یەكێتی "گەشبینە" بەكاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان

کوردستان

09/09/2017‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بێگەرد تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمان "گەشبینی" حیزبەكەی بەكاراكردنەوەی پەرلەمان نیشاندا، ئەوەش لەماوەی ئەم هەفتەیە.

بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، زۆر گەشبینین بەوەی لەماوەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە.

قسەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەدوای كۆبوونەوەی شاندێكی حیزبەكەی هات لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، كە ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا، ئەوەش بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی راگەیاند، كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی "زۆر باش" بووەو ئاشكراشیكرد، بەم نزیكانە ئەنجامەكانی دەردەكەوێت، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

یەكێتی پرۆژەیەكی حەوت خاڵی ئامادەكردووە، ئەوەش بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، كە دوو ساڵە بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەكانەوە كارەكانی پەكیكەوتووە.

یەكێتی رۆژی هەینی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەو ئەمڕۆش لەگەڵ كۆمەڵ، كە پرۆژەكەی لەگەڵ تاوتوێكردن‌و بڕیارە لەگەڵ پارتی دیموكراتیش كۆبوونەوە بۆ هەمان مەبەست بكات.

هـ ـ ح