سەڵاحەدین بەهادین: ئێمەی كورد هیچ هەڕەشەیەكمان بۆ كەس نەبووە

کوردستان

24/09/2017‌ 450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، ئێمەی كورد هیچ هەڕەشەیەكمان بۆ كەس نەبووە‌و ئێستاش هەڕەشە نابین تەنیا داواكردنی مافی خۆمانە.

قسەكانی سەڵاحەدین بەهادین ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندام پەرلەمان‌و ئەندامی شارەوانی بەریتانیاو رۆژنامەنووسانی بیانی، كە بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی ریفراندۆم سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، ئەمینداری گشتی ئاماژەی بەمافی كورد كرد لەدیاریكردنی چارەنووسی خۆی‌و راشیگەیاند "ئەو كێشەیە دێرینەو دەبوایە دوای درووستبوونی ئەو وڵاتانە بنەبڕ كرابا ئەوەش پەیمانی ئەو كاتەی وڵاتە سەركەوتووەكان بوو، بەڵام ئیلتزامی پێوە نەكرا.

هەروەها رایگەیاند "مافی چارەی خۆنوسین وەك مافێك مافی هەموو گەلێكە، جگە لەشكستی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق لەچارەسەركردنی كێشەكانی كورد و تەنانەت پەنایان بردە بەر بەكار هێنانی چەكی كیمیاویی و كۆمەڵ كوژی كورد بە ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەنجەوە".

قسەكان لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، كە یەكگرتووی ئیسلامی پشتگیری پرۆسەكە دەكات.

هـ ـ ح

بەپەلە