ئاژانسێكی ئێرانی "مەترسییەكان"ی وڵاتان بۆ راپرسییەكەی هەرێم دەخاتەڕوو

کوردستان

07/09/2017‌ 1290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی ئێرنای ئێران راپۆرتێكی شیكاری لەسەر "مەترسییەكان"ی وڵاتانی دەوروبەر بەرانبەر ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێم بڵاوكردووەتەوە، كە بەهۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی داواكاری جیابوونەوەی پارچەی تر لەعێراق وەسفیكردووە.

ئاژانسی فەرمی ئێرنا، كە سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەڕاپۆرتەكەدا باسی لەنیگەرانییەكانی وڵاتەكەی‌و وڵاتانی دراوسێ بەرانبەر بەپرسی ریفراندۆمی هەرێم كردووە، كە بڕیارە لەم مانگەدا بەرێوەبچێت.

لەبەشێكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كاردانەوە نەرێنییەكانی ریفراندۆم "بەرزبوونەوەی دەنگی ئەو گروپانەیە، كە كار بۆ جیابوونەوە لەعێراق دەكەن بەتایبەت سوننەكان."

بەپێی راپۆرتەكە لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە، ژمارەیەك گروپ لەعێراق خەونی جیابوونەوەیان هەیە، هەرچەندە بارودۆخ بۆ ئەو گروپانە لەبار نییەو تاڕادەیەك ئەستەمە، بەڵام "ریفراندۆمی كوردەكان هۆكارێك دەبێت بۆ بەهێزبوونی داواكاری ئەو گروپانە".

ئەمە لەكاتێكدایە، هەریەكە لەئێران‌و توركیا، كە سنورەكانیان بەهەرێمی كوردستانەوەیە بەئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە نیشانداوەو هۆشداری دەرەنجامی مەترسیدارییان داوەتە بەرپرسانی هەرێم.

لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی ئێرنادا ئاماژە بەسیاسەتی ئەمریكا كراوە بەرانبەر ریفراندۆم‌و وەك كارتێكی یاری كردن وەسفكراوە، "كارتێك، كە بەئەنجامدانی ریفراندۆم دەسوتێت "، بۆیە ئەمریكا فشارەكانی بۆ رێگریكردن لەئەنجامدانی خستووەتەگەڕ.

ئیرنا ئەوەی نووسیوە لەگەڵ بوونی ئەو فشارە زۆرەی سەر كوردەكان بۆ پاشگەزبوونەوە لەبڕیاری ریفراندۆم، بەڵام مەسعود بارزانی سوورە لەسەر بڕیارەكەو ئامادە نییە پەشیمانبێتەوە.

لەبارەی سووربوونی بارزانی‌و گوێنەدان بەفشارەكان ئیرنا نووسیویەتی "هۆكاری سەرەكی كێشە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمەكەیە، مەسعود بارزانی دەیەوێت بەم رێگەیە تێروانینی رای گشتی لەسەر قەیرانەكان بەلایەكی تردا بەرێت ".

جگە لەوە باسی دژایەتییە بەردەوامەكانی ئێران، توركیاو سوریای كردووە، كە هەرجۆرە هەنگاوێك بەرەو سەربەخۆیی كوردەكان لەپارچەكانی تر هان دەدات بەهەمان ئاراستە هەنگاوبنێن ئەوەش مەترسی گەورە لای ئەو وڵاتانە دروستدەكات.

بریارە 25ی ئەم مانگە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لەعێراق لەشارەكانی هەرێم‌و ناوچە دابرێنراوەكان بەرێوەبچێت‌و لەدوایین لێدوانی مەسعود بارزانی هاتووە، كە بەهیچ شێوەیەك پرۆسەكە دواناخرێت.

ر . ح