بریا عەلی قەرەداغی لەبری بەزمانی كوردی بەعەرەبی پەیامی هەبووایە لەسەر ڕیفراندۆم!

مەلەفی تایبەت

01/10/2017‌ 937 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیاز سەعید عەلی
پەیامی )د.قەرەداغیی( لەسەر ڕیفراندۆم ڕۆژی چوارشەممە (٢٧/٩/٢٠١٧)، پەیجی (د.عەلی قەرەداغیی)، لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، بەزمانی كوردیی پەیامێكی جەنابی دكتۆری؛ لەسەر پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، كە ئاراستەی گەلی كوردستانی كردبوو.

قەرەداغیی لەو پەیامەدا بەناوی خۆیەوە، وەكو سەرۆكی ڕێكخراوی (ڕابیتەی ئیسلامی كورد)، پەیامەكەی نووسیووە، ناوەرۆكی پەیامەكە، بەزمانێكی هێمن و نەرم نووسراوە، لەگەڵ ئەوەی لەهەندێك بڕگەی پەیامەكەدا؛ میانگیریی پەیڕەو كردووە، لەهەمان كاتیشدا دژی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەوەستاوەتەوە، بەڵكو بەوردیی و بابەتیی  بەرگریشی لێ ئەكات و بەپێنج خاڵیش پشتیوانیی لێ ئەكات، تا ئێرە مایەی دەستخۆشییە، بەڵام 
ئەشێ پەیامەكە؛ هەر بەكوردیی بێت؟

ئەبوایە (د.قەرەداغیی)؛ وەكو ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی(یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)؛ هەمان پەیامی بەزمانی عەرەبیی، یان پەیامێكی تری جیاوازی بەزمانی عەرەبیی؛ بۆ پشتگیریی و بەرگریی لەپرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاوبكردایەتەوە، بەتایبەتی كە بەرێزی وەكو كەسایەتییەكی ئەكادیمیی و فەقیهێكی گەورە وموفتیی و زانایەكی ئیسلامیی ناوداری بواری شەریعەت و پسپۆڕێكی ئابووری ئیسلامیی ناسراو لەجیهانی ئیسلامییدا، لە چەندین كۆنگرەو كۆڕبەندو ڕێكخراوو زانكۆو ناوەندی ئایینیی و ئەكادیمیی دا؛ بەشداریی وڕۆڵ وپلەو پایەو پۆستی كارگێڕیی و ئەكادیمیی و زانستیی و ئایینیی گرنگ و باڵای هەیە، بەهۆیەوە  بووەتە خاوەنی تۆڕێكی پەیوەندیی بەرفراوان، لەجیهان و لەجیهانی ئیسلامییدا.

ئەم كێشەیەی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق، لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم؛ یەكێكە لەو كێشە گەرم و ورووژاوانەی ئەمڕۆی جیهان و جیهانی ئیسلامیی، ڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)یش؛ كە (د.قەرەداغیی) ئەمینداری گشتییەتی، بەردەوام پەیام و بەیاننامەو فەتواو لێدوان و ڕوونكردنەوەی بۆ دەربڕینی هەڵوێست؛ لەسەر ناكۆكیی و قەیران و تەنگژەو ململانێ و كێشەكانی جیهانی ئیسلامیی هەیەو بەهۆیەوە دیدو بۆچوون و تێگەیشتن و جیهانبینیی خۆی؛ لەسەر هەر یەكێك لەو كێشانە، بەئاشكراو بێ تەمومژ ئەخاتەتەڕوو، لەنموونەی ناكۆكیی و ململانێی دەوڵەتی قەتەر، لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتی سعوودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر، كە لەسەرەتای مانگی تەمووزی ڕابردووەوە سەریهەڵداوەو بەردەوامە، تیایدا هەڵوێستی ئەم ڕێكخراوەو خودی (د.قەرەداغیی)؛ بەئاشكراو بەڕوونیی بەلای دەوڵەتی قەتەردا شكاوەتەوە، یان لەكاتی كودێتاكەی ڕۆژی (١٥/٧/٢٠١٦)ی تووركیادا، وەك دەركەوت، هەڵوێستی ئەم ڕێكخراوە؛ بەزەقیی بەلای (ئەردۆگان)ی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی (پارتی دادو گەشەپێدان)ی تووركیادا شكایەوەو ڕۆژی دوای شكستی كودێتاش؛ شاندێكی ئەو ڕێكخراوە، بەسەركردایەتیی (د.قەرەداغیی) بۆ پشتیوانیی لە(ئەردۆگان)، زوو گەیشتنە لای (ئەردۆگان)و لەگەڵیدا بەشدارییان كرد لەناشتنی جەنازەی هەندێ لەئەفسەرو سەربازە كووژراوەكانی سوپای تووركیا؛ كەڕۆژی پێشووتر لەلایەن كودێتاچییەكان كووژرابوون، دیسان لە گەڕی یەكەم و دووەمی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی تووركیای ساڵی (٢٠١٥) و لەپرۆسەی ڕاپرسیی تووركیای ڕۆژی (١٦/٤/٢٠١٧)ش، بۆ دەستكارییكردنی دەستووری تووركیا، بەهەمان  شێوە، ئەم ڕێكخراوەو خودی (د.قەرەداغیی)؛ ئاستی داشكانەوەیان بەلای (ئەردۆگان)دا؛ گەیشتبووە ئەوەی خودی دكتۆر بەنزاو بەدووعا؛ بەجریوەی توەیتەر؛ لەخوا ئەپاڕایەوە كەپارتەكەی (ئەردۆگان) سەربخات، هەروەها لەساڵی (٢٠١٦)شدا؛ كەدەوڵەتی تووركیا؛ نیگەرانیی و مەترسیی هەبوو، لەسەر كەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاری بیانیی بۆ تووركیا، خودی (د.قەرەداغیی) داوای لەهەموو موسوڵمانانی جیهان كرد؛ بۆ سەردان و گەشتەكانیان؛ ڕوو لەوڵاتی تووركیا بكەن، هەروەها نموونەیەكی تریش بریتییە لەململانێی نێوان ئیخوان موسلمینەكانی میسرو حكومەتی (سیسیی)،شایەنی باسە لەو ململانێیەدا ئەم ڕێكخراوەو جەنابی (د.قەرەداغیی)یش؛ بەهەڵوێستە دژو تووندەكانیان؛كەوتوونەتە سەنگەری ئیخوان موسلمینەوە لەدژی (سیسیی)، شایەنی باسە چەندین نموونەی تر لەئارایە، لەسەر هەڵوێستەكانی دكتۆرو ئەو ڕێكخراوە، بۆ كێشەو ناكۆكیی و قەیران و ململانێكانی ناو جیهانی ئیسلامیی.

هاوخوێنەكانی (د.قەرەداغیی)یش موسوڵمانن!
 خستنەڕووی ئەم نموونانە بۆ ئەو مەبەستە بوو؛ تاكو لەمسۆنگەیەوە بپرسین؛ ئایە لەئێستادا هاوزمان و هاونەتەوەو هاوخوێنەكانی (د.قەرەداغیی)، ئەوانیش بەشێك نین لەكۆمەڵگەی موسوڵمانان؟، بۆچی بۆیان نەبێت؛ ڕەخنەو گازاندە ئاراستەی ڕێكخراوی (یەكێتیی  جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)  بكەن، ئەمە لە كاتێكدا ژمارەیەك ئەندامی كورد؛ لەمەلاو  كەسایەتیی ئیسلامیی سیاسیی، لە ڕیزەكانییدا هەیەو (د.قەرەداغیی)یش؛ ئەمینداری گشتیی ئێستایەتی، ڕەخنەو گازاندەكە لەسەر ئەو بنەمایەی؛ كە ئەوان هیچ جۆرە هەڵوێستێكی پشتیوانیی و بەرگریی و هاوسۆزیی و داشكانەوەیان بەلای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا نییە، لەكاتێكدا ئەمڕۆ ئەم كێشەیە بووەتە، تەنگژەو كێشەیەكی گەورە لەنێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق!

پاش بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی (د.قەرەداغیی)، لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆمی كوردستان، (بەندە) بۆ بەدواداچوون و سۆراخ؛ بەوردیی گەشتێكی چڕم كرد بۆ پشكنین و گەڕان؛ بەئەكاونتە عەرەبییەكانی سۆشیال میدیاو چەناڵی یوتیوب و ماڵپەڕ و ئەپی (د.قەرەداغیی) و (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)، تاكو سۆراخی هەڵوێستی ئەو ڕێكخراوەو ئەمیندارە گشتییەكەی(د.عەلی قەرەداغیی) بكەم؛ چ لەسەر ڕیفراندۆمی كوردستان، چ لەسەر ئەو ناكۆكیی و ململانێیانەی كە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە؛ لەنێوان هەرێمی كوردستان وعێراقدا دروستبووەو تەشەنەی سەندووە، بەڵام ئەفسووس لەهیچ یەكێكیاندا، نە هەواڵ، نە وتار، نە فەتوا، نە پەیام، نە ڕوونكردنەوە، نە لێدوان؛هیچم لەسەر ڕیفراندۆم و هەڵوێست لەسەر ڕیفراندۆم چنگ نەكەوت، ئەمە لەكاتێكدا؛ ئەو پەیج و ئەپ و ئەكاونت و چەناڵی یوتیوب و ماڵپەڕانە؛ سیخناخ بوون بەچەندین بڵاوكراوەو بابەت و پۆست؛ لەسەر كێشەو ململانێی جۆراوجۆری كۆمەڵگە موسوڵمانەكانی تر،ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر تەنگژەی پرۆسەی ڕیفراندۆمی كوردستان، لەو كێشەو ململانێیانە؛ گەورەترو ورووژاووترو كاریگەرتر نەبێت؛ ئەوا كەمتر نییە!. 

شایەنی باسە جەنابی (د.قەرەداغیی)، بێجگە لەپەیجێكی فەیسبووك بەزمانی كوردیی، خاوەنی چەندین ماڵپەڕ و ئەپ و چەناڵی یوتیوب و پەیجی فەیسبووك بەعەرەبیی و ئەكاونتی توەیتەرە، بەهەمان شێوە (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)یش، خاوەنی چەندین ماڵپەڕو پەیجی فەیسبووك و توەیتەرو چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆیانن، خوێنەران بۆ دڵنیایی و بەدواداچوون و گەیشتن بەڕاستیی زیاتر، لەبارەی ئەوەی كە من ئاماژەم پێكردووە؛ لەسەر دیدو تێڕوانین و هەڵوێستی ئەوان، سەبارەت بەڕیفراندۆم و كێشەی ڕیفراندۆم، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق؛ ئەتوانن سەردانی ماڵپەڕ و ئەپ و چەناڵی یوتیوب و پەیجی عەرەبیی فەیسبووك و توەیتەری(د.قەرەداغیی)و ڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان) بكەن، كەبریتین لەمانەی خوارەوە :

یەكەم/ ماڵپەڕو ئەكاونتەكانی دكتۆر عەلی قەرەداغیی :
١- ماڵپەڕی (د.قەرەداغیی) بەناوونیشانی (www.qaradaghi.com). 
٢- ئەپی (د.قەرەداغیی) لەسەر مۆبایل و ئایپادی سیستەمی ئایۆس و
    ئەندرۆیید، بەناوونیشانی (أ.د القرده داغی).
٣- چەناڵی (د.قەرەداغیی) لەیوتیوب، بەناوونیشانی (‌‌‌‌‌أ.د: علی القره داغی).
٤- ئەكاونتی (د.قەرەداغیی) لەتوەیتەر، بەناوونیشانی (@aliqaradaghi).
٥- پەیجێكی تری (د.قەرەداغیی) لەفەیسبووك بەزمانی عەرەبیی، بەناوونیشانی 
    (alqaradghi).
دووەم/ ماڵپەڕو ئەكاونتەكانی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی
         موسوڵمانان) :
١- ماڵپەڕی ڕێكخراو بەناوونیشانی (http://iumsonline.org/ar/)
٢- چەناڵی  یوتیوبی ڕێكخراو بەناوونیشانی (iumsonline itihad).
٣- پەیجی ڕێكخراو لەفەیسبووك بەناوونیشانی (iumsonline).
٤- ئەكاونتی ڕێكخراو لەتوەیتەر بەناوونیشانی (iumsonline). 
پێشنیار بۆ (د.قەرەداغیی)
١- ئێستاش نەچووە بچێ و دەرفەت ماوە؛ ئەگەر جەنابی (د.قەرەداغیی) دەقی پەیامە كوردییەكەی لەسەر ڕیفراندۆم؛ وەرگێڕێت بۆ سەر زمانی عەرەبیی و لەو شوێنانەدا بڵاوی بكاتەوە، كەتیایدا بەردەوام لەسەر كێشەو تەنگژەو ململانێكانی تری ناو جیهانی ئیسلامیی؛ وتارو بابەتی بەزمانی عەرەبیی تیا بڵاوكردۆتەوە، یان وەكو ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان) ؛ پەیام، یان بەیانێكی پشتگیریی، وەكو پەیامە كوردییەكەی لەسەر ڕیفراندۆم، بۆ جیهانی ئیسلامیی بڵاوبكاتەوە؛ پێشبینی ئەكرێت كاریگەریی هەبێت، هەر چەندە تووشی هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەو فشارو ڕەخنەی بەشێك؛ لەهێزو پارت و كەسایەتییەكانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی و  ناسیونالیستیی  دەمارگیری عەرەبیش ئەبێتەوە.
٢- جەنابی (د.قەرەداغیی)؛ هەوڵ و كۆششەكانی لەجیهانی ئیسلامییدا بخاتەگەڕ؛ بۆ خزمەتی دۆزی ڕیفراندۆم و ئەنجامەكانی، لەمڕووەوە ئەو ئەتوانێت سوود لەئاستی بەرزو گەشەسەندووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ (پارتی دادو گەشەپێدان) ی تووركیای فەرمانڕەواو خودی (ئەردۆگان)ی سەرۆكی پارتەكەو سەرۆكی دەوڵەتی تووركیا وەربگرێت، بۆ خاووكردنەوەی گووشارەكان و نەهێشتنی هەڕەشەكانی دەوڵەتی تووركیا، لەسەر هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆم، چونكە ئاستی بەرزی پەیوەندییەكانی لەگەڵ خودی (ئەردۆگان)؛ گەیشتۆتە ئاستێك؛ جەنابی قەرەداغیی كەی بیەوێت، بەردەوام قاپیی كۆشكی كۆماریی تووركیای بۆ خراوەتە سەرپشت؛ بۆ دیدەنی مەقامی سووڵتان (ئەردۆگان)!.

مەسەلەیەكی وا گرنگ و هێندە چارەنووسسازی وەكو ڕیفراندۆم ودەرهاویشتەو دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، یان ئەو هەڕەشەو مەترسیی و فشارو گووشارانەی كەڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، هەروەها دوای ئەوەی ناوەندە فەرمیی و نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان و دەوڵەتی عێراق و ناوەندە ئایینیی و هێزە سیاسییەكانی عێراق و ...هتد، قسەیان لەسەر كردو هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕاگەیاند؛ ڕەوایە (د.قەرەداغیی)، تەنها پەیامێكی بڵاوكراوە بەزمانی كوردیی؛ لە تەنها پەیجە كوردییەكەیداو بەناوی سەرۆكی ڕێكخراوی (ڕابیتەی ئیسلامیی كورد)ەوە؛ بەپێویست بزانێت و ئیكتیفای پێوە بكات؟، ئەگەر هەر ئەوە بێت ، ئەوا پرسیاری ترو ڕەخنە  و لێكدانەوەی تر؛ بەدوای خۆیدا دروست ئەكات!.

ئیخوان موسلمین و پرۆسەی ڕیفراندۆم
ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین؛ یەكێكە لەئۆرگانە نێودەوڵەتیی و گەورەكانی ئیسلامی سیاسیی لەجیهان، ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە بووەتە ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەو سەرپەرشتییكردنی؛ دەیان پارت و ڕێكخراوو ئۆرگان و ناوەندو  دامودەزگای ئیخوان موسلمین لەجیهان بەگشتیی و جیهانی  ئیسلامیی بەتایبەتیی، هەرچەندە ئێستا ئەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە لەقەیران و تەنگژەدایە ، بەڵام بەردەوامەو لەكار نەكەوتووە، یەكێك لەكارەكانی ئەم ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییە بریتییە لەهەڵوێست دەربڕین و دروستكردنی كاریگەریی لەسەر كێشە و قەیران و ململانێكانی ناو جیهانی ئیسلامیی.
 
جەنابی (د.قەرەداغیی)؛ بەیەكێك لەكەسایەتیی و ڕەمزە كاریگەرەكانی ئیخوان موسلمین لەقەڵەم ئەدرێت، ڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان) یش؛ بەڕێكخراوێكی نزیك وهەماهەنگ و لایەنگرو دۆست لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین ئەژمار ئەكرێت، لەم ڕوانگەیەوە؛ ئەم پرسیارانە ئاراستەی (د.قەرەداغیی) ئەكەم :
١- (د.قەرەداغیی) وەكو كەسایەتیی؛ لەڕووی سیاسیی و فیقهیی و فیكرییەوە، لەسەر ڕێكخراوی (نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین) و (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان) ئەژمار ئەكرێت، (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان )؛ یەكێك بوو لەهێزە سەرەكییە بەشدارەبووەكانی ناو پرۆسەی ڕیفراندۆمی كوردستان، ئایە جەنابی دكتۆر؛ ڕۆڵ وكاریگەریی هەبووە لەپشتیوانییكردن و هاندانی ئەو پارتە لەبڕیاری بەشدارییكردن لەناو پرۆسەی ڕیفراندۆم؟، ئاماژەكان وادەریئەخەن كە هەیبووبێت، بەتایبەتیی كە(یەكگرتووی ئیسلامیی)؛ بەردەوام لەبڕیارو هەنگاوو هەڵوێستەكانیدا؛  پرس و ڕاوێژی پێویستی پێ ئەكات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە بۆچی (د.قەرەداغیی)، ئەو پشتیوانیی و لایەنگرییە فراوانتر ناكات، بۆ ناو پارت و ڕێكخراوەكانی تری ئیخوان موسلمین لەجیهان و ناوچەكەو لای ئەو وڵاتانەی كە لەپەیوەندیی بەهێزدان لەگەڵ ئیخوان موسلمین؟
٢- ئاراستەیەك لەناو ئایینزای شیعەو ئاراستەیەكیش لەناو ئایینزای سوونەی عەرەب لەعێراق؛ ڕەهەندو هۆكاری  ناكۆكیی و ململانێی ڕیفراندۆمیان لە ململانێیەكی نەتەوەییەوە؛ گۆڕیوە بۆ ململانێیەكی ئایینیی و گەیاندوویانەتە ئەوەی كە بەبەیاننامەی ئایینیی توندو فەتوادەركردن؛ بانگەواز بۆ بەرپاكردنی جیهاد، لەدژی هەرێمی كوردستان بكەن، ئایە ئەمە نابێتە پاڵنەرێكی گرنگ؛ بۆ هەڵوێست وەرگرتنی ئێوە لەڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان) و (ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین)؟.
٣- (د.سەلیم ئەلجبووریی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە لەهەمانكاتدا جێگری ئەمینداری گشتیی لقی عێراقی ڕێكخراوی ئیخوان موسلمینە(پارتی ئیسلامی عێراق)؛ خۆی و فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمانی عێراق، پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم و دوای پرۆسەكە؛ ڕۆڵ و جموجۆڵ و بەشدارییەكی كاراو  گەورەیان؛  هەبووەو هەیە بۆ دژایەتیی و ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆم و ئامادەكردنی پاكێجێك لەبڕیاری پەرلەمانیی؛ لەدژی هەرێمی كوردستان، لەناو بڕیارەكاندا؛ بڕیاری داواكردن لە(عەبادیی)ی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بۆ بەكارهێنانی هێز، لەدژی گەلی كوردو هەرێمی كوردستان، ئایە هەڵوێستی ئێوەی ئیخوان موسلمین و (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)؛ لەسەر ئەم ڕۆڵەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەیان لەپەرلەمانی عێراقدا چییە؟!، ئایە ئەگەر ئەو جەنگە لەدژی كورد بەرپا بێت، لەكوێدا ڕائەوەستێت و چ ئاكامێكی ئەبێت ؟، چەند خوێنی تیا ئەڕژێت و چ شوێنەواریكی خراپ؛ لەسەر ڕەوشی سیاسیی و ئاسایش و ئابووریی عێراق و كوردستان بەجێ ئەهێڵێت؟؛ عێراق و كوردستان؛ ئەگەڕێنێتەوە بۆ چ دۆخێكی  كوشتارو وێرانەو كارەساتی گەورەی تراژیدیی و دووبارەبوونەوەی تاوانەكانی جینۆسایدو ...هتد؟!.
 ئایە ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكە ئیخوان موسلمینەكە؛ زادەو هەڵقووڵاوو هەڵهێنجراوی دەقەكانی ئایینی ئیسلام و پەیام و تەعالیمەكانی (حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری ئیخوان موسلمینە؟، یاخود دەرهاویشتەی دەمارگیریی و توندڕەویی عەرەبچێتییە؟، ئەگەر ئەو هەڵوێستانە؛ هەڵهێنجراوو بەرجەستەی دەقی ئایینیی و ئەدەبیاتی ئیخوان موسلمین نییە، ئەوا پێویستە لەئاستی فەرمیی (ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین) و ڕێكخراوی (یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانان)دا؛ بەرەنگاریی ببنەوەو هەڵوێستی لەسەر وەربگرن؟!