میدیای فەرمی پارتی باس لەهۆكاری "بێ‌ دەنگی" نێچیرڤان بارزانی دەكات

کوردستان

09/09/2017‌ 12714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی كەناڵی كوردستان تیڤی، ئۆرگانی فەرمی پارتی دیموكرات باسی هۆكاری "بێ دەنگی" نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتەكەو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكات.
 
پێگەی فەرمی كوردستان تی ڤی، لەوتارێك بڵاویكردووەتەوە، "لەماوەی ڕابردوو هەندێك لە میدیاكان بەمەبەست‌و ئامانجی دیاریكراو پرسی بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی‌و ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان قۆستەوە.. ئاخر لەدنیای ڕاگەیاندندا كەسایەتییە گەورەو كاریگەرەكان زۆرجار بێدەنگیشیان دەبێتە هەواڵی گرنگ، چونكە میدیا دەزانێت ئەو جۆرە كاراكتەرانە چەند كاریگەریان لەسەر كۆمەڵگا هەیە".

لەوتارەكەدا ئەوەشی هاتووە: "ئیشی ئێمە شیكاركردنی ئامانجی میدیاكان نییە لەم وتارەدا، بەڵكو قسەكردنە لەهەژاری‌و كورتبینی هەندێك .. ئەوان پێیان وایە پشتگیریكردن لەسەربەخۆیی تەنیا لەڕێگەی گوتارەوە دەبێت، بێئاگا لەوەی ئەم پرسە چارەنووسسازە پێویستی بەدابەشكردنی ڕۆڵ‌و كارەكانە (توزیع اڵادوار)، كە كاتێك سەرنج دەدەیت جەنابی سەرۆك جگە لەپێشوازی لەشاندی وڵاتان‌و دیدارە كەسی‌و گشتییەكان بەوڵاتاندا وەك گەڕیدە پەیامی گەلی كوردستان‌و ئامانجی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕووندەكاتەوەو بەحەفتاو یەك ساڵی تەمەنەوە بووەتە كێوی ورەو وزە بۆ هەموان‌و نێچیرڤانیش جگە لەدەركەوتنێكی كەم‌و پێویست نەبێت بە سروستی خۆی دوور لەچاوی میدیا لەبەئەنجام گەیاندنی ئەركەكانی بەردەوامە".

ئەمە لەكاتێكدایە بەشێك لەمیدیاكان باس لە "بێ دەنگی" نێچیرڤان بارزانی لەماوەی رابردوو دەكەن، بەتایبەتی لەسەر پرسی ریفراندۆم‌و گوایە ناوبراو لەگەڵ ئەو پرسە نییە.

میدیا فەرمییەكەی پارتی ئەوەشی نووسیوە، كە "ڕوونە پێشتر بنەماكانی دەوڵەت خاك، خەڵك‌و سیستم بوون لێ لەئێستا ڕاگری هەرە بنەڕەتی دەوڵەتی هاوچەرخ بوونی پەیوەندی دبلۆماسی‌و پێكەوە گرێدانی بەرژەوەندیەكانە لەگەڵ كۆمپانیاو وڵاتە زلهێزەكان لەلایەك‌و پرسی مافی مرۆڤ و ئازادی و پێكەوە ژیانە لە لایەكی تر، هەموانیش لێمان ڕوونە كۆڵەكەی ئابوری سەربەخۆی كوردستان ئەندازیارەكەی نێچیرڤان بارزانییە".

هـ ـ ح