لەئەزموونی كەتەلۆنیا.. دیموكراسییەت كێشەی نەتەوایەتی چارەسەر ناكات

مەلەفی تایبەت

30/09/2017‌ 720 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: عەلی مەحمود  محەمەد
لە جیهاندا   5000 بۆ 7000   زمان  بوونی هەیە,كە لە ناویاندا  تەنها 20  زمان رێژەی لە 1%ی هاووڵاتیانی جیهان قسەی پێدەكەن  كە  67 ملیۆنە, هاوكات تەنها 193 وڵات بوونی هەیە بۆ لە خۆگرتنی ئەو هەموو زمانە, بەشێك لە زمانەكان  چەندین  وڵاتیان  هەیە  وەك  عەرەب 22 وڵاتی هەیە,هەر یەكە لە  ئینگلیز  , ئیسپانی , پورتوگالی, فەرەنسی و توركی و فارسی و چینی و ...... چەندین وڵاتیان هەیە. 

هاوكات  بەشێك لەو وڵاتانە لەسەر بنچینەی ئاینی دابەش كراوە نەك نەتەوایەتی وەك سرب و بۆسنە, جیاوازی ئاینی و مەزهەبیش رۆڵی  هەیە لە زیادكردنی دابەشكارییەكان, گەلان بە دوای  وڵاتی یەك نەتەوەو یەك ئاین تەنانەت یەك مەزهەبەوەن, هاوكات جیاوازی  داهات و داب و نەرێت و جاری وا هەیە مەزهەب و لقی مەزهەب و  شێوە زاراوەی هەمان زمانیش كێشە بۆ دەوڵەتی هاونەتەوە و هاوئاینەكان دروست دەكات, ئەوەتە ئیتاڵییەكانی باكورو كالیفۆرنیا داوای جیابونەوە دەكەن بەهۆی دەوڵەمەندییەكەیانەوە,  بۆیە مرۆڤایەتی  زۆری ماوە تێر بێت  لەو بوارەو ساڵ لە دوای ساڵ لیستی ئەو گەلانەی داوای ئازادی و پێك هێنانی دەولەتی سەربەخۆی  خۆیان دەكەن زیاد دەكات, زیاتر لە  دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان , لە چەند نەتەوەو ئاین پێك هاتووە, تەنها كەمتر لە  10%ی وڵاتان  هاوچەشنن لە جیهاندا و كێشەیان نییە لەو بوارەداو دەتوانین بڵێین سەقامگیرن, دەوڵەتی نەتەوایەتی ئەلتەرناتیفی دەوڵەتی شێوازی ئیپراتۆری رابردووە, كە فرە نەتەوەو ئاینە, وەلێ ئایا جیهان شوێنی ئەم هەموو دەوڵەتەی تێدا دەبێتەوە؟, ئەم هەوڵانە بۆ بوون بە خاوەند  دەوڵەت تا كوێ دەڕوات؟

كەی مرۆڤایەتی دەگاتە قۆناغی تێر بوون بە دەوڵەت و  دیموكراسیەتی راستەقینە؟, وێڕای جیهانگیری و گەورە بوونەوەی بازاڕەكان وەلێ تا دێت هەوڵی بچوكردنەوەی وڵاتە نیشتمانیەكان دەدرێت, لە لایەن ئەو گەل و نەتەوەو ناوچانەی خەونیان هەیە,خەونی رزگاربوونی نەتەوەیی و رزگاربوون لە ستەمی ئاینی و مەزهەبی و پاراستنی كلتورو  رزگار بوون لە ئاپارتاید و تەنانەت خەونی ئابوریش وەك ئاماژەمان پێدا لە كالیفۆرنیاو باكوری ئیتاڵیا...

لە ئەوروپا لە ئێستادا 107 بزوتنەوەی جودا خوازی  هەیەو داوای سەربەخۆیی دەكەن, بەشێكی زۆری  وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە, كە لە دورەوە وا دەزانین بەهەشتی گەلانە و سفر كێشەیە,  چەند وڵاتێكی وەك  لۆكسمبۆرگ و نەرویج و  سویدی لێ دەرچێت لە زۆرینەی وڵاتانی دی هەن بە سویسراو دانمارك و هۆڵەنداشەوە,هەرچەندە لە ئەوروپا  لە زووەكەوە  كێشەی فرە  زمان و ئاین  و كلتور چارەسەر كراوە, وەلێ  نەیتوانیوە  كێشەی هەوڵ  بۆ پێك هێنانی دەوڵەتی تایبەتی  كۆتایی پێ بێنێت, لە  خودی ئیسپانیا  كە  كەتەلۆنیا بەشێكە لێی و بابەتی نووسینەكەمانە 16 بزوتنەوەی جودا خوازی تێدا  هەیە كە داوای جیابونەوە دەكەن لە ئیسپانیا ئەوانیش كە بریتین لە  (Andalusia, Aragon,   Asturias, Balearic Islands,  Basque Country, Canary Islands, Cantabria, Catalonia, Castile, Galicia, León, Navarre, Valencia, Extremadura, Murcia, Aran Valley), ئەمە لە وڵاتانێك بوونیان هەیە بە پێوەری ئەوروپی دیموكراسییە و بەشێكن لە یەكێتی ئەوروپا و  شنگن كە سنورەكانیان داخراو نین.

لە ئێستادا  چەند  بزووتنەوەی بەرفراوان و ناسراو   بۆ سەربەخۆیی لە ئەوروپا و ئیسپانیا  هەیە لەوانە "  كۆرسیكا, سكۆتلەندا, فلامان,دورگەی فارۆ, باسك, كالدیۆنیای نوێ و صربی بۆسنە".

زۆر جار خەونە  نەتەوەییەكان  ئەوەندە گەورەن  ئەو گەلانەی  داوای سەربەخۆیی  دەكەن  زیانی ئابووری دەكەن , نموونە ئەرمینیا 2,5 جار زیاتری بەدەست دەهینا لەسەردەمی سۆڤییەت , جۆرجییەكان 3,5 جار زیاتریان خەرجە كرد لەوەی خۆیان بەدەستیان دەهێنا لە سەردەمی سۆڤییەت, ئەستۆنی 3 جار زیاتریان خەرج دەكرد وەك لەوەی بەرهەمیان دەهێنا, بۆرتریكۆ لە ئەمەریكا داوای سەربەخۆیی دەكات لە كاتێك جیا بێتەوە لە روی ئابورییەوە زیان دەكات.

سەربەخۆیی كەتەلۆنیا و پەرچە كرداری دكتاتۆریانەی  ئیسپانیا
  چەندین ساڵە  باسك و  كەتەلۆنی و ئەندەلوسی و  غالسكی و .... ئەوانی دی, داوای مافی چارەنوس دەكەن لە رێگای ریفراندۆمەوە, لە لایەن ئیسپانیاوە رێگایان پێ نادرێت, دەستور و دادگای باڵای ئیسپانی بونەتە مۆتەكە بۆیان, لە كاتێكدا ریفراندۆم پایەیەكی دیموكراسییە و را وەرگرتنی  هاووڵاتیانە بۆ دۆسیەیەك پەیوەندی بە ژیانیانەوە هەیە, مەرجیش نییە سەركەوتوو بن لەو خواستەیان, لە كۆی 600 ریفراندۆم  كە تا هەنووكە لە سویسرا كراوە تەنها 10%ی سەركەوتو بووە و بە بەڵێ براوە بووە, نموونە لە كەتەلۆنیا هەوڵی پێشتریان لە ساڵی 2014  بۆ سەربەخۆیی لە رێگای ریفراندۆمەوە  شكستی هێنا بەهۆی بەشداری كەمی هاووڵاتیان  37,1%  لە راپرسییەكەدا, كە كەمتر بوو لە لانی كەمی پێویست, ئەمجارە راپرسیەكان دەریدەخەن رێژەی بەشداری لە راپرسییەكەی 1ی ئۆكتۆبەر دەگاتە ئاستی 70%, وەلێ لایەنگرانی سەربەخۆیی نزیك 41,1% ن و 49,4% دژن, كەتەلۆنییەكان بە لایەنگرو دژەوە ریفراندۆم بە مافی خۆیان دەزانن بۆ یەكلا كردنەوەی پرسێكی گرنگی ئاوا,  وێڕای ئەوەش  لە لایەن دەسەڵاتدارانی مەدریدەوە بە حكومەت و كۆشكی پاشایەتییەوە, رێگا بە ریفراندۆمەكە نادرێت ئەنجام بدرێت, ئیسپانییەكان وەك رۆژنامەی  نیورۆك تایمز ئاماژەی پێ دا , باشترین رێگا بیگرنە بەر  ئەوەیە وەك  سكۆتلەندا و كیبك رێگا بدرێت   راپرسییەكە ئەنجام بدرێت, كەچی حكومەتی ئیسپانیا تەنانەت  رێگا نادات هیچ گفتوگۆیەك لە  بارەی ریفراندۆمەوە هەر بكرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی گەلان , ئێستا  لە كەتەلۆنیا و پێشتر باسك,  دەركەوت  دیموكراتیەتی ئیسپانیا  ئەو بەهایانە پێشێل دەكات  كە دیموكراسیەتی ئەوروپی  لەسەر بنیات نراوە وەك بانگەشەی بۆ دەكەن,  وەك بەریتانیا و كەنەدا هەڵوێست وەرناگرێت لە هەمبەر مافی راپرسی ئەو گەلانەی دەیانەوێت جیا ببنەوە لێی وەك كیبك و سكۆتلەندا,ئیتای باسكی راستتیكرد كە رایگەیاند  "ئیسپانیا زیندانی گەلانە", راستگەرا دەسەڵاتدرەكانی ئیسپانیاش پێیان وایە   ریفراندۆمی كەتەلۆنیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر وڵات   لە دوای هەوڵی كودەتای 23-2-1981 ەوە. 

لە 6ی صەپتەمبەر پەرلەمانی كەتەلۆنیا بڕیاری پەسەند كردنی یاسای رێكخستنی راپرسی بۆ سەربەخۆیی كەتەلۆنیای پەسەند كرد  بە زۆرینەی 72 لە گەڵ و 11كەس  دەنگیان نەدا و 52ش  بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد,

بڕیاری پەسەند كردنی یاسای  ریفراندۆم لە لایەن پەرلەمانی كەتەلۆنیاوە, وڵاتی بردە ناو قەیرانێكی  دەستورییەوە, حكومەتی ئیسپانی هانای بۆ دادگا و دەستوری ساڵی 1978ی ئیسپانیا برد, كە پێش 39 ساڵە  دەرچووەو لەو كاتەوە زۆر شت لە بۆچونە سیاسییەكان و داب و نەرێتە كۆمەڵایەتییەكان و بارو دۆخی ئابوری فەرهەنگی گۆڕاوە.

بە دوای بڕیاری پەرلەمانی كەتەلۆنیا حكومەت هانای بۆ دادگای باڵای ئیسپانی برد, كە لە  12 دادوەر پێك هاتووە, 10یان پارێزگاری راستگەران راخۆی سەرەك وەزیران بۆ خۆی  دایانی ناوە.

هاوكات داواكاری گشتی خۆسیە مانۆیل رایگەیاند  لێكۆڵینەوە لە گەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی كەتەلۆنیا دەكەم , ئەوان ریگایان خۆش كرد بۆ دەرچونی یاسای رێكخستنی ریفراندۆم و سزا دەدرێن .
 
لای خۆیەوە جەنەراڵ  فرناندیز جەنەراڵی خانەنشین  سەرۆكی دەزگای دژ بە سیخوڕی فرانكۆ ی دكتاتۆر رایگەیاند " ئەمەی لە كەتەلۆنیا دەگوزەرێت خیانەتە, پێویستە یاساكانی شەڕ جێبەجێبكرێت" و هەموو سەركردەكانیان دەستگیر بكرێن.

دوای ئەم بڕیارانە, ئەو كاردانەوەیەی بینیمان لە فلیمی هۆلیود دەچوو, حكومەتی ئیسپانیا لە رێگای دادوەرەكانی خۆیەوە, یاسای بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار هێنا, ئیسپانیا دەتوت لەو رۆژگارەدا دەژێت كە جەنەراڵ  فرانكۆ دەسەڵاتدار بوو, هەرچەندە زۆر نییە رۆیشتووە, حكومەتی راستگەرا شمشێری هەڕەشەی لە كێلان دەرهێنا و كەوتە وێزەی ریفرادۆم خوازانی كەتەلۆنیا.

حكومەتی ئیسپانیا پەلاماری  بەناوی  یاساو بەكارهێنانی سامانی گشتی  دەست پێكرد, پەلاماری دەزگاكانی راگەیاندنی دا و 57 پێگەی پشتیوانی لە ریفراندۆمی داخست , بڕیاری لێكۆڵینەوەی دا  لە گەڵ 712 سەرۆك شارەوانی لە كۆی 948 سەرۆك شارەوانی هەرێمەكە كە زەمینەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە خۆشە  كەن , پەلاماردانی رۆژنامەی فالینكی داو دایخست, پەلاماردانی پارتی كوپ ی چەپگەرا بە بێ ئاگادارردنەوەی پێشوەخت و گەمارۆددانی, داوای زیندانیكردنی سەرۆك وەزیرانی كەتەلۆنیا كارلیس  بۆیجیدیۆنت دەكات,هەڕەشە لەكۆكردنەوەی  سەرجەم ئەوانەی بەشداری ریفراندۆمەكە دەكەن, 14 كەسی بەرپرسیاری لە حكومەتی  كەتەلۆنی دەستگیر كرد,  ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئیسپانی ئەو رۆژنامەیەی داخست كە كە بانگەوازەكەی بۆیجیدۆمێنت سەرۆك وەزیرانی كەتەلۆنیای بڵاو كردەوە بۆ ریفراندۆم, هاوكات پەڵاماری بەرپرسانی كارگێڕی هەرێمەكەیان داو  كەلوپەلی چاپكردنەكانیان تێك شكاند و دەستیان بەسەر  10 ملیۆن كارتی هەڵبژاردندا گرت,هاوكات بۆ دوبارە  پێنج شەمە 28ی سەپتەمبەر  پۆلیسی ئیسپانی دەستیان بەسەر  2,5 ملیۆن كارتی دەنگدان و 100 سندوقی دەنگدانا گرت, وەزیری دارایی مۆنتۆرۆ  هەوڵی لەبار بردنی  پرۆژەی حكومەتی كەتەلۆنی  لە خزمەتی هەژارانی  دا كە داواكاری كوپ (پارتی یەكێتی گەلی چەپگەرا) بوو بۆ پشتیوانی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەتەلۆنیا  لە رێگای دەستگرتن بەسەر وەزارەتی داراییدا,ناردنی 4000 پۆلیسی حكومەتی ناوەند بۆ رێگاگرتن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم,هەڕەشە كردن لە كارمەندانی كەرتی گشتی و دەركردنیان لە كاتی بەشداریكردن لە راپرسییەكە و دادگاییكردنی بەرپرسانی ریفراندۆمەكە........ سەرباری هەموو ئەمانەو زۆری تریش كەتەلۆنییەكان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە لە یەك شەمە 1ی ئۆكتۆبەر , هەرچەندە راخۆی  رایگەیاند رۆژی راپرسی كارتی دەنگدان و كەسەكان و  ناوەندی هەڵبژاردن نابێت, وەلێ كەتەلۆنییەكان بەشێوەی  پارتیزانانە راپرسیەكە ئەنجامە دەن و سنودقی دەنگدان و كارتی راپرسیان شاردۆتەوە, تەنانەت ماڵپەِرە ئەلەكترۆنییەكانی دەنگدانیش, سەربەخۆ خوازان كە لە لادێكان پشتیوانی زۆریان  هەیە, لە ئێستاوە تراكتۆری جوتیارەكان ناوەندی شارەكان داگیرە كەن و رێگا لە ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس دەگرن.

كەتەلۆنییەكان بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەكەیان ئامادەی هەموو قوربانی و سزایەكن, 714 سەرۆكی شارەوانی ئامادەن  واز لە پلەو پۆستەكانیان بهێنن لە پێناو سەرخستنی  ریفراندۆم, یانەی بەرشەلۆنەش ئامادەی دەست بەردار بوونە لە یارییەكانی خولی ئیسپانی لە پێناو سەرخستنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی, بڕیاری دا بچێتە پشت داواكارییەكە, بەمەش ئیلتزاماتی مێژویی خۆی بۆ پشتیوانی لەسەربەخۆیی دەربڕی ,تەنانەت كرێكارانی بەندەری بەرشەلۆنە بەرەو روی هاتنی 4000 پۆلیسەكە بونەوەو نەیانهێشت كەشتییەكەیان راوەستێت.

كێن ئەوانەی بەرەو روی مافی راپرسی كەتەلۆنییەكان بونەتەوە

حكومەتی ئێستای ئیسپانیا   پارتی گەل – راستی پارێزگار پێكی هێناوە, 137 كورسی لە پەرلەمان هەیە,  بە پشتیوانی پارتی سۆسیالستی كرێكاری ئیسپانی –چەپی ناوەند كە خاوەند 85 كورسی پەرلەمانە پێك هاتووە, لە دەرەوەی حكومەتەوە پشتیوانی دەكات, بە هەردوكیانە 222 كورسی پەرلەمانیان هەیە لە كۆی 350 كورسی پەرلەمانی وڵات,پارتی گەل بە بنكەو سەركردایەتی بەرەو روی كەتەلۆنییەكان بۆتەوە, وەلێ سۆسیالستەكان لە ئاستی باڵاو بەشێك لە بنكە, نموونە نیوەی ئەندامانیان لە كەتەلۆنیا لە ریفراندۆم بەشداری دەكەن, هاوكات پارتی سیودانۆس"هاووڵاتی" نیو لیبراڵی راستگەرا زۆر بە توندی دژ بە ریفراندۆم سەربەخۆیی كەتەلۆنیایە كە خاوەند 32 كورسییەو لە هەرێمی كەتەلۆنیا پێگەیەكی بەهێزی پەیدا كردووە بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە.

ئەم 3 پارتە كۆی گشتی 254 كورسییان لە كۆی 350 كورسی پەرلەمانی ئیسپانیا  هەیە, بۆیە كەتەلۆنییەكان هیچ هیوایەكیان بە پەرلەمانی ناوەند  و دانیشتنەكانی نەماوە بۆ بڕیاردانی خێر, هەرچەندە جار جارە  نەك قسەی خێر بگرە شەڕی خێریشیان لەسەرە كرێت لە هۆڵی پەرلەمان, وەلێ پارسەنگی هێزەكان لە ئاستی قسەی خێرە نەك بڕیاری خێر.

لە بەرامبەر هێزە راست و نیولیبراڵ و پارێزگار و سۆسیال دیموكراتەكان, چەپەكان پشتیوانی دەكەن لە بەشێكی دۆزەكەیان كە ئەنجامدانی ریفراندۆمە, ئەوان لە گەڵیان  تا كۆتایی بەشی یەكەمی پرۆسەكە دەڕۆن, وەك ئەنجامدانی راپرسی وەك مافی هاووڵاتی, وەلێ لە ناو خودی پرۆسەكە ئەوان دژ بە جیابونەوەن, پۆدیمۆس كە گەورەترین پارتی چەپی ئیسپانییە, پێی وایە  سستەمی سیاسی ئیستا باش  نییە و ئیسپانیا پێویستی بە گۆڕانی دەستور و سستەمی سیاسی هەیە,  داوای قەبوڵكردنی راپرسییەكە  دەكات, وە ئەم داواكارییە رێگر بوو لە پێك هێنانی حكومەتی سۆسیالست- پۆدیمۆسی چەپ, وەلێ لە گەڵ جیابونەوەی كەتەلۆنیا نییە, هاوكات ئەدا كۆلۆ سەرۆكی شارەوانی شاری مەزنی بەرشەلۆنە كە نزیكە لە پۆدیمۆسەوە  داوای داكۆكی لە دەزگاكانی كەتەلۆنیا كرد لە بەرامبەر پەلاماری حكومەتی ناوەندی, وە حكومەتی بەرشەلۆنەی خستە خزمەت راپرسییەوە, . ئەو هەرچەندە  لە گەڵ جیا بونەوەی كەتەلۆنیا  نییە, وەلێ ئیدانەی هەنگاوەكانی راخۆی كرد و بە نا دیموكراسی ناوی برد.

هەرچی حیزبی شیوعی ئیسپانی یە رایگەیاند  حكومەتی راستگەرا قەیرانەكە دەقۆزێتەوە بۆ پیادە كردنی دكتاتۆریەت لە وڵات , پێیان وایە رێگا گرتن لە راپرسی, رێگا گرتنە لە مافی رادەربڕین, هەرچەندە هەردوو حیزب  شیوعی و  سۆسیالستی یەكگرتو لە كەتەلۆنیا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشیاندا, سەبەخۆیی كەتەلۆنیا رەتدە كەنەوە, ئەمەش دژ بە پرنسیبەكانی لینیزمە كە دان بە مافی چارەنوسی گەلاندا بێ قەیدو شەرت دەنێت.

بەڵام بەرەی چەپ رایگەیاند,  پێویستە رازی بن بە ئەنجامدانی راپرسی, لێ ئێمە هانی كەس نادەین بۆ بەشداری لە ریفراندۆمەكە, وەلێ رێز لەوانەش دەگرین لە ریزەكانمانن  بەشداری دەكەن و سزایان نادەین, بەم شێوەیە دەبینین پارتە چەپگەراكان تا كۆتایی سەفەرەكە لە گەڵ كەتەلۆنییەكان ناڕۆن, كە مەبەستی كۆتاییە .

هەرچی پارتی یەكێتی گەلە كە پارتێكی چەپی كەتەلۆنییە و لەسەر بنچینەی دیموكراسی راستەوخۆ دامەزراوە, كە ریفراندۆم پایەی سەرەكی سستەمی دیموكراسی راستەوخۆیە,لە لایەن چەپەكانەوە تاوانبار كرا بەوەی كوپ بووە  بە سەربازی حیزبە بۆرژوازییە كەتەلۆنیەكان, كوپ هەرچەندە لە دەرەوەی حكومەتی خۆجێی كەتەلۆنیایە و رەتی كردەوە بەشداری تێدا بكات, بەڵام زۆر بە توندی داكۆكی لە ریفراندۆم دەكات و چالاكانە هەوڵ  بۆ سەرخستنی دەدات, بۆیەش یەكەم پارتی كەتەلۆنی بوو كەوتە بەر پەلاماری ئیسپانییەكان, لە زۆر ویست و داخوازی خۆی هاتۆتە خوارەوە لە خزمەت سەرخستنی  ریفراندۆمی سەربەخۆیی  كەتەلۆنیا .

تا كۆتایی ریفراندۆم
كەتەلۆنییەكان پەیگیرانە بەرەو یەكشەمەی مەزن دەڕۆن, گوێ بە بڕیاری دادگای ئیسپانی و یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ نادەن كە دژ بە ریفراندۆمەكەیان و سەربەخۆیی كەتەلۆنیا هەڵوێستیان وەرەگرتووە, لە دوا هەنگاودا ترامپیشی هاتە سەر كە لە گەڵ یەكێتی خاكی ئیسپانیای عەزیمدایە, ئەم هەڵوێستەی ترامپ  دژ بە رێبازی سیاسی سەرۆكی ئەمەریكی ولسونە كە لە ساڵی 1918 خستییە بەردەم كاری وڵاتان .

وەزیری دارایی ئیسپانیا رایگەیاند " كەتەلۆنیا ئۆتۆنۆمی بەرفراوانی هەیە, ئامادەشین سستەمی تەمویل بگۆڕین كە پێشتر ئەم داوایەی كەتەلۆنیەكانیان رەتكردبوەوە " بەڵام كەتەلۆنییەكان وەڵامی دەم چەوركردنەكەیان نەدایەوە, پارتیزانانە لە ناو شارەوە بەرەو راپرسیەكەیان دەڕۆن, لیژنەی پارێزگاری لە راپرسیان پێك هێناوەو زۆریان لە پاڵ سندوقەكانی راپرسی شەویان بردە سەر بۆ پارێزگاری لەو 2315 سندوقەی  دەنگدان, كە بڕیار وایە 1ی ئۆكتۆبەری كارتی هیواو ئامانجی چەند سەدەی خۆیانی تێ  فڕێ بدەن .

كەتەلۆنیا خۆی رادەگرێت 
كەتەلۆنیا  وڵاتێكی دەوڵەمەندو پێشكەوتووە , تەنانەت نیوەی داهاتی كەتەلۆنیا بۆ ئیسپانیایە, بە تەنها 18,9%ی كۆی بەرهەمی نەتەوەیی ئیسپانیا  بەرهەم دەهێنێت, 

پیشەسازی بەهێزی هەیە  ناسراوە (بە كارخانەی ئیسپانیا), كەرتی خزمەتگوزاری بەهێز, پێگەی بەهێزی لە بواری گەشت و گوزار هەیە, كەرتی پێشەسازی كەتەلۆنیا 16,7%ی ئابوری وڵاتە, كەچی لە ئیسپانیا 13,4% یە, خاوەند ئابووریەكی بەهێزە زێدەی بودجەی بە رێژەی  11,5% ە, خاوەند ئابووری ژمارە 13 ەیە لە كۆی 29 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا.

دیموكراسیەت خەونی گەلان ژێر دەست بەدی دەهێنێت
ئیسپانیا بەشێكە لە یەكێتی ئەوروپا, پابەندە بە پرنسیبە ئەوروپییەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت, كەچی بووە بە بەلقانێكی دی لە رۆژئاوای ئەوروپا بۆ گەلەكانی, زۆرینەی وڵاتانی دیكەی رۆژئاوایی هەمان كێشەیان هەیە, وەلێ  وەك سكۆتلەند و كیبك هەڵوێست  وەرناگرن, وڵاتانی دیكەی جیهان زۆریان ماوە بگەن بەم كەمە دیموكراسییەی رۆژئاوا, بۆیە ئەفسانەی دیموكراسیەت بۆ وڵاتان و چارەسەركردنی كێشەی نەتەوایەتی و ئاینی و مەزهەبی  و .... لەو وڵاتانە بەتاڵ دەبێتەوە, بە تایبەت لەو وڵاتانەی دەسەڵات لەسەر بنچینەی پیرۆزییەكان بەڕێوە دەچێت.

هەرچەندە   لیف لۆفین پرۆفیسۆری زانستی سیاسی سوویدی دەڵێت ساڵی 2119 ساڵی چەسپاندنی دیموكراسیەتە لە هەموو جیهان, ئەگەر پاش ئەم 102 ساڵە ئەم خەونە گەورەیە بێتە دی, دیموكراسیەتی راستەقینەی سیاسی, كۆمەڵایەتی, ئابوری بەدی بێت, ئەوا لە ئێستاوە با سەمای بۆ بكەین.

دەنگدانی كەتەلۆنیەكان و بڕیاریان بۆ سەربەخۆیی هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێگەی دیموكراسیەت و بەرەو روبونەوەی زوڵم و زۆرداری بەتاڵ كردنەوەی خەونی دیموكراسیەتی درۆینە, با بزانین دوای ریفراندۆم كەتەلۆنییەكان چۆن بەرەو سەربەخۆیی دەرۆین بە دوایاندا مل بنێین, گەلێكی هوشیارن رێگای بەردەمیان رۆشنە ناكەوینە تەڵەوە.