عەلی كەریمی: دەكرێت سیناریۆی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی كوردستان دووبارە بكرێتەوە

کوردستان

09/09/2017‌ 3919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هێمن حەسەن
عەلی كەریمی نووسەر و كەسایەتی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە خۆپیشاندانەكانی ر‌وژهەڵاتی كوردستان وەك هەلێك دەكرێت گەورە بكرێت‌و كەڵكی لێ وەربگیرێت بەوتەی خۆی ئەگەر ئەجێندا و ئیرادە و رابەریی دڵسۆز و كارامەی هەبێ.

عەلی كەریمی لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ شارپرێس بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەخاتەڕوو رایگەیاند": زەخت و زوڵم و زۆری حكومەتی ئاخوندی لە ئێران بۆ سەر كوردان زۆر لە كوشتنی دوو كۆڵبەر گەورەترە و رابردووی زۆر كۆن و وەحشیانەی هەیە و تەنانەت بە قەتل وعام و سوتان و برینی زۆر گەورەمان شاهید هەیە، بۆیە هەمیشە وایە زوڵم لە شوێنێك دەپسێ و ئەم شوێنە دەبێتە نوقتەی تەقینەوە".

كەریمی ئاماژە بەوەش دەكات كە دەكرێت سناریۆی رۆژئاوای كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستانیشدا كەڵكی لێ وەرگیرێت دووبارە بكرێتەوە، بەڵام وەك ئەو دەیڵێت تەنیا بە شەرتێك ئیرادە و ئامانج و حیزبی پێشرەوە و شۆرشگیر رابەری بكات و جەماوەر كۆدەنگ بن.

شارپرێس: بەبڕوای تۆ خۆپیشاندانەكەی شاری بانە تەنیا لەپێناو دوو كۆڵبەر بوو یان پەیوەندی بە فشارو ناڕەحەتیەكانی ترەوە هەیە كە لە رۆژهەڵاتدا هەیە؟
عەلی كەریمی: زەخت و زوڵم و زۆری حكومەتی ئاخوندی لە ئێران بۆ سەر كوردان زۆر لە كوشتنی دوو كۆڵبەر گەورەترە و رابردووی زۆر كۆن و وەحشیانەی هەیە و تەنانەت بە قەتل وعام و سوتان و برینی زۆر گەورەمان شاهید هەیە، بۆیە هەمیشە وایە زوڵم لە شوێنێك دەپسێ و ئەم شوێنە دەبێتە نوقتەی تەقینەوەكە و بە دڵنییایی كوشتنی ئەم دوو جوانەمەرگە لە ئەمڕۆدا خەڵكی ئێشاند، بەلام ئەمە كۆكراوەی نزیك بە 40 ساڵ غەدر و جەلادی كۆماری ئیسلامی ئێرانە كە ئیتر خەڵك بێدەنگ نابێت.

شارپرێس: بۆچوونێك هەیە كە پێیوایە دوور نییە ئەم خۆپیشاندانانە فراونتر بن‌و هەموو رۆژهەڵاتی كوردستان بگرێتەوە تاكو گۆڕانكاری لەئێراندا رووبدات لانی كەم بەرانبەر بە كورد؟
عەلی كەریمی: راستە هیچ دوور نییە ئەمە تەشەنە بكات و بگاتە راپەرینی جەماوەری، بەلام پێموایە ئەمە زۆر زوویە ئەم قسەیە بكەین، راپەرین و ئێعترازاتی بە كۆمەڵ بێگومان دەبێ كاری بۆ بكرێت و رێكخراو و حیزبی بەرپرسیار و دوورئەندیش و كادری بە توانا و بە مشوری گەرەكە و دەبێ كاری بۆ بكرێت كە ئەمانە بقۆزترێنەوە و سازماندهی بكرێن

شارپرێس: دەكرێت ئەو خۆپیشاندانە وەك هەلێك بۆ رزگاربوونی خەڵكی رۆژهەلاتی كوردستان سەیر بكرێت‌و بقۆزرێتەوە؟
عەلی كەریمی: هەموو هەلێك دەكرێت گەورە كرێتەوە و كەڵكی لێ وەرگرین تەنیا بە شەرتێك ئەجێندا و ئیرادە و رابەریی دڵسۆز و كارامەی هەبێ.

شارپرێس: پێتوایە سیناریۆی رۆژئاوای كوردستان لە رۆژهەڵات دووبارە ببێتەوە؟
عەلی كەریمی: زۆر ئاسان دەكرێ سناریۆی رۆژئاوا كەلكی لێ وەرگیرێت و تەنانەت تێكراریش بێتەوە، تەنیا بە شەرتێك ئیرادە و ئامانج و حیزبی پێشرەوە و شۆرشگیر رابەری بكات و جەماوەر كۆدەنگ بن.

شارپرێس: چۆن سەیری هەڵوێستی پارتەكانی رۆژهەڵات دەكەیت بەرانبەر خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵات؟
عەلی كەریمی: بە داخەوە پارتەكانی رۆژهەڵات زۆر لە كۆمەڵگا و خەڵكی خۆیان دوور كەوتوونەوە و دەتوانم بڵێم تەنانەت زمانی گفتومان و لێك تێگەیشتنیان ئێستا زۆر لێك دوورن و كە دەگرێتەوە سەر خەبات و شێوەكانی و تاكتیك و ستراتیژیش لە دوو دنیای جیاوازن، تەنانەت ئەوان ئێستاش بە دیدی تەنگ و بچوكی حیزبایەتی و مەترەح كردنی تەنیا حیزبەكەی خۆیان چاو لە رووداوەكان دەكەن و بە كورتی هیچ شتێكیان ناوێت گەر بە ناوی حیزبی خۆیانەوە نەبێت، بە واتایەك هەمان خێڵ و بنەمالەیی بیر دەكەنەوە لە فۆرمی حیزبی سیاسی، واتا حیزبە سیاسییە مۆدێرنەكان جێگەی دیوەخان و تایفەیان گرتۆتەوە و دەبێ ئەگەر شتێك بكرێت لە سەر دەستی ئەوان و ناوی حیزبەكەی ئەوانەوە بێت.

شارپرێس: ئەگەر رۆژهەڵات پشتو پەنایەكی هەبووایە ئێران بەو جۆرە دەیتوانی غەدر لە گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بكات؟
عەلی كەریمی: بە دڵنییایی نەك تەنیا پشت و پەنا بەڵكۆ گەر زانیبای تەواوی میللەت بە روح و گیان لە گەڵن نەیدەتوانی وا بكات، تورەبوونی راستەقینەی گەڵ زۆر شت دەتونێتەوە، ئەوجار گەر هێزێكی بە قووەت لە پشت ئەم گەلە بێ بە دلنیایی كۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە كەیفی خۆی بكات، تەنانەت نەتەنیا وڵاتی زلهێز بەڵكو حیزب و هیزێكی چەكداری رێك و پێكی خۆماڵیش هەبێ ئەوان حیسابی هەر بۆ دەكەن.

شارپرێس: هۆكاری چییە پارتەكانی رۆژهەڵات ناتوانن سود لەو هەل‌و دەرفەتانە وەربگرن؟
عەلی كەریمی: هۆكار زۆر سادەیە و لە سەرەوە باسم كرد، ئەوان دوور كەوتونەوە و لە باشور دانیشتن بەوماوە زۆرە ئیتر بێ ئاگا بوون لە بارودۆخ و ئەوجار بەرژەوەندی ماڵی و شەخسی وای لێكردون بیر لە شتی بچوك كەنەوە  نەك شتە گەورەكە

 شارپرێس: پارتەكانی رۆژهەڵات دەتوانن لەسەر پلاتفۆرمێك یان خەباتێكی هاوبەش رێكبكەون تا ئەو خۆپیشاندانانە سەربخەن؟
عەلی كەریمی: ئەمڕۆ گەر ئیرادە و ویست هەبێ رۆژی عەمەلە وئەوەش بە خۆمە خۆمە و من گەورەم و ئەوانی تر بچوك و ئەم خۆ بە زل زانینە ناكرێت، دەبێ هەموو تەوازوعیان هەبێ و بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكەنەوە نەك حیزبی، ئەوكات دەتوانن لە دەوری بەرەیەك و چەند خاڵی موشتەرەك كۆوەبن.

شارپرێس: ئایا دەركردنی بەیاننامەیەك بەتەنیا چی پێ دەكرێت ئەگەر جوڵەیەكی كرداری نەبێـت لە رۆژهەڵات؟
عەلی كەریمی: بەم هەموو بەیاننامە و هەر لەخۆرا چەند دێر نووسین تەنیا خۆیان سوك دەكەن و ئەوە نیشان دەدەن كە چەند دوورن و چەند دەستەوەستانن.

س.هـ