كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

21/09/2017‌ 4914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لەهەولێر بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە، كە لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەریكرد.

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لەهەولێر ئەمڕۆ پێنج شەممە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە، لەبارەیەوە نووسیوییەتی "نووسینگەی وتەبێژ بۆ بڵاوكردنەوەی دەستبەجێ، بەیاننامەی وتەبێژ ھێزەر نوێرت 20-09-2017 لەبارەی ڕیفراندۆمی بەرنامەبۆدانراوی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی عێراق".

لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی عێراقە بۆ سەربەخۆیی، كە بڕیارە لە ٢٥ ئەیلول ئەنجامبدرێت، بەھەمان شێوە ھەموو دراوسێكانی عێراق، ھەروەھا نزیكەی ھەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دژی ئەو ڕیفراندۆمەن". 

هەروەها لەبەیاننامەكە هاتووە، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ھانی سەركردە كوردە عێراقییەكان دەدات بۆ ئەوەی بەدیلەكە قبوڵ بكەن, كە بریتیە لەدایەلۆگێكی جددی‌و بەردەوام لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا, كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ھاوشانەكانی ترەوە پشتیوانی دەكرێت, لەسەر ھەموو بابەتەكانی جێگەی نیگەرانی بەپەیوەندی داھاتووی نێوان بەغداو ھەولێریشەوە".

بەیاننامەكە هۆشداریداوە، ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجامدرا, پێناچێت دایەلۆگ لەگەڵ بەغدا دا ئەنجامبدرێت, ھەروەھا ئەو پێشنیارە نێودەوڵەتییەی سەرەوە بۆ پشتیوانیكردن لەدایەلۆَگیش نامێنێت.
 
بەیاننامەكە ئەوەشی راگەیاندووە "نرخەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ھەموو عێراقییەكان بەكوردیشەوە بەرزدەبێت، ڕیفراندۆم ئێستاش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ھەماھەنگی بەزاندنی داعش بۆ وەدەرنانی داعش لەوناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی ماون لەعێراق، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەت ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوەو گرژی زیاد دەكات، كە داعش‌و گرووپە توندڕەوەكانی تر لەم كاتەیا بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوە ی بیقۆزنەوە، باری ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و سنوورەكانیان پێویستە لەڕێی دایەلۆگ‌و بەپێی دەستوری عێراقی چارەسەربكرێن, نەوەك  لەڕێی كاری یەك لایەنە یاخود ھێزەوە".

هاوكات ئەوەشی راگەیاندووە "ڕیفراندۆم لەوانەیە پەیوەندییە بازرگانیەكانی ھەرێمی كوردستانی عێراق‌و ھەموو جۆرەكانی  كۆمەكی نێودەوڵەتیش بخاتە بەرمەترسییەوە, ھەچەندە ھیچ یەكیك لەھاوشانەكانی عێراق ھیواناخوازن ئەمە ڕووبدات، ئەمە بەسادەیی واقیعی ئەو بارودۆخە زۆر جدیەیە، بەپێچەوانەشەوە, گفتۆگۆی ڕاشكاو, بەدیلەكە, كە ھانی سەركردەكانی كورد دەدەین قبوڵی بكەن, ھیوای ئەوەی پێیە، كە چارەسەری زۆر لەنیگەرانییە ڕەواكانی كوردی عێراق بكات‌و وەرزێكی نوێی پەیوەندی نوێ‌و بنیاتنەرانە لەنێوان ھەولێرو بەغدا دا دروستبكات كەسودی بۆ ھەموو خەڵكی عێراق دەبێت".

لەبەیاننامەكە ئەوەش هاتووە، كە كوردەكان پێویستە شانازی بەوەوە بكەن، كە تاوەكو ئێستا ڕیفراندۆم بەدەستی ھێناوە, لەوانەش یەكگرتوویی زیاتری كوردو چالاك كردنەوەی پەرلەمان بۆیەكەمجار لەماوەی نزیكەی دوو ساڵداو خستنی بابەتە گرنگەكان بۆ سەر سەكۆی نێو دەوڵەتی, لەگەڵ ھاوشان‌و دۆستان، كە ئامادەن بۆ بنیاتنان لەسەر ئەو ڕۆحی ھەماھەنگییەی، كە لە نێوان ھێزە ئەمنیەكانی عێراق و پێشمەرگە  لە ھەڵمەتی دژ بەداعش بەرجەستەكرا بۆ یارمەتیدانی چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان، بەداخەوە, ڕیفراندۆم لەھەفتەی داھاتوودا ھەموو ئەو ورەبەخشینەو زیاتریش دەخاتە بەردەم مەترسیەوە، كە خودی ڕیفراندۆم چتیر پێویست نییە لەكاتێكدا كە ڕێگای جێگرەوە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ئامادەو پشتیوانی كراوە.

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڕیارە لە 25 ئەم مانگە بەرێوەبچێت، كە ئەمریكا دژایەتی پرۆسەكە دەكات‌و دەیەوێت دوابخرێت‌و پرۆسەكە ئەنجامنەدرێت.

هـ ـ ح