شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان مانۆرێكی سەربازی ئەنجامدەدات، ئەوەش پێش بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.
مانۆڕەكەی سوپای سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەكات، ئەوەش لەسەر سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو رۆژهەڵاتی كوردستان لەئێران، كە ناوچەكانی هەردوو شاری مەریوانو سنە دەگرێتەوە.
مانۆڕەكە دوو رۆژ بەردەوامی دەبێتو بڕیارە دەیان یەكەی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران بەشداری تێدا بكەنو دەیان جۆر چەكی تێدا بەكاربهێنرێت، لەوانەش چەكی قوسو مامناوەند.
مانۆڕەكە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، كە ئێران بەو پرۆسەیە ناڕازییەو دژایەتی خۆی بۆ راگەیاندووەو داوای دواخستنی دەكات.
پێشتریش سوپای توركیا لەسەر سنووری باكووری كوردستانو هەرێمی كوردستان دەستی بەمانۆڕێكی سەربازی كرد، كە مانۆڕەكە تا 26 ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت، كە ئەو وڵاتەش دژی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە.
هـ ـ ح