نیویۆرك تایمز: ماتیس داوای لەبارزانی كردووە ریفراندۆم دوابخرێت

کوردستان

23/08/2017‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، كە جیمس ماتیسی وەزیری بەرگری ئەمریكا داوای لەمەسعود بارزانی كردووە، ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دوابخرێت.

رۆژنامەكە ئەمڕۆ چوار شەممە لەراپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، جەمیس ماتیس لەمیانی سەردانی بۆ هەولێرو لەكۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی داوای كردووە، كە ریفراندۆمی هەرێم دوابخرێت، لەكاتێكدا بڕیارە مانگی داهاتوو بەرێوەبچێت.

جێمس ماتیس ئێوارەی رۆژی سێ‌ شەممە سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، سەردانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا لەكاتێكدایە، كە ئەمریكا دەستی بەهەڵمەتێكی فراوان كردووە، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەكانی عێراق بگێڕێتەوە، بەتایبەتی كە شەڕی داعش بەرەو كۆتایی دەبێت.
 
پێشتریش جیمس ماتیس لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاندبوو، كە ئەولەویەتی كاری ئەمریكا شەڕی دژی داعشە لەناوچەكەو بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بەرپرسانی هەرێم‌و عێراق لەهەماهەنگییەكانیان بەردەوامبن.

پێشتریش رێكس تێلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی داوای كردبوو، كە ریفراندۆمی هەرێم دوابخرێت، كە وادەی ئەنجامدانەكەی 25/9/2017یە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەهەڵوێستی بارزانی‌و بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەو داوایە كردووەو جەختیشیكردووەتەوە بەپێی ئەو قسانەبێت، هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوادەی خۆیدا.

هـ ـ ح