شانە نوستووەكانی داعش.. مەترسییەك بەسەر شانی‌ كەركوكەوە

کوردستان

24/08/2017‌ 1755 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەسەڵاتەكەی‌ داعش لەسەر گۆڕەپان بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەڵام مەترسییەكی‌ گەورەی‌ ئەو هێزە توندڕەوە لەكەركوك لەرێی‌ شانە نوستووەكانەوە خۆی‌ دەنوێنێت.

هەرچەندە بەهۆی‌ پوكانەوەی‌ داعشەوە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ تری‌ عێراق خەریكە لەخەم ئەڕەخسن، كەچی‌ دڵەراوكێی‌ دەزگا ئەمنییەكانی‌ كەركوك تازە زیاد دەكات، چونكە دەزانن جموجۆڵی‌ شانە نوستووەكانی‌ داعش لەو پارێزگایە روو لەزیادبوون دەكات.

سێ‌ ساڵە قەزای‌ حەویجە (55 كم باشووری‌ خۆرئاوای‌ كەركوك)‌و ناحیەكانی ریازو زاب‌و رەشادو عەباسیەی سەر بە قەزاكە كە لە 32% خاكی‌ پارێزگای‌ كەركوك پێك دەهێنێت بەدەست داعشەوەیە، ئێستا كە مقۆمقۆی‌ ئازادكردنی‌ ئەو ناوچانە سەریهەڵداوە، فەرماندە ئەمنی‌‌و سەربازییەكانی‌ كەركوك پێشبینی‌ ئەوە دەكەن وەكو دوا كارت داعش پەنا بباتە بەر ئاكتیڤكردنی‌ شانە نوستووەكانی‌ لەناو كەركوكدا.

هێزە ئەمنییەكانی‌ كەركوك دەڵێن لەماوەی‌ رابردوودا چەندین كەسیان لەچوارچێوەی‌ شانە نوستووەكانی‌ داعشدا دەستگیركردووە، بۆ ئەوەی‌ راست‌و دروستی‌ ئەو زانیاریانە زیاتر بسەلمێنن رێیان بەپەیامنێری‌ "نیقاش"دا لەگەڵ یەكێك لەو دەستگیركراوانەدا گفتوگۆ بكات كە بەمدواییە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ گشتی‌ كەركوكەوە دەستگیركراوە.

(ف.م) ئەو كەسە تەمەن 34 ساڵەیە كە لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی كەركوكەوە دەستگیركراوەو دانی‌ بەوەدا ناوە داعش ناردویانەتە ناو كەركوك بۆ ئەوەی‌ وەك شانەی‌ نوستوو بمێنێتەوەو لەو كاتەی‌ داوایان لێدەكەن دەست بەكار بێت.

ئەو بەپێی لێدوانەكەی‌ بێت بەناوی‌ ئاوارەوە لەمانگی‌ ئازاری‌ ئەمساڵەوە هاتۆتە ناو كەركوك‌و دواتر لە19ی‌ تەممووز لەلایەن پۆلیس‌و دەزگای‌ هەواڵگری‌ عێراق دەستگیركراوە.

ئەندامە دەستگیركراوەكەی‌ داعش لەگرتوخانەی‌ پۆلیس بە"نیقاش"ی‌ وت "لەپێش هاتنی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لەلایەن دوو كەسی‌ ناحیەی‌ رەشاد كە ماوەیەكی‌ زۆر پێكەوە كاری‌ جوتیارمان ئەكرد بڕیاماندا ئیشی‌ كشتوكاڵ بۆ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ بكەین، سەرەتا ئەوان پارەیان بۆ ناردین بەگرێبەست زەوی كشتوكاڵیمان لەقەزای‌ حەویجەو ناحیەی‌ رەشاد كڕی‌".

لەبارەی‌ چۆنێتی‌ دابەشكردنی‌ قازانجەكەیان لەگەڵ داعش دەڵێت "خێرەكەی‌ 40% بۆ ئێمە بوو لە 60% بۆ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ بوو، ماوەی‌ دوو ساڵ‌و نیو بەردەوام بووین، بەڵام كاتێك فرۆكە جەنگیەكان بۆردومانی‌ ناوچەكەیان دەكرد زیانێكی‌ زۆر بەر بەروبومە كشتوكاڵیەكانمان دەكەوت بۆیە كارەكەمان وەستاندو دواتر لەلایەن والی‌ قەزای‌ حەویجە داوامان لێكرا بەناوی‌ ئاوارەوە بچینە كەركوك‌و لەوێ‌ بە نهێنی‌ كاربكەین‌و لەهەر كارێك قازانجمان كرد، بەشەكەی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ بەحەواڵە بنرێن بۆیان".

دەشڵێت "مانگی‌ ئازاری‌ ئەمساڵ هاتینە كەركوك، لەگەڵ جوتیارێكی‌ سنوری‌ گوندی‌ مەلا عەبدوڵا رێكەوتین زەوییەكانیمان پێبدەن تاكو بتوانین كاری‌ تێدەبكەین، چەند مانگێك كارمان كردو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراین".

بەوتەی‌ قسەی‌ ئەو دەستگیركراوە بێت، ئێستا لەحەویجە ژیان زۆر سەخت بووەو خواردن زۆر كەم بۆتەوە، لەبەرئەوە داعش بیری‌ لەرێگەی‌ جیاواز كردووەتەوە تاكو پارەی‌ خواردن‌و چەك لەرێگەی‌ شانە نوستووەكانەوە پەیدا بكات‌و ئەو شانانە هەر كاتێكیش داوایان لێكرا چالاكی‌ سەربازی‌ بنوێنن "تاكو خەڵك هەست بەلاوازی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ ناكەن".

بەگوێرەی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ قەزاو ناحیەكانی‌ كەركوك لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 52 كەس دەستگیركراون كە زۆرینەیان داواكراوی‌ دەزگا ئەمنیەكان بوون‌و بەشێكیان لەژێر دەسەڵاتی داعش بەناسنامەی‌ ساختە خۆیان خستۆتە ناو ئاوارە هەڵهاتووەكان‌و دواتر لەنێو گەرەكە عەرەبنشینەكان‌و كەمپی‌ ئاوارەكان نیشتەجێ‌ بوون.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ قەزاو ناحیەكانی‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "هەر لەپاش ساڵی‌ 2004ەوە گروپە چەكدارەكانی ئەنسار سوونەو قاعیدە تاكو دەگاتە چەكدارانی داعش لەپارێزگاكانی كەركوك‌و سەڵاحەدین‌و نەینەوا شانەی نوستوویان بەكارهێناوە بۆ ئەو درێژە بەكاری‌ توندڕەوی‌ بدەن".

وتیشی‌ "رۆژی‌ 4ی‌ ئابی‌ ئەمساڵ یەكێك لەترسناكترین شانە نوستوەكانی‌ داعشمان دەستگیركرد، كە لەسێ‌ كەس پێكهاتبوون كاری‌ بازرگانی‌ گەنمیان دەكردو قازانجی‌ ئەو كارەیان بۆ داعش دەنارد، ئەمە جگە لەوەی‌ لەهەمان رۆژدا ژنێك كە بەرپرسی‌ دیوانی‌ فێركردنی‌ داعش بووە لەگەڵ هاوسەرەكەی‌ كە بەرپرسی‌ باڵی‌ سەربازی‌ داعش بوو لەشەرگات دەستگیركران كە بەناوی‌ ئاوارەوە هاتبوون بۆ كەركوك".

بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ قەزاو ناحیەكانی‌ كەركوك دەشڵێت "چەكدارانی‌ داعش بەناسنامەی‌ ساختەو بەناوی‌ ئاوارەوە دێنە كەركوك، بەڵام بەهۆی‌ بوونی‌ سەرچاوەی‌ زانیاری‌ ئێمەو هاوكاریكردنی‌ هاونیشتیمانیانی‌ كەركوك بەشێكی‌ زۆری‌ ئەندامی‌ شانەی‌ نووستووەكانی‌ چەكدارانی‌ داعش دەستگیكراون".

هێزە ئەمنییەكانی‌ كەركوك خۆیان باش دەزانن داعش چاوی‌ بڕیوەتە كەركوك، چونكە هەر كارێك ئەو گروپە لەپارێزگاكەدا بیكات دەنگدانەوەی‌ زۆری‌ دەبێت، بەو پێیەی‌ ناوچەیەكی‌ هەرە دیاری‌ ناكۆكی‌ لەسەری‌ نێوان بەغداو هەولێرە، بۆیە ئەو هێزانەش وەك خۆیان دەڵێن چاوكراوەتر لەجاران مامەڵە دەكەن.

لیوا محەمەد حاجی‌ قادر بەرپرسی‌ میحوەری‌ پێنجی‌ كەركوكی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "هێزەكانی‌ پێشمەرگە بەپشت بەستن بەزانیارییە هەواڵگرییەكان لەتەواوی‌ پلانی‌ داعش تێگەیشتووە، ئەمەش وایكردووە هێزەكانمان چاوكراوەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن كە بەناوی‌ ئاوارەوە لەژێر دەسەڵاتی‌ داعش هەڵدێن‌و دێنە كەركوك".

دەشڵێت "دوای‌ ئەوەی‌ فەرماندەی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی‌ موسڵی‌ راگەیاند، داعش لەحەویجەو دەوربەری‌ زیاتر ترسی‌ ئەوەیان لێ نیشتووە كۆتایی‌ بەدەسەڵاتی‌ توندرەویان بێت، بۆیە پەنا بۆ شانەی‌ نوستوو دەبەن".

ئەم پێشبینی‌‌و گریمانەیە وایكردووە هێزە ئەمنی‌‌و هەواڵگیرییەكان وەك خۆیان دەڵێت قورساییەكی‌ زۆر بخەنە سەر كەركوك، بۆ ئەوەی‌ بەر بەدووبارەبوونەوەی‌ ئەو رووداوانە بگرن كە ئارامی‌ كەركوكیان دەشێواند.

ئەفسەرێكی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ عێراق لەكەركوك كە لەبەرهەستیاری‌ پۆستەكەی‌ نەیویست ناوی‌ بڵاوبكرێتەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "زۆركات تۆڕو گروپی‌ جیاجیا لەلایەن دەزگا ئەمنیەكان دەستیگردەكرێن كە بەشێكیان بەناوی‌ ئاوارەوە دێن‌و بەشێكی‌ دیكەشیان ئەو كەسانەن كە لەناو شاردا هاوسۆزیان بۆ ئەو گروپە هەیە، پلانەكەشیان ئەوەیە تۆڕێكی‌ بەرفراوان لەشانەی‌ نوستوو لەناو كەركوكدا پێكبهێنن‌و لەكاتی‌ پێویستە پەلامار بدەن".

دەشڵێت "بەردەوام لەهەوڵی‌ ئەوەداین تەواوی‌ ئەندامانی‌ شانە نوستووەكانی‌ داعش دەستگیربكەین، تاكو روداوێكی‌ هاوشێوەی‌ ئەوەی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ رابردوو لەكەركوك دووبارە نەبێتەوە".

رۆژی‌ 21ی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 2016 دەیان چەكداری‌ داعش دزەیان كردە ناو كەركوك‌و بەهاوكاری‌ شانە نوستووەكانی‌ ئەو گروپە چوونە چەند گەڕەك‌و شوێنێكی‌ جیاوازی‌ كەركوك، لەچەند باڵەخانەیەكیشدا بەچەكی‌ قەناسەوە جێگیربوون، بەڵام زۆرینەی‌ هێرشەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنی‌و سەربازیەكانەوە بەرپەرچدرایەوە‌‌و شكستیان پێهێنرا، هێزە ئەمنییەكان دواتر رایانگەیاند "بەهۆی‌ ئەو رووداوەوە 85 كەس لەهێزە ئەمنییەكان‌و خەڵكی مەدەنی شەهیدكران‌و زیاتر لەو ژمارەیەش برینداربوون، هەروەها نزیكەی‌ 100 چەكداری‌ داعش كوژراون‌و 13 چەكداریشیان خۆیان تەقاندەوە".

بەلەبەرچاوگرتنی‌ ئەو مەترسییەی‌ ئێستا لەسەر كەركوك هەیە، بەرپرسانی‌ پارێزگاكە پێیان وایە تاكە چارە ئەوەیە دەستوربرد بكرێت لەئازادكردنی‌ قەزانی‌ حەویجە، چونكە بووتە مۆڵگەی‌ سەرەكی‌ كۆبوونەوەی‌ چەكدارانی‌ داعش لەناوچەكە.

د. نەجمەدین كەریم پارێزگارو سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "داعش پەیتا پەیتا ناوچەكانی‌ لەژێر دەسەڵات نامێنێت، بۆیە دەبێت پەلەش بكرێت لەكۆنترۆڵكردنەوەی‌ قەزای‌ حەویجە، چونكە مانەوەی‌ ئەو قەزایە لەژێر دەسەڵاتیان مەترسی‌ لەسەر كەركوك دروست دەكات".

پارێزگاری‌ كەركوك وەك خۆی‌ دەڵێت ئەگەر داعش ئەندامی‌ بەنهێنی‌ لەنێو كەركوكیشدا هەبێت  گەشبینین لەدەستیگركردنیان چونكە "توانای‌ دەزگا ئەمنیەكان‌و هێزی‌ پێشمەرگە بەهێزترەو هەمیشە گروپە چەكدارەكان مێژووییەكی‌ رەش و شكستیان بۆ ماوەتەوە".

بەپەلە