بارزانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی دەكات

کوردستان

30/08/2017‌ 881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان داوای گرەنتی نێودەوڵەتی دەكات، ئەوەش لەئەمریكاو چەند وڵاتێكی تر.

مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، كە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاوبووەتەوە، مەرجی بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو.

مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنەكە رایگەیاندووە، ئەو وڵاتانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن، دەبێت جێگرەوەیەكی تر بدەنە هەرێمی كوردستان، كە ئەو جێگرەوەیە لەریفراندۆم بەهێزتربێت.

مەسعود بارزانی لەبارەی ئەو وڵاتانەشی دەڵێن، مانگی نۆی ئەمساڵ كاتێكی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دەبێت دواخرێت، رایگەیاندووە، كە دەبێت ئەو وڵاتانە كاتێكی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكەن.

هەروەها بۆ ئەوە داوای گرەنتی لەحكومەتی عێراق‌و ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووەو راشیگەیاندووە "دەبێـت ئەو وڵاتانە بەنووسراوی فەرمی داوا لەهەرێم بكەن ریفراندۆم دوابخات، دواتریش گرەتنی ئەوە بدەن لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، دان بەئەنجامەكەیدا بنێن".

بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئەو هەنگاوە بنێن، ئەوە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ شەش مان، یان یەك ساڵ دوادەخات، ئەوەش لەسەر داوای ئەوان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017ین دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و ئەمەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەداوە هاتووە، كە كاردانەوەكان داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن.

مەسعود بارزانی جەختیشیكردووەوە، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی تاك كەسی، یان تاك حیزبی نییەو هەموو گەلی كورد بڕیاری لەبارەوە داوە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەوان ناتوانن بڕیاری دواخستنی بدەن.

هـ ـ ح