نەجمەدین كەریم: وڵاتانی‌ ناوچەكە مامەڵەیان لەگەڵ كۆماری‌ كوردستان گونجاودەبێت

کوردستان

29/09/2017‌ 3057 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
نەجمەدین كەریم پارێزگاری‌ كەركوك رایدەگەیەنێت پابەند نابن بەبڕیارەكەی‌ پەرلەمانی‌ عێراقەوەو ئەوەش بەدوور دەزانێت‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ لەكەركوكدا رووبدات.

رۆژی‌ 14ی‌ ئەیلول پەرلەمانی‌ عێراق بڕیاریدا بەلابردنی‌ نەجمەدین كەریم لەپۆستی‌ پارێزگای‌ كەركوك، هەر هەمان رۆژ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و لایەنە كوردییەكان پشتیوانیان بۆ پارێزگار دەربڕی‌‌و ئەویش رایگەیاند پابەند نابێت بەبڕیارەكەوە.

نەجمەدین كەریم لەچاوپێكەوتنێكی‌ تایبەتی‌ "نیقاش"دا رایدەگەیەنێت ئەو بڕیارەی‌ دژی‌ ئەو دراوە تەواو سیاسییەو دەشڵێت پەرلەمانی‌ عێراق‌و حكومەتەكەی توانای‌ لابردنی‌ ئەویان نییە.

نیقاش: پرسیارە سادەكە ئەوەیە، ئەم هەموو هەڵایە چییە ئێستا لەكەركوك دەگوزەرێ‌، بۆچی‌ كەركوك ئەوەندە ناوی‌ دێت؟
نەجمەدین كەریم: بزوتنەوەی‌ رزگاریخوازی‌ كورد بەبەردەوام لەقۆناغە جیاجیاكاندا هەوڵیدا كورد بەرەو قەوارەیەكی‌ سەربەخۆ لەچوارچێوەی‌ دەوڵەت كۆبكاتەوە كە كەركوكیش لەنێو ئەو دەوڵەتەدا بێت، بەڵام لەدوای‌ دامەزراندنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ئەو داواكارییە پەرەیسەند هەرچەندە بەهۆكاری‌ ناوخۆیی‌و شەڕی‌ نێوان براكان نەیتوانی ئامانجەكەی‌ بپێكێت، بەڵام لەدوای‌ كرانەوەی‌ نەتەوەی‌ كورد بەرووی‌ وڵاتانی‌ دەرەوە پرسی‌ دەوڵەتبوونی‌ نەتەوەی‌ كوردی‌ بەهێزتركرد هەرچەندە هەندێك حزب‌و سەركردایەتیەكی‌ كورد لەئێستادا لەترسی‌ سۆشیال میدیا نایەوێت بڵێن لەم كاتەدا لەگەڵ پرسی‌ سەربەخۆیی‌ كوردستاندان، داخەكە ئەوەیە لەلای‌ هەندێك سەركردایەتی‌ حزبی‌ ململانێی‌ حزبی‌ جێگەی‌ پرسی‌ نەتەوەیی‌ گرتۆتەوە ئەوەش تەنیا لە ترسی‌ هەڕەشەی‌ سۆشیال میدیایە.

نیقاش: پاش ئەوەی‌ بابەتی‌ ریفراندۆم لەكوردستان هاتە ئاراوە، چەند بژاردەیەك جیاواز خرانە بەردەم سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كورد، بۆچی‌ هیچ یەكێك لەو بژاردانە لای‌ ئێوە پەسەند نەبوون؟
نەجمەدین كەریم: ئەو بەدیلانەی‌ خرانە روو هیچیان نوسراو نەبوون، تەنانەت كاتێك سەرەك وەزیرانی‌ عێراقیش باسی‌ چارەسەری‌ كێشەكانی‌ دەكرد ئاماژەی‌ بەوە دەكرد كە گۆڕانكاری‌ لەدەستوری‌ عێراقدا بكرێت، ئەمەش ئاستەمە، ئێمە تەنیا بەوە رازی‌ بووین كە ریفراندۆم دوا بخەین، بەو مەرجەی‌ كاتی‌ سەربەخۆیی‌ كوردستان دیاری‌ بكرێت، كەركوكیش بێگومان ناسنامەیەكی‌ كوردستانی‌ هەیەو چارەنووسی‌ بەكوردستانەوە گرێدراوە.

نیقاش: ئەو بارودۆخەی‌ لەكەركوك هاتە ئاراوە مەترسی‌ هەڵكشانی‌ گرژی‌ لێناكەوێتەوە، بەتایبەتی‌ كە باسی‌ گرژی‌ نێوان سوپاو حەشدی‌ شەعبی‌‌و پێشمەرگە دەكرێت؟
نەجمەدین كەریم: پرسی‌ ریفراندۆم تێكەڵ بە پرسە سەربازییەكان نابێت، چونكە لەكەركوك گەورەترین گوندی‌ توركماننشین كە گوندی‌ بەشیر بوو پێشمەرگە ئازادی‌ كردو دواتر رادەستی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ كردەوە، ئەمە جگە لەوەی‌ بەشێك لەسەركردە باڵاكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەشاخەكانی‌ كوردستانەوە هاوشانی‌ پێشمەرگە دژی‌ سوپای‌ عێراقی‌ شەڕیان كردووە لەوانە هادی‌ عامری‌، ئەم پەیوەندییە دێرینەو ئەو تێگەیشتنەی‌ هەیە لە نێوانماندا كاریگەری‌ لەسەر ئەوە دەبێت كە پێكدادان لە ناوچەكە ڕوو نەدات.

نیقاش: بەڵام هەموو وڵاتانی‌ ناوچەكەو بە تایبەت ئێران توركیا دەیانوت نابێت ریفراندۆم كەركوك بگرێتەوە، كەواتە چی‌ دەكەن؟
نەجمەدین كەریم: ئێران‌و توركیا دژی‌ ریفراندۆمن واتە پارێزگای‌ كەركوك جیا نەكراوەتەوە، دواتر ئێمە بەو بەرپرسە باڵایانەی‌ حكومەتی‌ ئێرانمان وتوە كە هاتوونەتە كوردستان كە لەنەخشە رێگای‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان هاتوە لەگەڵ سەربەخۆیی‌ كوردستانین‌و سازشی‌ لەسەر ناكەین، پێشبینی‌ دەكەین دوای‌ دروستبوونی‌ دەوڵەتی‌ كۆماری‌ كوردستان وڵاتانی‌ دراوسێ‌ مامەڵەیەكی‌ گونجاومان لەگەڵ بكەن وەك ئەوەی‌ لەكۆماری‌ ئازربا‌یجان كردیان كە خۆیان نەتەوەیی‌ ئازەرییان هەبوو.

نیقاش: ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ قەزای‌ حەویجە دەستی‌ پێكردووە، حكومەتی‌ عێراقی‌ هەماهەنگی‌ لەگەڵ ئێوە كرد؟
نەجمەدین كەریم: نەخێر بەهیچ شێوەیەك راوێژ بەئێمە نەكردووە، بەتەواوی‌ ئۆپەراسیۆنەكەش لەرۆژهەڵاتی‌ تكریتەوە دەستی‌ پێكردووە، بەڵام ئەو هێزەی‌ ئێمە پشتگریمان كرد كە حەشدی‌ حەویجەیە بەشداریان كردووە.

نیقاش: لەقۆناغەكانی‌ تری‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ حەویجە، پێشمەرگە بەشداری‌ دەكات؟
نەجمەدین كەریم: گفتۆگۆ لەگەڵ وەزارەتی‌ پێشمەرگەی‌ حكومەتی‌ هەرێم كراوە، بەڵام تاكو ئێستا رێكنەكەوتوون كە لەسنوری‌ پێشمەرگەوە لەكەركوك شەری‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ حەویجە دەست پێبكات.

نیقاش: پەرلەمانی‌ عێراق بڕیاری‌ دوورخستنەوەی‌ ئێوەیدا لەپۆستی‌ پارێزگار، ئێوەش راتانگەیاند پابەند نابن پێوەی‌، ئەی‌ ئێستا چی‌؟
نەجمەدین كەریم: ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك‌و سەرۆكایەتی‌‌و حكومەتی‌ هەرێم‌و حزبە كوردستانیەكان‌و یاساناسان ئەو بریارەیان رەتكردەوە لەبەرئەوە ئێمە پابەند نابین، دواتر لەدەستووری‌ عێراقدا هاتووە پەرلەمان تەنیا دەسەڵاتی‌ بەسەر شوێنە فیدراڵییەكان هەیە ئێمە حكومەتی‌ خۆجێین، هەروەها لەیاسایی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان كە لەساڵی‌ 2008 دەنگی‌ لەسەر دراوە ئەوە خراوەتەڕوو كە تەواوی‌ برگەكانی‌ ئەو یاساییە لەسەر پارێزگاكان جێبەجێ‌ دەكرێت جگە لەپارێزگای‌ كەركوك، چونكە بەیاسای برێمەر كاردەكات، لەبەرئەوە نەك پەرلەمان، سەرۆك وەزیرانی‌ عێراقیش دەسەڵاتی‌ لابردنی‌ ئێمەی‌ نییە.

نیقاش: ئێوە یەكەم پارێزگار نین لەعێراقدا لادەبرێن، بەڵام چۆن بڕیارەكە بەسەر ئەوانی‌ تردا جێبەجێ‌ دەكرێت‌و بەسەر ئێوەدا جێبەجێ‌ نەكرێت؟
نەجمەدین كەریم: ئەو پارێزگارانەی‌ لەپۆستەكانیان دوورخراونەتەوە ئەنجومەن بەكۆی‌ دەنگ متمانەی‌ لێوەرگرتنەوە بەپێچەوانەوە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بەكۆی‌ دەنگ لابردنی‌ بەندەی‌ لەپۆستی‌ پارێزگار رەتكردەوە.

نیقاش: ئێستا بەغداد دەڵێت ئیمزای ئێوە ناخوات، ئەی‌ چۆن كاروباری‌ هاوڵاتیان بەرێوە دەچێت؟
نەجمەدین كەریم: ئەوە وا نییە، چونكە نوێنەری‌ حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق كە سەردانی‌ ئەنجومەنی‌ ریفراندۆمی‌ كرد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و لایەنەكان، پەشیمانی‌ خۆیان نیشانداوە لەناردنی‌ نامەی‌ لابردنی‌ ئێمە بۆ پەرلەمانی‌ عێراق.

نیقاش: ئەگەر بەغدا هەمان هەنگاوی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ لەسەر كەركوك جێبەجێكردو بودجەو موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بڕی‌، ئێوە چی‌ دەكەن؟
نەجمەدین كەریم: ئەگەر ئەوە رووبدات ئێمە دەتوانین شارەكە بەرێوەببەین‌و مووچەی‌ تەواوی‌ فەرمانبەران‌و دەزگا ئەمنیەكانیش بدەین.

نیقاش: بەڵام بەغداد دۆسێی‌ گەندەڵی‌ دەداتە پاڵ ئێوە، ئێوە دەڵێن چی‌؟
نەجمەدین كەریم: شەش ساڵ‌و نیوە پارێزگاری‌ كەركوكم ئەو پرسە باسنەكراوە بۆیە دیارە بۆ ئەو بابەتە پرسێكی‌ سیاسیە نەك ئیداری‌، دواتر ئەوەی‌ ئەو تۆمەتە دادەتە پاڵ بەندە لەسەر دزیكردن‌و تەزویكردن لەكەركوك بەندكراوە ، دەبوایە ئەمە بەندی‌ هەتاهەتایی بێت نەك بكرێتە پەرلەمانتار.

نیقاش: كەواتە تاكەی‌ وەك پارێزگاری‌ كەركوك دەمێننەوە؟
نەجمەدین كەریم: تاكو كەركوكییەكان منیان قبوڵ بێت ناچمە ژێر هیچ فشارێك‌و لەپۆستی‌ پارێزگار دەمێنمەوە.