەی‌ یاسایەك نییە ئەو بوارە رێك بخات.

بەرپرسەكەی‌ وەزارەتی‌ كشتوكاڵ وتی‌ "تەنیا لەماوەی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا 245 هەزار تۆن مریشكی‌ بەستوو لەوڵاتانی‌ دەرەوە هێنراوەتە كوردستان، ئەوەی‌ بەئێمە كراوە ئەوە بووە بەسەدان تۆنمان گەڕاندووەتەوە لەبەر ئەوەی‌ لەخوار ستانداردی‌ رێپێدراوی‌ وەزارەتەوە بووە".

ئەو بەرپرسەی‌ كشتوكاڵ سەرەڕای‌ ئەوەی‌ جەخت لەوە دەكاتەوە قەیرانی‌ دارایی‌ هەرەسی‌ بەبەرووبوونی‌ ناوخۆ نەهێناوە، بەڵام هۆشداریش دەدات لەوەی‌ ئەگەر ئەم كەرتە فەرامۆش بكرێت، بەتەواوی‌ بەرهەمی‌ هاوردەكراو سەری‌ بەروبوومی‌ ناوخۆ دەخوات‌و وتی‌ "تەنیا چارەسەر ئەوەیە باجێكی‌ قورس بخرێتە سەر بەربوونی‌ هاودەكراو تا دەرگا لەبەردەم ساغبوونەوەی‌ بەربوومەكانی‌ ناوخۆدا بكەینەوە".

بەپەلە