شارپرێس:
لایەنە سیاسییە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لایەنە سیاسییە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمو سەرۆكی یەكێك لە پارتە توركمانییەكانیش ئاماژە بەوە دەكات ئەوانەی دژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمن "پێویستە هۆكارەكەی ئاشكرابكەن".
هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەبەرانبەریشدا بەشێكی دیكەی لایەنەكانی توركمان ئاشكرایدەكەن، "لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكیان لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نییە، بەڵام لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پڕۆسەكە رەت دەكەنەوە".
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، كە هاوكات ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە ئاماژە بەوە دەكات، بەگشتی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان پشتگیری لەریفراندۆم دەكەنو پێی وایە ئەوەی دژایەتی ریفراندۆمیش دەكات دەبێت هۆكارەكەی روونبكاتەوە.
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، محەمەد ئیلخانڵی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسەكە وتی: "بۆچوونەكان ئاشكرایە بەڵام پێویستی بە هەندێك روونكردنەوە هەیە، حزب و لایەنە توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن، هاوكات لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەت لە شاری كەركووك، ئەو توركمانانەی كە سەر بە هیچ حزبێكی سیاسیی نیین و بێلایەنن، ئەوانیش پشتگیری لە پڕۆسەی ریفراندۆم دەكەن، كەواتا بە گشتی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی وەكو تەلەعفەر و كەركووك پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن، بەڵام تەنیا بەرەی توركمانی دژی ئەنجامدانی پڕۆسەكەیە و تاكو ئێستاش نازانین هۆكاری ئەو هەڵوێستەی بەرەی توركمانی چییە".
ئیلخانڵی پێی وایە ئەو لایەنانەی دیكە كە لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نیین، دەیانەوێت كاتەكە دەستكاری بكرێت بەڵام دژی ئەنجامدانی پڕۆسەكە نینن و لەمبارەیەوە گوتی: "لایەنە سیاسییەكانی دیكە كە لەگەڵ پڕۆسەی ریفراندۆم نیین تەنیا دەڵێن دەبێت كاتەكە بگۆڕدرێت، بەڵام بەرەی توركمانی دژی پڕۆسەكەیە و رەتی دەكاتەوە، بۆیە جگە لە بەرەی توركمانی، ئەوا حزب و لایەنە توركمانییەكان و خەڵكی بێلایەنەیش، پشتگیری لە پڕۆسەی ریفراندۆم دەكەن، چونكە ئەگەر بەراورد بكەین لە بارودۆخی توركمان لە نیوان هەولێر و ناوچەكانی دیكە دەبینین چ لە رووی كۆمەڵایەتی و چ لە رووی كولتووری و چ لە رووی بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسیی زۆر باشترە لە چاو شارەكانی دیكەی عێراق".
ئیلخانڵی ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەرەی توركمانی هەڵوێستێكی گرتووەتەبەر كە رێگای بۆ بواری گفتوگۆ نەهێشتووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "بەرەی توركمانی هەڵوێستێكی سیاسیی وای گرتووەبەرە و هیچ بوارێكی بۆ گفتوگۆ نەهشێتووەتەوە و باشتر وایە بەرەی توركمانی پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێستی خۆیاندا بكەن و باشتر وایە ئێمە سوود لەم بارودۆخە وەربگرین و پێویستە بەرهەمی خۆمان هەبێت لە پڕۆسەكە".
سەبارەت بە دڵنیاییدان بە پێكهاتەكان بە دەستەبەركردنی مافەكانییان لە دەوڵەتی داهاتووی كوردستان،سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، محەمەد ئیلخانڵی گوتی: "لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە (٥) هەیە كە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێكهاتەكان و لەدوا كۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆكی هەرێم بڕیارماندا وەسیقەیەك ئامادە بكرێت بۆ زامنكردنی مافی نەتەوەی و ئایینییەكان و ئەمەش دڵنیایی دەداتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان".
بەرەی توركمانی عێراقی لایەنێكی دیكەی پێكهاتەكانی توركمانە و لەسەرەتاوە بۆچوونی جیاوازی هەیە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی نەكردووە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەو پارتەش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم نییە لە هەرێمی كوردستان بەڵام كێشەیان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە هەیە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئێمە پێشووتریش ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە ئێمە لەهەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم نییە بەڵام لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پڕۆسەكە رەتدەكەیەنەوە و قبوڵی ناكەین".
ئایدن مەعروف وتیشی: "لە هەرێمی كوردستانیش پێویستە شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە و دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكان دیاریبكرێت، كاتەكە بە گونجاو نازانین لەبەر ئەوەی رەوشی عێراق تایبەتە، بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر هەیە و كەركووك سەدا ٤٠ ی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە و لەبەر ئەوە كاتێك باسی ریفراندۆم دەكرێت، دەبێت باسی ئاساییكردنەوەی ناوچەكانیش بكرێت، چونكە لەگەڵ پارچە پارچەبوونی عێراقدا، هەست دەكەین توركمانەكانیش دابەش دەبن، بۆیە كاتەكە بە گونجاو نازانین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی ئاماژەی بە پێكەوەژیانی پێكهاتەكان كرد لە رابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە كە لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەو پێكەوەژیانە دروست نەبووە و لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف گوتی: "ئەم پێكەوەژیانەی كورد و توركمان لە هەرێمی كوردستان سیمایەكی جوانی نیشانی جیهان داوە و هەمیشە پاڵپشتی ئەو پێكەوەژیانەین، بەڵام لەناوچە كێشەلەسەرەكان متمانەی نێوان پێكهاتەكان دروست نەكراوە و پێویستە ئەو متمانەیە دروست بكرێت".
ئایدن مەعروف گلەیی لە لایەنە توركمانەكانی دەرەوەی بەرەی توركمانی كرد و بە جێبەجێكاری ئەجێندای پارتە سیاسییەكانی هەرێم وەسف كردن و گوتی: "لایەنە سیاییەكانی توركمان كە لەدەروەی بەرەی توركمانین ئەوانە خزمەتی لایەنێكی سیاسیی هەرێم دەكەن و ئەمەش كاریگەری خراپی دروستكردووە لەسەر رەوشی توركمان، بۆیە پێویستە ئەم لایەنانە ببنە نوێنەری راستەقینەی توركمان و شەقامی توركمانی بەرەو پێشەوەببەن".
هـ ـ ح