لە 31 ئاب چی روویدا؟
شارپرێس زانیاری‌ ورد لەسەر ژمارەو جوڵەی‌ هێزەكانی‌ پارتی‌‌و بەعس بڵاودەكاتەوە

کوردستان

31/08/2017‌ 10351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ֺراپۆرتی‌: شارپرێس:
21 ساڵی‌ تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر رووداوی‌ 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996، ئەو رۆژەی‌ هێزەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەهاوكاریی‌‌و پشتیوانی‌ سوپای‌ رژێمی‌ بەعس هەولێری‌ پایتەخت‌و ناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانی‌ گرتەوە دەست.

31ی‌ بەلای‌ بەشێكی‌ زۆری‌ خەڵكی‌ كوردستانەوە وەك "خیانەت" ناودەهێنرێت، بەو پێیەی‌ لەرێیەوە هێزێكی‌ كوردی‌ (پارتی‌) دەست لەگەڵ‌ رژێمەكەی‌ بەعس تێكەڵدەكات كە سەرسەختترین دوژمنی‌ كورد بوو، تا باڵانسی‌ شەڕی‌ ناوخۆ بەبەرژەوەندی‌ خۆی‌ كۆتایی‌ بهێنێت.

بەلای‌ بەشێك لەلایەنگرانی‌ پارتییەوە ئەو رۆژە وەك "رۆژی‌ شانازی‌" ناودەهێنن‌و پێیانوایە كاردانەوەیەكی‌ ئاسایی‌ پارتی‌ بووە لەبەرامبەر هاوكاریكردنی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران بۆ یەكێتی‌‌و پەلاماردانی‌ چەند جارەی‌ هێزەكانی‌ پارتی‌.

31ی‌ ئاب بەیەكێك لەگەورەترین قۆناغەكانی‌ هەڵكشانی‌ شەڕی‌ ناوخۆ ئەژمار دەكرێت، كە تا ئەمڕۆش بەروونی‌ لەیادەوەری‌ خەڵكدا ماوەتەوە.

"شارپرێس" لەرێی‌ ئەم راپۆرتەوە قۆناغەكانی‌ سەرەتای‌ 31ی‌ ئاب‌و ژمارەی‌ هێزە جوڵە پێكراوەكانی‌ بەعس‌و پارتی‌ دەخاتەڕوو، هەروەك زانیاری‌ ورد لەسەر هێرشی‌ پێچەوانەی‌ یەكێتی‌ "بەهاوكاری‌ ئێران" ئاشكرا دەكات.

بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ ئەو دەمە لەمیدیای‌ كوردیی‌‌و عێراقیی‌ بڵاوكرانەوە، رۆژی‌ 22ی‌ تەموزی‌ 1996، واتە تەنیا یەك هەفتە پێش پەلاماردانی‌ هەولێر، مەسعود بارزانی‌ داوای‌ كۆمەكی‌ سەربازیی‌ لەرژێمی‌ بەعس دەكات، هەرچەند بەشێكی‌ زۆر لەسەركردەكانی‌ یەكێتی‌ بڕوایان بەو گێڕانەوەیە نییەو پێیانوایە قەبارەی‌ هێرشەكە دەریدەخات كە پەلامارێكی‌ بەرنامە بۆ داڕێژراو بووەو چەند مانگێك لەوەوبەر كاری‌ لەسەر كراوە.

شەوی‌ 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996 لەچەند لایەكەوە هێزەكانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ رژێمی‌ بەعس تۆپبارانی‌ دەوروبەری‌ هەولێرو ناوچەی‌ قوشتەپە دەكەن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای‌ هێرشێكی‌ فراوانی‌ پارتی‌‌و بەعس بۆ سەر هەولێر.

ئەو هێزەی‌ سوپای‌ بەعس كە بەشداری‌ لەپەلامارەكەدا دەكات یەكێكە لەراهێنراوترین‌و ئامادەترین بەشەكانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كە پێشكەوتووترین چەكەكانی‌ ئەو دەمەیان لەدەستدا بووە.

پسپۆڕانی‌ سەربازیی‌ ئاماژە بەوە دەكەن كە لەپاش ساڵی‌ 1991ەوە یەكەمینجار بووە كە هێزەكانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ رژێمی‌ بەعس بەو ئەوەندە لەبارەگا سەرەكییەكانی‌ خۆیان لەبەغدای‌ پایتەخت دوور بكەونەوە.

ژمارەو جۆری‌ هێزەكانی‌ رژێمی‌ بەعس
بەپێی‌ زانیارییە سەربازییەكانی‌ یەكێتی‌، كە بەشێكیان لەساڵی‌ 2000 لەدەزگا راگەیاندنەكانی‌ ئەو حیزبەوە بڵاوكراونەتەوە، هەردوو فەیلەقی‌ یەك‌و پێنجی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ لەگەڵ‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراقی‌ لەهێرشەكەی‌ 31ی‌ ئابدا بەشداربوون‌و بەشێك لەو تانكانەی‌ كە بەكارهاتوون لەجۆری‌ (T72) بوون، كە ئەو دەمە پێشكەوتووترین تانكی‌ سوپای‌ عێراق بوون.

لەپاڵ‌ ئەم هێزانەدا چەندین هێزی‌ تری‌ سوپای‌ عێراق لەهێرشەكەدا بەشداربوون، لەوانە: هێزەكانی‌ فەرماندەی‌ عەمەلیاتی‌ "ئەڵاهوئەكبەر"ی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، تۆبخانەی‌ فەرماندەیی‌ عەمەلیاتی‌ "ئەڵاهوئەكبەر"، هێزەكانی‌ گاردی‌ بەغدا، هێزەكانی‌ عەدنانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ 39ی‌ پیادەی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ كۆماندۆی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ 38ی‌ پیادەی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ زرێپۆشی‌ 40، تۆبخانەی‌ فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ عەدنانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، تیپی‌ 7‌و 8‌و یەكی‌ پیادەو ئالی‌، لیوای‌ چوار‌و پێنج‌و شەشی‌ پیادە، تۆبخانەی‌ فەرماندەیی‌ هێزەكانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ بەغدا.

لەهێرشەكەی‌ 31ی‌ ئابدا 400 تانك‌و دەیان زرێپۆش‌و چەندین كەتیبەی‌ تۆبخانەو كاتیۆشاو هاوەن‌و هێلیكۆپتەر بەشداربوون.

پلانی‌ پەلامارەكە: لەهەموو لایەكەوە یەكێتی‌ گەمارۆ بدرێت
پلانی‌ هێرشكردنە سەر هەولێر بەشێوەیەك بووە كە هێزەكانی‌ یەكێتی‌ لەهەموو لایەكانەوە گەمارۆ بدەن، بۆیە لەچەند قۆڵێكەوە هێزەكانی‌ رژێمی‌ بەعس بەرەو هەولێر بەڕێدەكەون.

قۆڵی‌ یەكەم لەجادەی‌ سەرەكی‌ هەولێرەوەو لەئۆردوگای‌ قوشتەپە بەلای‌ خۆرهەڵاتی‌ هەولێرداو لەوێوە بەرەو باكوری‌ هەولێرو ئۆردوگای‌ كەسنەزان‌و دا‌رەتوو.

قۆڵی‌ دووەم لەرێگەی‌ دیبەگەوە بەرەو ناو شاری‌ هەولێر، قۆڵی‌ سێیەم لەرێگەی‌ گوێڕەوە بەرەو كانی‌ قڕژاڵەو ناو هەولێر.

قۆڵی‌ چوارەم بەدوو ئاڕاستە، یەكەمیان لەجادەی‌ موسڵەوە بەرەو ناو هەولێر، ئاڕاستەی‌ دووەم لەهەمان رێگەوە بەرەو پشتی‌ عەنكاوە، پارتیش هێزەكانی‌ خۆی‌ لەسەرەوەی‌ هەولێرەوە كۆدەكاتەوە.

قوسەی‌ سەدام حسێن راستەوخۆ خۆی‌ سەرپەرشتی‌ پرۆسەكەی‌ دەكرد‌و لەپلانەكەدا سەرۆكی‌ ئەركانی‌ سوپای‌ عێراق، فەرماندەكانی‌ هەردوو فەیلەقی‌ یەك‌و پێنج سەرۆكی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ بەشداربوون.

سەرلەبەیانی‌ 31ی‌ ئاب بەپێی‌ ئەو پلانەی‌ داڕێژراوە، هێزەكان بەرەو ناو شاری‌ هەولێر دەجوڵێن‌و لەچەند كاتژمێرێكی‌ كەمدا هەولێرو دەوروبەری‌ لەدەست یەكێتی‌ دەسەننەوە.

هەر لەو پلانەدا پارتی‌ ئەڵقەیەكی‌ گەمارۆكە لەباداواوە بەرەو دەشتی‌ كۆیە دەكاتەوە تا هێزەكانی‌ یەكێتی‌ لێوەی‌ بچنە دەرەوە.

یەكێتی‌ پێشتر ئاگادار بووە
بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ دەست "شارپرێس" كەوتوون، یەكێتی‌ بەماوەیەكی‌ زۆر پێش 31ی‌ ئاب ئاگاداربووە، كە پارتی‌ بەنیازە بەهاوكاری‌ رژێمی‌ بەعس پەلاماری‌ هەولێر بدات، بەڵام بەشێك لەسەركردەكانی‌ یەكێتی‌‌و تەنانەت خودی‌ تاڵەبانیش بڕوایان بەو زانیارییانە نەكردووە كە پێیان گەیشتووە.

هەر بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ "شارپرێس" چەند رۆژێك پێش 31 ئاب تاڵەبانی‌ لەكۆبوونەوەكانیدا باس لەوە دەكات كە حەوت مەڕ دەكاتە قوربانی‌ ئەگەر عێراق سوپا بنێرێت. 

تاڵەبانی‌ لەنامەیەكدا، كە ئەو دەمە بۆ جەبار فەرمان‌و مولازم عومەرو كۆسرەت رەسوڵی‌ (سەركردە سەربازییەكانی‌ یەكێتی‌) نووسیوە، باسی‌ پەیوەندییەكی‌ تەلەفۆنی‌ نێوان خۆی و بەرپرسێكی‌ ئەمەریكی‌ دەكات، كە بەتاڵەبانی‌ راگەیاندووە، ئەگەر ئێران بەشداری‌ شەڕ بكات عێراق دەستوەردەداتە شەڕەكەوەو ئەوانیش ناتوانن بەرگری‌ لێبكەن، لەبەرانبەردا تاڵەبانی‌ پێیدەڵێت، "ئەو قسانە پڕوپاگەندەی‌ پارتییەو راست نییە، ئێران بەشداری‌ كردبێت"، هەروەها پێشیدەڵێت "ئەگەر عێراق هەڵەیەكی‌ وابكات، ئەوا لەگەڵ دۆستەكانیان لەناو سوپای‌ عێراقی‌ دەیكەنە جەژنی‌ رووخانی‌ دیكتاتۆریەت".

هاوكات لەچەند رۆژێك پێش هێرشی‌ سوپای‌ عێراق، زانیارییەكان بڵاودەبنەوە كە سوپای‌ عێراق خەریكی‌ خۆسازدانە بۆ پەلاماردانی‌ هەولێر، كۆسرەت رەسوڵ بەبروسكە سەركردایەتی‌ ئاگادار دەكاتەوەو لەبەرامبەردا پێشنیار دەكات، كە هێزەكانیان لەدەرەوەی‌ شار بكشێنەوە ناو شارو بەرگری‌ بكەن، بەڵام وەڵامی‌ ئەو پێشنیارەش نادرێتەوە.

هێزەكانی‌ یەكێتی‌ پەرتەوازە دەبن
لەبەرامبەر هێرشە هاوبەشەكەی‌ سوپای‌ عێراق‌و پارتی‌، هێزەكانی‌ یەكێتی‌ بەماوەیەكی‌ كەم سەرجەم ناوچەكانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ خۆیان چۆڵ‌ دەكەن‌و پەرتەوازە دەبن.

بەقسەی‌ سەركردەیەكی‌ سەربازی‌ ئەو دەمە، هەر پاش چەند كاتژمێرێك لەبینینی‌ پەلاماری‌ هێزی‌ "بێشومار"ی‌ رژێمی‌ بەعس، هێزەكەی‌ یەكێتی‌ ورە لەدەست دەدەن‌و ناوچەكانیان یەك بەدوای‌ یەك چۆڵ‌ دەكەن.

ئەو فەرماندە سەربازییە كە داوایكرد ناوی‌ نەهێنرێت بە"شارپرێس"ی‌ وت "تەنانەت لەهێزە تایبەتەكەی‌ تاڵەبانی‌ كە نزیكەی‌ 1500 كەسی‌ شەڕكەرو هێزێكی‌ تۆكمەبوون، تاگەیشتنە سنور، 30 بۆ 40 پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكەدا مایەوە".

تەنانەت سەركردەكانی‌ یەكێتیش بەچەند لایەكدا پەرتەوازە دەبن‌و تا رۆژی‌ 10ی‌ ئەیلول بەشێكی‌ زۆریان روو دەكەنە نا‌وچەكانی‌ زەڵێ‌‌و ناوزەنگ‌و سونێ‌‌و توژەڵە‌و شێنێ‌ لەسنوری‌ ئێران، بەشێكی‌ زۆر سەركردایەتی‌‌و فەرماندەییەكان لەوێ‌ لەنزیك تاڵەبانی‌ كۆبوونەوە.

ئەو فەرماندەیە باس لەیەكەم كۆبوونەوەی‌ تاڵەبانی‌ دەكات لەگەڵ‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و سەركردە سەربازییەكانی‌ یەكێتی‌ لەسەر سنورو بەقسەی‌ ئەو تاڵەبانی‌ هەستی‌ كردووە كە بەشێكی‌ زۆری‌ خەتای‌ بڕیارەكانی‌ ئەو بووەو گوێی‌ بەئاگادارییە پێشوەختەكان نەداوە، ئەو سەركردەیە وتی‌ "تاڵەبانی‌ وتی‌: باس لەهەر شتێك دەكەن ئازادن، بەڵام نابێت كەس باس لەئاش بەتاڵ بكات".

یەكێتی‌ بەهاوكاری‌ ئێران خۆی‌ رێكدەخاتەوە
هەڵمەتی‌ پەلاماری‌ پێچەوانەی‌ یەكێتی‌ كە ئەو حیزبە بە"گەردەلولی‌ تۆڵە" ناویدەبرد، رۆژی‌ 10ی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 1996، واتە 40 رۆژ پاش 31ی‌ ئاب دەستپێدەكاتەوە.

لەو ماوەیەدا بەهاوكاری‌ هێزەكانی‌ ئێران، یەكێتی‌ بەسێ‌ رۆژ زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ ژێر دەستی‌ پارتی‌ لەسلێمانی‌‌و دەوروبەری‌ پاك دەكاتەوە.

لەم هێرشەدا ئێران چەندین راجیمەی‌ 12و هاوەنی‌ 120و دۆشكەو تەقەمەنی‌ جۆراوجۆری‌ دەدات بەیەكێتی‌، تەنانەت بۆ دڵنیابوونی‌ زیاتر لەپێشڕەوی‌ هێزەكە چەند راجیمەیەكی‌ جۆری‌ 40ی‌ دەباتە ناوچەی‌ شارباژێر تا لەكاتی‌ پێویستدا بەكاریان بهێنێت، بەڵام ئەم راجیمانە رادەستی‌ یەكێتی‌ ناكات‌و راستەوخۆ كەتیبەی‌ تۆپخانەكانی‌ سوپای‌ پاسداران دەیگرنە دەست.

هێزەكانی‌ یەكێتی‌، لەپەلامارە پێچەوانەكەدا بەچەند قۆڵێك دابەش دەكرێن بەسەر ناوچەكانی‌ چۆمان بۆ چوارتاو ئەزمەڕ، لەگەڵ‌ سەرتەكی‌ بەمۆ بۆ دەربەندیخان‌و ئاسۆس بۆ مەرگەو دوكان‌و شێنێ‌ بۆ قەڵادزێ‌‌و كێوەرەش‌و رانیە، ئەمە جگە لەقۆڵی‌ گۆخڵان، بۆ پێنجوێن‌و سەیدسادق‌و هەڵەبجە.

بەعس پەیام بۆ یەكێتی‌ دەنێرێتەوە
بەماوەیەكی‌ كەم هێزەكانی‌ پارتی‌ لەبەرامبەر هێرشی‌ یەكێتی‌ خۆیان پێناگیرێت‌و ناوچەكانی‌ سلێمانی‌‌و دەوروبەری‌ چۆڵ دەكەن، تەنانەت ئەو هێزەی‌ پارتی‌ كە رێگەیان لێدەگیرێت، بەناو كەركوك‌و بەبن دەسەڵاتی‌ رژێمی‌ بەعسدا دەچنەوە ناوچەكانی‌ خۆیان.

كاتێك یەكێتی‌ كۆیە دەگرێتەوەو لەچەند لایەكەوە لەسنوری‌ هەولێر نزیك دەبێتەوە، رژێمی‌ بەعس لەرێگای‌ كەسێك بەناوی‌ شێخ عەتا تاڵەبانی‌ پەیام بۆ یەكێتی‌ دەنێرێت، كە لەوە زیاتر رێی‌ پێشڕەویی كردنیان پێنادرێت، لەهەمانكاتدا ئەو هێزەی‌ رژێمی‌ بەعس لەقوشتەپە گلیداوەتەوە، بەتۆپی‌ دوورهاوێژ، هێزەكانی‌ یەكێتی‌ بۆردومان دەكەن تا بەر لەپێشڕەوییان بگرن. پاش چەند رۆژێك دیسان پارتی‌ هێزەكانی‌ خۆی‌ كۆدەكاتەوەو هێرش دەكاتەوە سەر یەكێتی‌، لەم هێرشەدا جارێكی‌ تر كۆیەو قەڵادزی‌‌و بازیان دەكەوێتەوە دەست پارتی‌‌و یەكێتی‌ جارێكی‌ تر پاشەكشە دەكاتەوە، دیسانەوە دواتر یەكێتی‌ ئەو ناوچانە دەگرێتەوە دەست.

پارتی‌ داوای‌ تەسلیمبوونەوە لەیەكێتی‌ دەكات
دوای‌ ئەوەی‌ لەماوەی‌ كەمتر لەدووهەفتە هەموو هێزەكانی‌ یەكێتی‌ لەژێر گوشار‌و پەلاماری‌ هێزەكانی‌ عێراق‌و پارتیدا روویان لەناوچە سنورییەكان كرد، ناوچەی‌ سەوزیان بەتەواوەتی‌ تەسلیم بەپارتی‌ كرا، وەك ئەوەی‌ چاوەڕواندەكرا هێزە گەورەكان بەتایبەتی‌ ئەمەریكاو هاوپەیمانەكان لەبەرامبەر دەستتێوەردانی‌ بەغدا هەڵوێستیان نەبوو، ئەوكاتە سەركردایەتی‌ پارتی‌ زیاتر هەستی‌ بەوەكرد كە لەهێنانی‌ سوپای‌ عێراق سەركەوتنی‌ بەدەستهێناوە، بۆیە لەرێگەی‌ چەند سەركردەیەكی‌ حیزبی‌ شوعییەوە پەیامێكی‌ بۆ یەكێتی‌ دەنێرێت‌و داوایان لێدەكات چەك دابنێن‌و وەك پارتێكی‌ مەدەنی‌ دەتوانن بگەڕێنەوەو بەشداری‌ پرۆسەی‌ سیاسی‌ بكەن.

پارتی‌ دەرگای‌ بۆ لایەنەكانی‌ تر كردەوە
بەقسەی‌ سەرچاوەیەكی‌ ئاگادار هەر لەو دەمەدا پارتی‌ هانی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ تری داوە تاپەیوەندی‌ لەگەڵ بەغدا دروستبكەن، بۆیە بەپۆل، كەسایەتی‌‌و سەركردەی‌ بەشێك لەلایەنەكانی‌ تر، تەنانەت یەكێتیش چەند جارێك نوێنەری‌ خۆی‌ ناردە بەغدا، حكومەتی‌ عێراقیش لەبەرامبەر ئەوكارەو وەرگرتنی‌ زانیاری‌ لێیان، نەوت‌و پارەی‌ بەسەردا بەخشینەوە. 

فەرماندەیەكی‌ پارتی‌: یەكێتی‌ پێشتر پاسداری‌ هێنا
فەرماندەیەكی‌ سەربازی‌ پارتی‌ كە خۆی‌ بەشداری‌ لەپەلاماری‌ 31ی‌ ئابدا كردووە بیانووی‌ هێنانی‌ رژێمی‌ بەعس بەوە دەهێنێتەوە كە یەكێتی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ بۆ پەلاماردانی‌ ئەوان بردووە.

ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژە بەوە دەكات كە لە28ی‌ تەموزی‌ ساڵی‌ 1996 (نزیكەی‌ مانگێك 31ی‌ ئاب) لەكاتژمێر 8:30ی‌ شەودا یەكێتی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ لەسلێمانییەوە بەرەو هەولێر بردووەو ناوچەی‌ بەحركەی‌ گرتووەتە دەست "پارتی‌ كەوتە حاڵەتی‌ ئامادەباشیەوەو 10 پێشمەرگە هێرشیانكردە سەر پاسداران‌و فەرماندە سەرهەنگ كوژرا ئەمەش ئێرانی‌ بەتەواوی‌ نیگەران كرد".

ئەو فەرماندەیە ئاماژە بەوە دەكات كە رۆژی‌ 16ی‌ ئاب‌و لەیادی‌ پارتیدا ئێران پەیامی‌ بۆ بارزانی‌ ناردووەو بەدەستەوەدانی‌ ئەو پێشمەرگانەی‌ كردووەتە پێشمەرج بۆ دەستپێكردنی‌ پرۆسەی‌ ئاشتی‌، لەمڕووەوە دەڵێت "جەنابی‌ سەرۆك سەرجەم ئۆرگانەكانی‌ پارتی‌ ئاگادار كردەوە كە پلانێكی‌ دەرەكی‌ بەهاوكاری‌ حیزبێكی‌ كوردی‌ بەڕێوەیە بۆ لەناوبردنی‌ پارتی‌".

ئەو فەرماندەیە لەدرێژەی‌ قسەكانیدا دەڵێت "لە18 ئاب حەوزی‌ سۆران بەهۆی‌ هێرشی‌ پاسدارو پێشمەرگەی‌ یەكێتی‌ شكستی‌ هێنا، كاك مەسعود پەیوەندی‌ بەكۆشكی‌ سپییەوە كرد بەبیانووی‌ سەرقاڵبوونیان بەهەڵبژاردن نەیانتوانی‌ بێنە سەر خەت، دواتر كاك مەسعود پەیوەندی‌ لەگەڵ توركیا بەست ئەوانیش سارد بوون، بۆیە ناچار كاك مەسعود داوای‌ لەحكومەتی‌ بەعس كرد هاوكاری‌ سەربازیی‌ بكەن‌و رژێمی‌ بەعس بەئاشكرا وتیان بۆئەوەی‌ دەوڵەتی‌ بێگانە عێراق داگیر نەكات ئەوە ئێمە هاوكاری‌ سەربازییتان دەكەین".

فەرماندەكەی‌ پارتی‌ لەگێڕانەوەی‌ یادەوەرییەكانی‌ ئەو رۆژە دەڵێت "رۆژی‌ 28ی‌ ئاب پارتی‌‌و حكومەتی‌ ناوەند گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ ئازادكردنی‌ هەولێر، كۆشكی‌ سپی‌ بەمە نیگەران بوو، پەیوەندییان بەكاك مەسعود كرد، كاك مەسعود وتی‌ ئەو رێككەوتنە بۆ دەركردنی‌ پاسدارە لەهەولێرەوە تا قەڵادزێ‌ ئەوانیش تەنها وتیان سەركەوتوو بن‌و تەلەفۆنەكەیان داخست.

بەپەلە