یەڵدرم ریفراندۆم كێشەكان چارەسەرناكات
"لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەین مكوڕبوون لەو هەڵەیە"

کوردستان

24/09/2017‌ 1218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی هەرێمی كوردستان چارەسەرناكات، بەتایبەتی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

بیناڵی یەڵدرم، ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی وتارێك راشیگەیاند راپرسی گرژی‌و ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات‌و خەڵكی ناوچەكە باجەكەی دەدەن. 

سەرۆك وەزیرانی توركیا جەختیشیكردەوە، ئەوانەی ئەم "ستەمە بەهۆی خەیاڵی نەزۆك و سووربوونی چەند بەرپرسێكەوە بۆ خەڵكی ناوچەكەو برا كوردەكانمان بەڕەوا دەبینن، بێگومان رۆژێك گەلەكەی خۆیان باجەكەی دەدەن".

هەروەها رایگەیاند ریفراندۆمی هەرێم "هەر ئەنجامێكی هەبێت، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەین، كە مكوڕ بوون لەو هەڵەیە نەك لەكورد، عەرەب‌و توركمانەكان".

قسەكانی یەڵدرم لەكاتێكدایە، كە رۆژی دوو شەممە 25ی 9 ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، كە توركیا بەو پرسە رازی نییەو داوای هەڵوەشانەوەی دەكات.

هـ ـ ح