عەبادی و یەڵدرم لە سەر ریفراندۆم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

عیراق

15/09/2017‌ 920 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا بلاویانکردەوە ئەمڕۆ بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە.

بەپێێ زانیارییەکان پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمەوە بووە و یەڵدرم داوای لە عەبادی کردووە لەگەڵ وڵاتەکەی هاوکار بن بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم.

یەڵدرم رایگەیاندووە ریفراندۆمی هەرێم هەنگاوێکی هەڵەیە و مەترسی لە سەر ناوچەکە دروست دەکات هەربۆیە پێویستە هەماهەنگی لە نێوان هەردولایان هەبێت بۆ رێگری کردنی.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمرۆ سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە دوای بەشداری کردنی لە نوێژی هەینی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند خوازیاری ئەوە نین پەنا بۆ سزادانی ئابوری بەرین بەڵام ئەگەر بەرپرسانی هەرێم سوور بن لە سەر ریفراندۆم ئەوا بە دڵنیایەوە کاردانەوەمان دەبێت.

لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی لە وتەیەکدا لە میانی بەشداری لە ئاهەنگی ریفراندۆم لە شاری ئامێدی رایگەیاند تا ئێستا هیچ بەدیلێک بۆ ریفراندۆم نیە و پرۆسەکە بە هیچ شێوەیەک دواناخرێت.

بریار وایە ٢٥ی ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ جیابونەوە لە عێراق بەرێوەبچێت و بەوهۆیەوە کاردانەوەی ناوخۆیی دەرەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ر.ا