یەك ملیۆن نەمام لەخۆدەگرێت
بەسرە بەهەڵمەتی سەوزكردن خۆی رزگاردەكات

عیراق

23/09/2017‌ 745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەسرە بەدەست بەبیابانبوون‌و بەرزبوونەوەیەكی زۆری پلەكانی گەرما‌و پیسبوونێكی مەترسیداری ژینگەییەوە دەناڵێنێت، لەهەوڵێكیشدا بۆ ئەوەی‌ بەسەوزایی‌ خۆی‌ رزگار بكات.

عەلا بەدران نەقیبی ئەندازاریانی كشتوكاڵی‌و لێپرسراوی هەڵمەتی "بەسرەكەمان شایانی دارێكە" دەڵێت: "دەستپێكردنی ئەم هەڵمەتە بۆ زرگاركردنی ژینگەیە كە زیانێكی گەورەی بەركەوتووە‌و پلەكانی گەرما لە بەسرە لەم چەند ساڵەی دواییدا 50 پلەی سەدییان تێپەڕاندووە، كە ئەمەش پێشینەیەكی مەترسیدارە".

ئەو روونیشی دەكاتەوە‌و دەڵێت "بیرۆكەكە لەلایەن چەند چالاكوانێكی ژینگەییەوە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا تا پێگەیشت‌و گەڵاڵەبوو، بەو ئاراستەیەشدا گرووپێك لە خۆبەخشان هەڵمەتەكەیان رێكخستووە‌و رێبەرایەتی دەكەن‌و پرۆگرامێكی تەواوی بۆ دانراوە‌و نزیكەی 100 خۆبەخشیان لەگەڵە، ئەمە جگە لە 15 هەزار هاوسۆز كە ئامادەییان بۆ هاوكاریكردنمان دەربرٍیوە، لەو بڕوایەشدام ئەم ژمارەیە لە رۆژانی داهاتوودا زیاد بكات، هەروەها بەدەنگەوەهاتنێكی زۆریش هەیە لەلایەن هەندێك لە وەزارەتەكانەوە وەك سەرچاوەكانی ئاو‌و گواستنەوە ئەمە جگە لە هەندێك دامەزراوەی حكومی لە بەسرە".

بەدران پێیوایە هیچ ئامرازێكیان نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە بەسرە جگە دابینكردنی رووپۆشێكی رووەكی، بۆئەوەش نموونەی جۆری ئەو درەختانە دەهێنێتەوە كە بەرگەی پلەكانی گەرما دەگرن‌و بەسەركەوتوویی لەو دەوڵەتانەی كەنداو روێندراون كە كەشوهەوایان هاوشێوەی بەسرەیە‌و بەهۆی ئەو رووپۆشە رووەكییەوە تێكڕای گەرمایان نزمتر بووەتەوە.

هەروەها ئامانج‌و كاتەكانی هەڵمەتەكەی بۆ "نیقاش" روونكردەوە‌و وتی: "پلانەكەمان بریتیە لە رواندنی 16 ملیۆن نەمام لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، قۆناغی یەكەمیش رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەخۆدەگرێت‌و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە (ئەیلول) دەستپێدەكات تا تشرینی‌ دووەم‌و ئینجا لە15ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ داهاتووەوە دەستپێدەكاتەوە تا 15ی‌ نیسان‌و هەوڵدەدەین لەو ماوەیەدا یەك ملیۆن نەمام بڕوێنین".

پسپۆران لەو باوەڕەدان كە دابینكردنی 16 ملیۆن نەمام ئاستی پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، لە بارێكیشدا ئەگەر بودجە‌و پشتیوانی پێویست دابین بكرێت، ئەوا پرۆژەكە رووبەڕووی ئاستەنگێك دەبێتەوە كە ئەویش نەبوونی ئاوی پێویستە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی سوێری شەتولعەرەب هەروەها نەبوونی وێستگەی پێویست بۆ پاكژكردنەوە، لەبەرئەوە بیریان لە رواندنی (داری بێ بەر) كردووەتەوە كە بەوە جیادەكرێنەوە بەرگەی تینوێتی‌و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما‌و سوێری ئاو دەگرن، تا بەردەوامبوونیان مسۆگەر بكرێت.

ئەحمەد حەنون بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگە لە بەسرە دەڵێت: "ئێمە پشتیوانی ئەم هەڵمەتە دەكەین لەپێناو زیاكردنی رووبەری سەوزایی‌و سوودلێوەرگرتنی وەك بەربەست بۆ خۆڵبارین‌و تەپوتۆز، چونكە زەویە رووتەنەكان بەشێوەیەكی زیانبەخش دووچاری لەبەریەكهەڵوەشان‌و بەرزبوونەوەی خۆڵ‌و تەپوتۆز دەبنەوە".

وەزارەتی ژینگەش ئاشكرای كردووە كە بەپێی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی ساڵانەی زەوییە چێندراو‌و بەراو‌و دێمییەكان، رێژەی لەسەدا 70ی رووبەری زەوییەكان لە ناوەڕاست‌و باشووری وڵات بەدەست كێشەی بەبیابانبوونەوە دەناڵێنێت. وەزارەت باسی لەوەش كردووە كە "خراپ بەڕێوەبردنی زەوییە گشتوكاڵییەكان یاخود نەگونجاوی هۆكارە تەقلیدییەكانی ئاودێری یان وشكەساڵی بووەتە هۆی ئەوەی بەهەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی دووچاری وشكبوون ببن، بەوپێیەش رووبەری بەبیابانبوون زیادی كردووە".

چالاكوانان دووپاتی دەكەنەوە كە چاویان لەوەیە هەموو خوێندنگەكانی بەسرە‌و دامەزراوە تەندروستییەكان‌و هەموو دامەزراوە حكومییەكان لە پارێزگاكە سەوز بكەن ئەمە جگە لە سەوزكردنی شەقام‌و پاركە گشتییەكان‌و ماڵی هاووڵاتیانیش، دوا قۆناغیش دروستكردنی پشتێنەی سەوز لەخۆدەگرێت بەتایبەتی لەنزیك كێڵگە نەوتییەكان‌و ئەو شوێنانەی ئاویان تێدایە بۆئەوەی دوای سەوزكردن‌و ئامادەكردنەوەیان، ببنە ناوچەی گەشتیاری".

چالاكوانی ژینگەیی قاسم مەششات كە یەكێكە لە ئەندامانی هەڵمەتەكە بە "نیقاش"ی وت: " 8 جۆر رووەكمان هەیە لە هەڵمەتی سەوزكردنەكەدا بەكاردەهێنرێن كە بەوردی هەڵبژێردراون‌و لە ژینگەی سەختدا تاقیكراونەتەوە كە بە بەرزی پلەی گەرما‌و نەبوونی ئاو جیادەكرێنەوە وەك ناوچەكانی (ئوم قەسر)‌و (سەفوان) لەسەر سنووری كوەیت".

هەروەها وسفی جۆری ئەو دارانەش دەكات كە دەڕوێندرێن‌و دەڵێت: "چەند جۆرێكی دیاریكراوی دارو نەمام هەن لەوانە كاسیا‌و جلوكا‌و لەپی مریەم‌و كاریزیا‌و كالیپتۆس ئەم دارانە بە خێرایی گەشەكردن ناسراون. ئێستاش كار بۆ دابینكردنی ئەو رووەكانە دەكەین لەرێی رواندن‌و زۆركردنیان، چونكە وەجبەیەكی ئەزموونییان بەسەركەوتوویی لێ رووێندراوە، هەروەها دەست دەكەین بە رواندنی وەجبەیەكی زۆر كە زیاتر لە نیو ملیۆن نەمامە بۆئەوەی یارمەتیدەر بێت لە دابینكردنی شەتڵ بۆ ئەم هەڵمەتە".

ئەو هەڵمەتەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و چالاكوانانی پاراستنی ژینگە دەستیان پێكردووە خەریكە پشتیوانی چەندین لایەنی دیكەش بەدەستدەهێنێت، لەوبارەیەشەوە زینە تەمیمی كە خۆبەخشێكی هەڵمەتەكەیە، دووپاتی دەكاتەوە ئەوان سەر بەهیچ لایەنێكی سیاسی یان حزبی یان هەر لایەنێكی دیكە نین‌و هۆكاری بەشداریكردنیان لە هەڵمەتەكەدا زیادبوونی نیگەرانی‌و گیرۆدەبوونە بەدەست بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما‌و زیادبوونی رووبەری بەبیابانبوون‌و رێژەی بەرزی پیسبوون لە ئەنجامی پاشماوەكانی نەوت‌و چالاكییەكانی دیكەی وەك فراوانبوونی ئاوەدانی هەڕەمەكی‌و برٍینەوەی دارستانەكانی خورما.

هەروەها لەبارەی رۆڵی خۆی لە هەڵمەتەكەدا بە "نیقاش"ی وت: "من لە لیژنەی راگەیاندنم‌و بەدرێژایی مانگێك كۆمەكم كۆكردووەتەوە ئەویش لەڕێی سەردانی دامەزراوە رەسمییەكان‌و كۆمپانیا‌و كەسایەتییەكان، لەو سەردانانەشدا بەتێروتەسەلی پلان‌و ئامانجەكەمان رووندەكەینەوە كە چۆن‌و بەچ شێوەیەك دەتوانن پشتیوانیمان بكەن، بەدەنگەوەهاتنێكی زۆریشمان هەبووە".

هەڵمەتەكە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بایەخێكی زۆری پێداروە‌و چەند پەیجێكی بانگەشەی لە فەیسبووك بۆ تەرخانكراوە، ئەمە جگە لەوەی چەند گرووپێك لە واتس ئەپدا بانگەشەی بۆ دەكەن، هەروەك ئەو سایتانە سەرنجی فۆڵۆوەرەكانیان راكێشاوە، ئەمە جگە لە گفتوگۆی تایبەت بە بایەخی سەوزكردن‌و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو شەتڵانەی لەگەڵ كەشوهەوای بەسرەدا دەگونجێن‌و بایەخپێدانیان لەگەڵ خستنەڕووی ئەزموونی گەلانی دیكە لەو بارەیەوە. هاوكات چەند ئەندازیارێكی پسپۆر لە ژینگە‌و كشتوكاڵ‌و ژمارەیەك لە شارەزایان لە پسپۆرییە جیاجیاكاندا هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەشداریكردن لە هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمامدا.

هەروەها هەڵمەتەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی لە پارێزگاكانی دیكەشدا هەبووە، لەوبارەیەوە حەسەن عەلی محەمەدی جوتیار لە سلێمانیەوە هەزار شەتڵی بە هەڵمەتەكە بەخشیوە، لەوبارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "من كوردم لە ناوچەی كەلار لە سلێمانی‌و بەم دواییانە سەردانی بەسرەم كرد‌و خراپبوونی بارودۆخی ئەو پارێزگایەی خۆشمان دەوێت زۆر ئازاری داین، لەبەر ئەوە هەزار شەتڵی (كالیپتۆس)م بە هەڵمەتەكە بەخشی، هیواداریشم هەموو خاوەن مەشتەل‌و كێڵگەكان ئەوەی لەدەستیان دێت بیبەخشن بۆ هەڵمەتەكە".

حەسەن ئامۆژگاری خەڵكی بەسرە دەكات‌و دەڵێت: "دەبێت هەموو هاووڵاتیان‌و چالاكوانان‌و لایەنە رەسمییەكان ئەوە لەبەرچاوبگرن كە حیكمەت تەنیا لە رواندنی درەختدا نییە، بەڵكو لە چاودێریكردنیدایە، لەبەرئەوە هیوادارم بەر لەدەستپێكردنی هەڵمەتی سەوزكردنەكە هەموو پێداویستییەكانی سەركەوتن دابین بكەن لەپێناو گەشەكردن‌و بەردەوامیدان بەو درەختانە لەڕووی دابینكردنی ئاو‌و پارێزگاری لێكردنیان لە ئاژەڵ‌و خەڵكی تێكدەر‌و دابینكردنی شوێنی گونجاو بۆ رواندنیان".