ئێران‌و توركیا سنوورەكانیان تۆكمە دەكەن
باقری جەخت لەهەماهەنگی ئەنقەرەو تاران بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێم دەكاتەوە

کوردستان

23/08/2017‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد حوسێن باقری سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی هێزی سەربازیی ئێران رایگەیاند سەبارەت بەئەگەری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەنقەرەو تاران ڕوانگەی هاوبەشیان هەیەو دژایەتی دەكەن‌و هەردوولاش لەسەر بەهێزكردنی سنوورەكانیان رێككەوتوون.

بەڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، سەردار محەمەد باقری سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی هێزی چەكداری ئێران سەبارەت بەگەشتی ئەم دواییەی بۆ توركیا "ئێمە لەسەفەر بۆ توركیا لەگەڵ سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا سەبارەت بەپرسە سنوورییە هاوبەشەكان گفتوگۆمان كردو ڕێككەوتنی زۆر باش لەو بوارەدا ئەنجامدراون".

باقری ڕاشیگەیاند: "توركیا لەسنوورە هاوبەشەكان لەبواری داخستنی سنووری، بەستنی رێگای قاچاخچییەكان لەباری مرۆیی‌و ئەندازیارییەوە هەوڵەكانی دەست پێكردووەو ئێمە وێرای پێشوازی لەو هەوڵانە، لە لای خۆمانەوە ڕاپۆرتگەلێكمان سەبارەت بەهەوڵەكانی ئێران بۆ داخستن‌و كۆنتڕۆڵی سنووری‌و چالاكییەكانی دیكە ئاراستە كرد".

سەردار باقری جەختی لەوە كردەوە، هەوڵەكانی ئێران‌و توركیا لەسنوورە هاوبەشەكان بۆ ئاسایشی باشترو بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ قاچاخی مرۆیی، مادەی هۆشبەر، چەك‌و چۆڵ،  كە "كێشەگەلێكیان بۆ ئاسایش و پرسە فەرهەنگییەكانی دوو وڵات ساز داوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی سەربازیی وڵات ئاماژەی بەوەشدا: لە سەفەری وەفدی ئێران بۆ توركیا، هێزی چەكداریی هەر دوو وڵات لەبارەی ڕۆڵی تاران‌و ئەنقەرە لەسەقامگیركردنی ئاسوودەیی‌و ئاسایش لەسوریاداو تۆكمەكردنی ڕەوتی دانوستانەكانی "ئاستانە" بابەتگەلێك خرایەڕوو. 

سەردار باقری هەروەها رایگەیاند "سەبارەت بەعێراق‌و ئەگەری بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا دانوستان كراو هەر دوو وڵات لەوبارەدا ڕوانگەی هاوبەشمان بوو، كە جوگرافیای سیاسیی ناوچەو لەوان عێراق بەهیچ چەشنێك نابێت گۆڕانی بە سەردا بێت‌و هەر جۆرە مژارێكی هاوپەیوەند بە ناكۆكییەكانی هەرێم و دەوڵەتی بەغدا دەبێ لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا تاوتوێبكرێت و گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ناوچەكە بەئاوردانەوە لە ناكۆكییەكانی نێوان كوردەكان‌و دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بەكەركوك‌و ناوچەكانی دیكە دەتوانێ ببێتە هۆی دەسپێكی ناكۆكی‌و پێكدادانی دیكە لە ناوخۆی عێراق".

هاوكات ئەوەشی راگەیاندووە "بۆیە ئەو مژارە تەنیا دەرەوەستی بەناوخۆی عێراقەوە نییەو ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە هۆی دزەكردنی كەشێكی نائەمنی بۆ وڵاتانی دراوسێ‌و لەوان ئێران و توركیا".

باقری هەفتەی رابردوو سەردانی ئەنقەرەی كردو لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆبووەوە، كە پێشتریش رایگەیاندبوو، ئەوان لەگەڵ توركیا دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمن لەمانگی نۆی داهاتوو.

هـ ـ ح