شارپرێس:نیقاش
ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆنترۆڵیان كرده‌وه ئێستا بووه‌ته شاری خێوه‌كان‌و خاڵیه له دانیشتووان.
حامید جه‌نابی‌و خانه‌واده شه‌ش كه‌سیه‌كه‌ی له ژوورێكدا ده‌ژین له شارۆچكه‌ی موسه‌یب له باكووری بابل رووبه‌ره‌كه‌ی له 30 مه‌تر تێناپه‌ڕێت‌و خانووه گه‌وره‌كه‌ی‌و كێڵگه‌كه‌ی له شارۆچكه‌ی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" به‌جێهێشتووه كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێكدادانی چه‌كداری له نێوان رێكخراوی "داعش"و سوپای عێراق‌و هاوپه‌یمانانی له گرووپه شیعه‌كانی تێدا هه‌ڵگیرسا.
له‌و كاته‌وه خانه‌واده‌كه‌ی حامید‌و هه‌زارانی وه‌ك ئه‌و له دانیشتووانی شارۆچكه‌كه وه‌كو ئاواره له شارۆچكه‌ی "موسه‌یب"ی دراوسێ ده‌ژین‌و به‌ده‌ست هه‌لومه‌رجێكی ئابووری دژواره‌وه ده‌ناڵێنن ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ماڵ‌و كێڵگه‌كانیان به‌جێهێشێت‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌ده‌ستچوو، هاوكات هه‌ندێكی دیكه دانیشتووانه‌كه بڕیاریان دا له هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌نبار نیشته‌جێ ببن.
حامید به "نیقاش"ی وت: "سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاره‌كه‌مان له‌ده‌ستی تیرۆریستان ئازادكرا، به‌ڵام تا ئێستا رێگه‌یان پێنه‌داوین بگه‌ڕێینه‌وه، هه‌مووان به‌وه تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن كه تیرۆریستین، ئێمه دانیشتووانی بێ چه‌كین له‌سه‌ر كشتوكاڵ ده‌ژین، ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ شاری فه‌لوجه كه سیاسییه‌كان به پایته‌ختی داعشی ناو ده‌به‌ن هه‌روه‌ها له موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دینیش به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام ئێمه گه‌ڕانه‌وه‌مان لێ قه‌ده‌غه‌یه".
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار بڕیارێكی ده‌ركرد كه تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌دژی ئه‌و سیاسیانه له‌خۆده‌گرێت كه داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی شارۆچكه‌ی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر"ی باكووری بابل بۆ ماڵه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش شه‌پۆلێك نیگه‌رانی هێزه سیاسییه سوننه‌كانی لێكه‌وته‌وه، هه‌روه‌ك خانه‌واده‌كه‌ی حامید جه‌نابی‌و ئاواره‌كانی دیكه‌ش بێ‌ئومێد بوون له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان.
له تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2014 هێزه عێراقییه‌كان‌و گرووپه شیعه‌كان دوای چه‌ند شه‌ڕێكی سه‌خت شارۆچكه‌كه‌یان له‌ده‌ستی رێكخراوی "داعش" كۆنترۆڵ كرده‌وه‌و ئه‌وكات سه‌ركه‌وتووه‌كان بڕیاریان دا ناوی شارۆچكه‌كه بگۆڕن بۆ "جه‌رف ئه‌لنه‌سر" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر توندڕه‌وه‌كاندا.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شارانه‌ی دیكه‌وه كه هێزه عێراقییه‌كان به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو ئازادیان كردوون، رێگه به دانیشتوانی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" نه‌درا بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان‌و شاره‌كه به‌بێ دانیشتووان وه‌ك شاری خێوه‌كان مایه‌وه‌و ته‌نیا گرووپه شیعه‌كانی تێدا بڵاوبوونه‌ته‌وه كه دیارترینیان "به‌در"و عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"ن‌و ئه‌و گرووپانه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابل گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانی شارۆچكه‌كه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
ره‌عد ده‌هله‌كی ئه‌ندامی لیژنه‌ی راگوێزراوان‌و كۆچبه‌ران له په‌رله‌مانی عێراق به "نیقاش"ی وت: "رێگرتن له گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانی جه‌رف ئه‌لسه‌خر بۆ شاره‌كه‌یان به‌شێكه له هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافی له وڵات‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی له دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و ده‌وروبه‌ری به‌غدا‌و ته‌نانه‌ت نه‌ینه‌واش رووده‌دات".
وتیشی: "تا ئێستاش دانیشتووانی جه‌رف ئه‌لسه‌خر ئاواره‌ن‌و له هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌نبار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و هیچ كه‌سێكیان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شاره‌كه ماوه‌ی سێ ساڵه ئازادكراوه، هه‌رچی دانیشتووانه‌كانی دیكه‌شه ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی شارۆچكه‌كانی دراوسێی جه‌رف ئه‌لسه‌خر بوون ناو به‌ناو دووچاری رفاندن‌و ده‌ستگیركردن ده‌بنه‌وه".
پێگه‌یه‌كی ستراتیجی
شارۆچكه‌ی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" ده‌كه‌وێته باكووری پارێزگای بابل‌و به‌ناوچه‌یه‌كی ته‌ختانی له‌گه‌ڵ شاری فه‌لوجه له ئه‌نبار به‌ستراوه‌ته‌وه‌و 60 كم له به‌غدای پایته‌خته‌وه دووره، به‌رله هێرشی "داعش" بۆسه‌ر شارۆچكه‌كه نزیكه‌ی 30 هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌ژیا كه زۆرینه‌یان له دانیشتووانی سوننه بوون‌و مۆركی عه‌شایریان به‌سه‌ردا زاڵه‌و پیشه‌یان كشتوكاڵه‌و سوودیان له پێگه‌ی شاره‌كه وه‌رگرتووه له‌سه‌ر روباری فورات‌و به‌زۆری دارخورما‌و داری میوه‌ی تێدا ده‌چێنرێت.
به‌پێی قسه‌ی مه‌جید سه‌هلانی فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی له هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" كاتێك رێكخراوی "داعش" له هاوینی ساڵی 2014دا هێرشی كرده سه‌ر عێراق‌و سێیه‌كی رووبه‌ره‌كه‌ی داگیركرد كه نه‌ینه‌وا‌و ئه‌نبار‌و چه‌ند به‌شێكی فراوانی سه‌ڵاحه‌دینی تێدابوو، توندڕه‌وان گه‌یشتنه ده‌وروبه‌ری باشووری به‌غدا به شارۆچكه‌ی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر"یشه‌وه ئه‌ویش له‌میانی پلانێكدا كه داگیركردنی به‌غدای له‌خۆده‌گرت.
سه‌هلانی كه فه‌رمانده‌یی كۆمه‌ڵێك جه‌نگاوه‌ر ده‌كات له باكووری بابل به"نیقاش"ی وت: "كاتێك له‌دوای هه‌ره‌سهێنانی هێزه‌كانی سوپا له وڵات‌دا بێسه‌روبه‌ره‌یی وڵاتی گرته‌وه، داعش پلانی بۆ داگیركردنی به‌غدا دانا، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ش تیرۆریستان جه‌رف ئه‌لسه‌خریان كۆنترۆڵ كرد كه نزیكه له رێگای خێرا كه به‌غدا به پارێزگاكانی باشوور ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌وڵیشان ده‌دا ئه‌و رێگایه ببڕن تا رێگه‌ی رزگاركردنی پایته‌خت له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بگرن".
وتیشی: "حه‌شدی شه‌عبی توانی ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له سه‌خترین‌و ئاڵۆزترین شه‌ڕه‌كان ئه‌نجام بدات بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارۆچكه گرنگه‌و زۆرینه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شدارییان تێدا كرد تا توانیمان تیرۆریستان ده‌ربكه‌ین".
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی رێگرتن له گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانه ئاواره‌بووه‌كه‌ش بۆ ماڵه‌كانیان، سه‌هلانی ده‌ڵێت: "به‌ڕاشكاوی ترسی ئه‌وه هه‌یه تیرۆریستان سه‌رله‌نوێ دزه بكه‌نه‌وه بۆ ناو شاره‌كه، ده‌یان شه‌هید‌و بریندارمان به‌خشیوه بۆ ئازادكردنی شاره‌كه‌و رێگه ناده‌ین ئه‌وه‌ی روویدا دووباره ببێته‌وه، به‌ده‌یان كه‌س له دانیشتووانی شاره‌كه‌ش هه‌ن كه چوونه‌ته ریزی داعش‌و پێشتریش له‌دوای ساڵی 2003وه چووبوونه ریزی رێكخراوی قاعیده‌و گرووپه چه‌كداره ناوخۆییه‌كان".
بڕیارێكی جێمشتومڕ
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا شارۆچكه‌ی "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" هاته‌وه پێشه‌وه‌ی رووداوه‌كان، چیرۆكه‌كه‌ش له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستیپێكرد كه هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق روودانی چه‌ند هێرشێكی تیرۆریستی جیاجیان بۆسه‌ر شارۆچكه‌كه راگه‌یاند كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له بیابانی دراوسێیه‌وه بووه له ئه‌نبار، هه‌روه‌ك ره‌عد جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابلیش رایگه‌یاند له ماوه‌ی یه‌ك مانگدا 10 كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" روویانداوه.
به‌ڵام كامل غه‌ریری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق لێدوانه‌كانی جبوری به ناڕاست داده‌نێت‌و پێی وایه ئامانجیان رێگرتنه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان‌و له راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیشدا وتی: "چۆن كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له ناوچه‌یه‌كی ته‌واو خاڵی له دانیشتووان‌و دابڕاو له جیهانی ده‌ره‌وه رووده‌دات كه ته‌نیا هێزه ئه‌منییه‌كانی تێدا بڵاوبوونه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها وتی: "ئامانج له‌و لێدوانانه دۆزینه‌وه‌ی بیانووه بۆ نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی جه‌رف ئه‌لسه‌خر ئه‌ویش بۆ به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی سیاسی كه به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ده‌ستمان ده‌گه‌ن په‌یوه‌ندیان به گۆڕینێكی دیمۆگرافیه‌وه هه‌یه كه له‌ڕێی گۆڕینی گرێبه‌سته كشتوكاڵیه‌كان بۆ كه‌سانی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ناحیه‌كه كاری بۆ ده‌كرێت".
چه‌ند رۆژێكه به‌پرسانی شیعه‌و سوننه یه‌كتری سه‌باره‌ت به "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن‌و كێشه‌كه په‌ره‌ی سه‌ند تا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابل كه "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو كۆنترۆڵی كردووه، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو بڕیارێكی ده‌ركرد تۆماركردنی داوای یاسایی له‌دژی ئه‌و سیاسیانه له‌خۆده‌گرێت كه داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن بۆ "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" ئه‌وه‌ش شه‌پۆلێك نیگه‌رانی هێزه سیاسییه سوننه‌كانی لێكه‌وته‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش ره‌خنه‌ی له بڕیاره‌كه گرت.
په‌رله‌مانتار محه‌مه‌د كه‌ربولی له "یه‌كێتی هێزه نیشتمانییه عێراقییه‌كان" (هاوپه‌یمانییه‌كه هه‌موو حزبه سوننه‌كانی وڵات له‌خۆده‌گرێت) به "نیقاش"ی وت: "بڕیاره‌كه پێشێلكردنی مافه مه‌ده‌نییه‌كانی هاووڵاتی عێراقییه‌و ئامانج لێی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافیه كه له‌سه‌ربنه‌مای پاڵنه‌ری تایفی بنیاتنراون".
كه‌ربولی وتیشی: "زۆرینه‌ی خه‌ڵكی جه‌رف ئه‌لسه‌خر هاوكاری تیرۆریان نه‌كردووه‌و حاڵیان وه‌كو دانیشتووانی فه‌لوجه‌و رومادی‌و سه‌ڵاحه‌دینه كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌كانیان، به‌ڵام بۆچی دانیشتووانی جه‌رف ئه‌لسه‌خریش نه‌گه‌ڕێنه‌وه؟". كه‌ربولی داوایشی له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كرد ده‌ست له‌و كێشه‌یه وه‌ربدات‌و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه ماڵه‌كانیان.
ته‌نانه‌ت نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له عێراق (یونامی) ره‌خنه‌ی له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابل گرت‌و له راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا رایگه‌یاند "بڕیاره‌كه هه‌وڵێكه بۆ تۆقاندنی سیاسییه عێراقییه‌كان تا رێگه‌یان پێنه‌درێت ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن له كاركردن بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتیان كه به هه‌زارانیان بۆ چه‌ندین مانگ دوور له زێدی خۆیان‌و سه‌رچاوه‌ی بژێوی‌و له‌زۆرحاڵه‌تیشدا دوور له خێزانه‌كانیان له هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا بوون ".
س.هـ