ئێران بەفەرمی هەڕەشەی داخستنی سنوورەكان لەهەرێم دەكات

کوردستان

17/09/2017‌ 1106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئەمنی نیشتمانی ئێران هەڕەشەی لەهەرێمی كوردستان كرد، كە سنوورەكانی وڵاتەكەی بەروودا دادەخات، ئەگەر هاتوو سەربەخۆیی رابگەیەنن.

عەلی شەمخانی لەمیانی لێدوانێك، كە لەمیدیا جیهانییەكان بڵاوبووەتەوە، رایگەیاند "ئەگەر هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكات‌و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، سنوورەكانی بەڕوودا دادەخەین".

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئەمنی نیشتمانی ئێران راشیگەیاند، جگە لەداخستنی سنوور، ئێران هەموو رێككەوتنە ئەمنی‌و سەربازی‌و سیاسی‌و ئابوورییەكان لەگەڵ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە.

شەمخانی جەختیشیكردەوە، كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، "هیچ گرنگییەكی بۆ ئەوان نییەو ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنرێت‌و عێراق پارچەبكرێت، ئێران بەتوندی دژی دەوەستێتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، كە ئەمە كاردانەوەی ئێرانی لێكەوتووەتەوەو لەو بارەشەوە چەند جارێك بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشدارییانداوە.

عەلی شەمخانی هەروەها رایگەیاندووە، كە هێشتا دەرفەت لەبەردەم بەرپرسانی هەرێم ماوە بۆ پاشەكشە لەریفراندۆم‌و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ چارەسەری كێشەكان.

هـ ـ ح