شارپرێس:
ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لەدوای كۆبوونەوەكەش لەراگەیەنراوێك رایگەیاند، بەغدا دەستپێشخەرییەكانی رەتكردووەتەوە.
لەراگەیەنراوی كۆبوونەوەكە هاتووە، كە لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەییو نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بەریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كراو مەسعود بارزانی باسی ئەو كۆبوونەوەو پەیوەندییانەی كرد، كە لەچەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەبووە.
هەر لەراگەیەنرامەكە، كە ئەمڕۆ یەك شەممە بڵاوكراوەنەوە، هاتووە، دواتر شاندی كوردستان، كە رۆژی 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدایان كردبوو، ئەنجامی سەردانەكەو گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان خستەڕوو، روونیان كردەوە بەغدا بەهیچ شێوەیەك، ئێستاو لەداهاتووشدا، ریفراندۆم قبوڵناكاتو بەتەواوی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوونو دەستپێشخەرییەكەی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقو هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیشیان رەتكردووەتەوەو ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان هیچ گفتوگۆیەك بكەن.
لەراگەیەنراوەكە ئەوەش هاتووە، كە شاندەكە ئەوەشی خستەڕوو بە لایەنە سیاسییەكانی عێراقیان راگەیاندووە "ئەوە بڕیاری گەلی كوردستانەو ریفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت".
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، دواتر لیژنەی ئامادەكردنی بەڵگەنامەی سیاسی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەییو ئاینییەكان، بەڵگەنامەكەی خستەڕوو.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە كوردستان رۆڵی كاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێتو هاوكاریو هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.
دوای شیكردنەوەی سەرجەم پێشهاتو هەڵوێستەكان، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی دا:
یەكەم: رۆژی دووشەممە 25ـی9ـی2017، ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.
دووەم: كۆبوونەوەكە، بەڵگەنامەی سیاسی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پەسند كرد و دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەكاری بەڵگەنامەكە كرد.
سێیەم: دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق كراوە دەبێت. بە ئەجێندایەكی كراوەوە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرجەم بابەتەكان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.
چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دەستخۆشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و سووربوونیان و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و جەختیش كرایەوە كە بە یەكڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەكاندا زاڵ دەبین.
هـ ـ ح