بارزانی: هیچ بەڵێنێكم بەئەمریكا بۆ دواخستنی ریفراندۆم نەداوە

کوردستان

20/08/2017‌ 648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی رەتیكردەوە، هیچ بەڵێنێكی بەلایەنی ئەمریكی بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دابێت.

مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "هیچ بەڵێنێكم بەلایەنە ئەمریكییەكان نەداوە بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان".

مەسعود بارزانی راشیگەیاند، لەگەڵ رێكس تێلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش قسەی كردووەو داوای دواخستنی ریفراندۆمی لێكردووە، بەڵام ئەو رازی نەبووە بەداواكەی بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

بارزانی ئەوەشی راگەیاند، لەگەڵ ئەمریكییەكان تەنیا بەڵێنی ئەوەداوە، كە بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی‌و بەرپرسانی بەغدا بكەین، كە ئەوەش ئێستا لەپرۆسەیەكدا بەرێوەدەچێت.

ئەم قسانەی بارزانی لەكاتێكدایە، ماوەی پێشوو رێكس تێلەرسۆن پەیوەندی بەمەسعود بارزانییەوە كردو لەپەیوەندییەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای دواخستنی ریفراندۆمی لەبارزانی كردبوو.

مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، كە ئەمە كاردانەوەی بەدواوە هاتووەو زۆربەی كاردانەوەكانیش داوای دواخستنی دەكەن.

هەروەها ئەوەی راگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت دوای راپرسی‌و راگەیاندنی سەربەخۆیش لەگەڵ عێراق پەیوەندییەكی باشیان هەبێت‌و كێشەو ئاڵۆزی لەنێوانیان نەبێت.

هـ ـ ح



بەپەلە