شارپرێس:
ئەو مانۆڕەی سوپای توركیا لە 18ی ئەیلوولەوە لەنزیك دەروازەی سنووری خاپوورە سەر بەشارۆچكەی سلۆپی لەپارێزگای شرنەخی سنووری هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە درێژەی هەیە.
مانۆڕەكە، كە لەپاركێكی وەستانی بارهەڵگر ئەنجامدەدرێت نزیكەی سێ كیلۆمەتر لە دەروازەی سنووری خاپورەوە دوورە، ئەمڕۆ شەممە پێی نایە حەوتەم رۆژیەوە، ئەوەش بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ.
هەر بەپێی ئاژانسەكە، لەو مانۆڕە سەربازییەدا، كە دوێنێ ئاستەكەی بەرزكرایەوەو یەكەی سەربازی زیاتر بەشداریان كرد تێیدا تانكو زرێپۆشەكان بەردەوام لەناوچەكەدا دەسوڕێتەوە.
سەربازەكان بۆ یەكەمجار لەزرێپۆشەكان هاتنەخوارەوەو لەناوچەی مینڕێژكراودا پشكنینیان ئەنجامدا، دوای دروستكردنی ناوچەی ئارام زرێپۆشەكان تیپەرین.
سەرۆكایەتی سوپاسالاری توركیا، دوێنێ لەروونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردبوو، كە یەكەی سەربازی زیاتر بەردەوامن لەبەشداریكردنو پەیوەندیكردن بەریزی دووەمی مانۆڕەكە.
مانۆڕەكە لەكاتێكدایە، سبەی دوو شەممە 25ی ئەیلول ریفراندۆمی هەرێم بەڕێوەدەچێت، كە توركیا بەوە ناڕازییەو بڕیارە مانۆڕەكەش تا رۆژی 26ی مانگ بەردەوامی هەبێت.
هـ ـ ح