بەرپرسێكی ئاكەپە باس هەڵوێستی حیزبەكەی لەسەر ریفراندۆمی هەرێم دەكات

کوردستان

23/08/2017‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مێهمەت مەهدی ئاكەر جێگری سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا باسی لەهەماهەنگی وڵاتەكەی‌و ئێران كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

مێهمەت مەهدی ئاكەر لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی مێهر رایگەیاند "عێراق وەك دراوسێیەكی گرنگی ئێران‌و توركیا گیرۆدەی قەیران‌و دۆخێكی ناسەقامگیرە، كە ساڵانێكە باڵی بە سەر ئەو وڵاتەدا كێشاوە".

ئەو بەرپرسەی ئاكەپە راشیگەیاندووە "بڕیاری هەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نە تەنیا هیچ كام لەكێشەكانی هەرێم‌و عێراق چارەسەرناكات، بەڵكو كێشەكان تەشەنەدارترو قووڵتردەكاتەوە".

مێهمەت مەهدی ئاكەر هەروەها رایگەیاندووە "ئێمە داوا لەهەرێمی كوردستان‌و دەوڵەتی ناوەندی دەكەین تا كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارسەر بكەن، بۆ ئەوەی پێشگری بكرێت لەسەرهەڵدانی كێشەگەلێكی سەخڵەت‌ترو دژوارتر لە عێراقدا".

بەقسەی مێهمەت مەهدی ئاكەر، "دەوڵەتی ناوەندی عێراق پابەندە بەجێبەجێكردنی ئەركەكانی لەچوارچێوەی دەستووری عێراق‌و سیاسەتگەلێكی بەربڵاوی ڕاپەڕاندووە".

هەر بەقسەی جێگری سەرۆكی ئاكەپە "دەبێت سەروكایەتیی هەرێمی كوردستان هاوتەریب لەگەڵ عێراقێكی یەكپارچەو سەركەوتوو هەنگاو بنێت‌و بەبڕیارەكەی سەبارەت بە بەرێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بچێتەوەو كۆتایی پێ بێنیت".

ئەمە لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

هــ ـ ح