هێزێكی دژەتیرۆر رەوانەی شارەكە دەكات
یەكێتی باس لەبوونی "پیلانی هەواڵگیری" توركیا لەسەر كەركوك دەكات

کوردستان

23/09/2017‌ 8275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەبوونی "پیلانی هەواڵگیری" توركیا لەسەر شاری كەركوك دەكات‌و بۆ ئەوەش هێزێك رەوانەی شارەكە دەكات.

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لەرێگەی ئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند هەواڵێكی بەپەلەی بڵاوكردووەتەوە، كە لەیەكێك لەهەواڵەكان رایگەیاندووە "كەمتر لە ٥ سەعاتی تر هەموو شتێك بۆ خەڵك یەكلایدەبێتەوە لەسەر پیلانە هەواڵگرییەكانی توركیا دژ بەكەركوك".

مەڵبەندەكە ئەوەشی راگەیاندووە، كە لەو بارەوە "یەكێتیش بڕیارێكی گرنگ دەدات"، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.

هەروەها لەهەواڵێكی تر بڵاویكردووەتەوە، كە "هێزەكانی دژەتیرۆر لەشاری كەركوك لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودان‌و لەسلێمانیشەوە هێز رەوانەی كەركوك دەكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ریفراندۆمەكە كەركوك‌و ناوچەكانی تریش دەگرێتەوە، وەك بڕیاری لێدراوە.

لەبەرانبەر ئەوەدا مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، كە ئەوان رێگەنادەن بەئەنجامدانی ریفراندۆم لەشاری كەركوك، ئەوەش بەهۆی مەترسی لەسەر شارەكە دروستدەبێت.

هـ ـ ح