شارپرێس:
سەردار عەلی جەزایری وتەبێژی هێزە سەربازییەكانی ئێران سەبارەت بەڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئێمە ئەم ڕیفراندۆمە بەهەنگاوێك لەدرێژەی سیاستەكانی ئەمریكا دەزانین".
سەردار عەلی جەزایری لەمیانی لێدوانێك، كە ئاژانسی مێهر بڵاویكردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی جەختیكردەوە، كە ریفراندۆمەكە لەدرێژەی سیاسەتی باڵای ئەمریكایە راشیگەیاند ئەو وڵاتە "لەدوای دابەشكردنی وڵاتانی ناوچەكەیەو گومانی تێدا نییە، كە دژی ئەم ڕیفراندۆمەین".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ئەمریكا بەفەرمی دژایەتی خۆی بۆ پرسەكە نیشانداوەو داوای دواخستنیشی كردووە.
ئەو فەرماندەیە راشیگەیاندووە "ئێران بەردەوام نیشانیداوە، كە دژی تیرۆرەو بەرنگاریان دەبێتەوە، سەفەری سەرلەشكەر باقریش بۆ توركیا لەدرێژەی ئەم بابەتەدا بوو".
هەروەها ئەوەشی راگەیاند "ئێران هەوڵ دەدات بەهاوكاری وڵاتانی ناوچەكە ڕیشەی تیرۆر وشكبكات، هەر بەم بۆنەوە هاوكاری وڵاتانی ناوچەكە دەكات.
جەزایری لەبارەی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان ئێرانو توركیا لەسنوورەكان ئەوەی راگەیاندووە "بەگشتی لەنێوان ئێمەو توركیاو چەند وڵاتێكی ناوچەكە بابەتی سنووری هەیە، كە هەوڵدەدەین بەم دانوستانانە ئەمنیەتی باشیان بۆ دابینبكەین".
هـ ـ ح