دراوسێیەكی‌ مەترسیدار..
رێككەوتنەكەی حیزبوڵڵای لوبنان‌و داعش ئەنباری ترساندووە

عیراق

08/09/2017‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەكاتێكدا پارێزگای ئەنبار چاوی لەوەیە دوایین سێ شارۆچكەی بن دەستی داعش كۆنترۆڵ بكرێنەوە، ئەو سەودانامەیەی حیزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ داعش ئەنجامیدا، ئەو پارێزگایەی ترساندووە.

هەفتەی رابردوو دوای چەند رۆژێك لەشەڕی نێوان هەردوولا "حیزبوڵڵای لوبنان" سەودانامەیەكی لەگەڵ رێكخراوی داعش ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی سەدان چەكداری رێكخراوەكە لەناوچەی جرودی قەلەمون لەسەر سنووری سوریا‌و لوبنان بۆ پارێزگای دێرەلزور‌و شارۆچكەی ئەلبوكەمال لەسوریا، كە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق‌و پارێزگای ئەنبار.

دەنگدانەوەی ئەو سەودانامەیە لەعێراق لەسەر هەردوو ئاستی رەسمی‌و میللی نەرێنی بوو، لەم رووەشەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بە "سوكایەتیكردن بە گەلی عێراق"ی دانا، چەند بەرپرسێكی دیكە‌و تەنانەت هاووڵاتیانیش رەخنەیان لەسەودانامەكە گرت‌و رژێمی سوریا‌و حزبوڵڵایان بە پیلانگێڕی دژی عێراق تۆمەتبار كرد.

هۆكاری نیگەرانی عێراق لەوەدایە، كە بەپێی رێككەوتنەكە ئەو چەكدارانەی داعش لەناوچە سنوورییەكانی نێوان سوریا‌و لوبنان دەكشێنەوە، دەگوازرێنەوە بۆ شارۆچكەی ئەلبوكەمال لەسوریا، ئەو شارۆچكەیەش دراوسێی شارۆچكەی قائیمە لەپارێزگای ئەنبار لە عێراق.

لەمانگی ئابی ساڵی 2014دا داعش جیهانی تووشی شۆك كرد كاتێك سنووری پەیماننامەی سایكس پیكۆی سڕیەوە‌و ساترە گڵینەكانی سنووری نێوان عێراق‌و سوریای لەناوبرد‌و دامەزراندنی شارێكی نوێی راگەیاند بەناوی "ویلایەتی فورات" كە لە شاری "ئەلبوكەمال"ی سوریاوە درێژدەبێتەوە تا شاری "قائیم"ی عێراق‌و بەحوكمی چەند هۆكارێكی جوگرافی بووە پارێزراوترین‌و سەلامەتترین شار بۆ داعش.

كاتێكیش حكومەتی عێراق لە هاوینی ساڵی رابردوودا هێرشێكی بەرفراوانی لە ئەنبار ئەنجامدا كە بە ئازادكردنی شارەكانی فەلوجە‌و رومادی‌و هیت‌و كوبەیسە‌و روتبە كۆتایی هات، لەبەر چەند هۆكارێك شارەكانی عانە‌و راوە‌و قائیمی سەر سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ سوریا بەجێهێشت‌و پێی باشبوو سەرەتا بچێتە موسڵ‌و پاشان بگەڕێتەوە بۆ ئەنبار.

چەند مانگێكە بەرپرسانی خۆجێیی‌و شێخی عەشیرەتەكان لە ئەنبار داوا لە حكومەت دەكەن پەلە بكات لەجێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو سێ شارۆچكەیە‌و پاراستنی سنوور، بەڵام بەپێی قسەی راجع عیساوی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار حكومەت ئەو كارە پشتگوێ دەخات.

عیساوی بە "نیقاش"ی وت "ئەو سەودانامەیەی حزبوڵڵا لەگەڵ داعش كردوویەتی كارەساتە بۆ ئەنبار، هەمووان دەزانن كە هێزی داعش لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا چڕبووەتەوە‌و هەردوو شارۆچكەی ئەلبوكەمال لە سوریا‌و قائیم لە ئەنبار بۆ توندڕەوان بە یەك شار دادەنرێن‌و پێی دەوترێت ویلایەتی فورات".

وتیشی "پیلانگێڕییەك لەئارادایە بۆئەوەی ئەنبار بكەوێتەوە دەست تیرۆریستان پاش ئەوەی ساڵی رابردوو هێزە ئەمنییەكان‌و جەنگاوەرانی عەشیرەتەكان شەڕی سەختیان لەدژی توندڕەوان كرد بۆ ئازادكردنی رومادی‌و فەلوجە‌و هیت‌و روتبە‌و كوبەیسە.. بۆچی لە چوارچێوەی سەودانامەیەكی سیاسیدا لەگەڵ تیرۆریستان سەدان توندڕەو دەگوازرێنەوە بۆ سنوورەكانمان؟".

عیساوی داوای لە حكومەت كرد پشتیوانی سەربازی بەپەلە بۆ ئەنبار بنێرێت لەترسی گەیشتنی تیرۆریستان بە شارەكە‌و ئەنجامدانی هێرش بۆسەر شارە ئازادكراوەكان.

دوای سێ رۆژ لە سەودانامەكەی نێوان حزبوڵڵا‌و داعش كە رۆژی 28ی مانگی رابردوو ئەنجام درا، فڕۆكەكانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەركردایەتی دەكات چەند هێرشێكی ئاسمانیان ئەنجامدا‌و ئەو رێگا‌و پردانەیان كردە ئامانج كە دەبووایە كاروانی ئەو پاسانەیان پێدا تێپەڕ ببێت كە تیرۆریستان دەگوازنەوە ئەویش بەمەبەستی رێگریكردن لە گەیشتنیان بە سنوورەكانی عێراق.

"هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا رایگەیاند كە "رێگە بە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی نادات بەرەو خۆرهەڵات بە ئاڕاستەی سنووری عێراق بجووڵێن" وتیشی: "لەبەر بوونی ژن‌و منداڵ لەكاروانەكەدا بۆردومانی چەكدارەكانی نەكردووە".

كاروانەكەش كە بریتیە لە نزیكەی 17 پاس‌و نزیكەی 300 چەكداری راهاتووی داعش لەخۆدەگرێت لەناوچەیەكی بیاباناوی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریا بەناوی سەخنە لەنێوان هەردوو پارێزگای حومس‌و دێرئەلزور راوەستاوە.

پایتەختە نهێنیەكەی داعش
 چەند مانگێكە ماجید مەحلاوی یەكێك لە سەركردەكانی جەنگاوەرانی عەشیرەتەكان لە شاری حەدیسەی خۆرئاوای ئەنبار لەگەڵ ئەو گرووپەی سەركردایەتیان دەكات، لەترسی دزەكردنی تیرۆریستان لەو سێ شارەی دراوسێی ژێر كۆنترۆڵی داعشەوە، چاودێری ئەو بیابانە دەكات كە بەسەر دەوروبەری شارۆچكەكەدا دەڕوانێت.

هاوكات جەنگاوەرانی عەشیرەتەكان لەگەڵ هێزەكانی فیرقەی حەوتی سوپای عێراق ساتری گڵینیان دروستكردووە بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بۆ ناو شارۆچكەكە، هەندێك جاریش هێرشی خێرا لە ناوچە بیاباناویەكاندا ئەنجام دەدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی حەشارگەی توندڕەوانی لێ نییە.

مەحلاوی بە "نیقاش"ی وت: "ویلایەتی فورات هەردوو شاری قائیم‌و ئەلبوكەمال لەخۆدەگرێت‌و پایتەختی نهێنی داعشە‌و سەركردەكانی رێكخراوەكەی لێیە كە كاروبارەكانی رێكخراوەكە بەڕێوەدەبەن، هەمووان پێیانوایە كە هێزی داعش لە موسڵ‌و رەققەدایە، بەڵام لە راستیدا هێزەكەیان لێرە لە ویلایەتی فوراتدایە‌و كۆتاییەكەشیان هەر لێرە دەبێت نەك لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهان، بەڵام شەڕەكە سەخت‌و ئاڵۆز دەبێت".

مەحلاوی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات زانیارییە هەواڵگرییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە بە هەزاران چەكداری داعش ئەوانەی لە چەند مانگی رابردوودا لە شەڕەكانی ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و موسڵ هەڵاتوون ئەمڕۆ لەسەر سنووری نێوان عێراق‌و سوریا كۆبوونەتەوە بۆ یەكخستنی ریزەكانیان، ئەو سەودانامەیەی ئەم دواییەش كە لەنێوان رژێمی سوریا‌و داعش بۆ گواستنەوەی چەكداری زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە ئەنجام دراوە، وەكو كارەسات وایە، ئێمە لەگەڵ تیرۆریستان دانوستانمان نەكردووە‌و نایكەین".

بەگوتەی عومەر عوبەیدی نەقیب لە فیرقەی حەوتی سوپای عێراق، كاتێك لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەلوجەیان راگەیاند، بڕیاریان دا بەرەو موسڵ بكەونەڕێ لەباكوور لەبری پاككردنەوەی شارەكانی دیكەی ئەنبار لە تیرۆریستان ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە دووریی شاری "قائیم" لە بنكە سەربازییەكانەوە.

هەروەها ئەو ئەفسەرە كە فیرقەكەی لە بنكەی "عەین لئەسەد" شانبەشانی سەربازانی ئەمریكا جێگیر بووە، بە "نیقاش"ی وت: "شەڕەكەی قائیم ئاسان نییە‌و لە شەڕەكانی رومادی‌و فەلوجە‌و سەڵاحەدین جیاواز دەبێت".

دەشڵێت: "كێشەیەكی دیكە كە لەكاتی نەخشەدانان بۆ ئازادكردنی ئەو شارە رووبەڕووی سوپا دەبێتەوە ئەوەیە دەكەوێتە سەر سنوور لەگەڵ سوریا‌و لەوێ بۆماوەیەك توندڕەوەكان هەڵدێن‌و پاشان دەگەڕێنەوە، چونكە هێزە عێراقییەكان ناتوانن ئەو سنوورە دورودرێژە لەگەڵ سوریا بپارێزن كە درێژییەكەی (600 كم) دەبێت بەبێ ئەوەی هێزێكی دیكە هەبێت لە بەرەكەی تردا تیرۆریستەكان گەمارۆ بدات".