رۆژ نوری شاوێس: گفتوگۆكانی بەغدا بە باشی بەرێوەدەچێت

کوردستان

20/08/2017‌ 1326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژ نوری شاوێس سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە "باشی" بەرێوەدەچێت.

رۆژ نوری شاوێس ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی لەشاری بەغدا راشیگەیاند، كە گفتوگۆكانیان بۆ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەردەوامی دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنی باشتر لەنێوان هەردوولا بێتە ئاراوە.

قسەكانی سەرۆكی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەدوای كۆبوونەوەیەكی شاندەكە هات لەگەڵ "هێزی نیشتمانی" هات، كە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات.

رۆژ نوری شاوێس ئەوەشی راگەیاند، ئێستا بۆ هەموو لایەنە عێراقییەكان روونكراوەتەوە، كە كورد مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاریبكات‌و لایەنە عێراقییەكانیش لەو بارەوە دەیانەوێت گفتوگۆی زیاتر لەنێوان هەردوولا هەبێت.

شاندەكەی هەرێم لەرۆژی دوو شەممەی رابردووەوە چوونەتە شاری بەغداو بڕیارە دوو رۆژی تریش بمێننەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەناوچەكانی هەرێم لەمانگی نۆی داهاتوو.

هـ ـ ح