ڕوسیا دەیەوێت هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە

کوردستان

03/10/2017‌ 2111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوسیا ڕۆڵی هەبووە لەهێوركردنەوەی هەڵوێستی توركیا لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوای سەردانەكەی ڤلادیمر پوتین سەرۆكی ڕوسیا بۆ توركیاو دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتای توركی خۆی.

پێگەی ئەلمۆنیتەر راپۆرتێكی لەسەر ڕووداوەكانی هەفتەی ڕابردووی‌و ئێستای هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوەو پێیوایە بەرژەوەندیی ئابووری ڕوسیا لەهەرێمی كوردستان ڕێگە نادات توركیا سنوور لەسەر كوردستان دابخات. 

لە‌بەشیكی ڕاپۆرتەكەدا، باسی سەردانەكەی ڤیلادیمر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كراوە بۆ توركیا، كە تەنیا سێ ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بوو، كە توانی كاریگەری لەسەر هێوربوونەوەی سیاسەتی توركیا هەبێت. 

پێگەكە هەروەها سەبارەت بەڕۆڵی مۆسكۆ لەوەستاندنی سزاكانی سەر هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، گرێبەستە نەوتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ڕوسیا ڕێگر بوون لەبەردەم سەرۆكی توركیا‌و ناتوانێت هەڕەشەكانی لەدژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان جێبەجێبكات.

بەهۆی ڕێككەوتنی ئەمساڵی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ڕوسیا لەپەراوێزی كۆنفرانسی ئابووری سەن پترۆسبۆرگ، كە بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا، ڕوسیا بە بەهای ٤ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەكەرتی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستاندا كردووەو بەپێی دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەردوولاش، كۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسیا پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆری گازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیاو وڵاتانی ئەوروپای خستووەتە واری جێبەجێكردنەوە.

لەو بارەیەوە، ئەلمۆنیتۆر، لێدوانێكی وۆگین كۆغان شارەزای بواری بەرگری‌و ئاسایش لەجۆرجیای بڵاوكردەوە، دەڵێت: "ڕوسیا بەوەبەرهێنانی ٤ ملیار دۆلاری لەهەرێمی كوردستان لەبواری پیشەسازی نەوت‌و گاز".

ئەو شارەزایە راشیگەیاندووە، كە روسیا بەو هەنگاوەی پێشی وەبەرهێنەرە ئەمریكییەكان لەناوچەكە كەوتووەو ئەوەش هۆكارێك بووە لەبەردەم سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پاشگەزبوونەوەی لەجێبەجێكردنی هەڕەشەكانی لە هەرێمی كوردستان.

پێگەكە ئەوەشی راگەیاندووە، ڕوسیا زەرەرمەند دەبێت بەداخستنی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان لەناو توركیا، كە خاوەنی هاوپەیمانییە لەكۆمەڵگەی بازرگانی توركیاو بەگرتنەبەری هەر هەنگاوێكی ئەنقەرە لەدژی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ لەناوچەكە دەكەوێتە مەترسییەوە.

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رۆژی 25ی مانگی رابردوو بەرێوەچوو، كە ئەوە كاردانەوەی توركیاو چەند وڵاتێكی لێكەوتەوەو ئەو وڵاتانەش هەڕەشەی سەربازی‌و سزای ئابوورییان لەهەرێمی كوردستان كرد.

هـ ـ ح