شیكاری.. ریفراندۆم‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق

کوردستان

03/10/2017‌ 779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: محەمەد رەئوف
دواجار خەڵكی كوردستان بە 72.16% ی بەشداربوو بە 92.73% بە بەڵی دەنگی بە سەربەخۆیی كوردستاندا، بەو هیوایەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان رابگەیەنێت، بەڵام لەدوای چەند رۆژێك ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ناوەكەی گۆڕی بۆ (سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق) و لە بەیاننامەیەكیشدا پێشوازی لەبانگەوازەكەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان كرد، كە سیستانی لە بانگەوازەكەیدا بەبێ ئەوەی بە یەك وشە باسی ریفراندۆم بكات، هۆشداری دابوو لە جیابوونەوەو داوای یەكپارچەیی خاكی عێراق و پەیوەست بوونی بەدەستوری عێراقەوە كردبوو، واتا سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەو مەرجانەی سیستانی رازیە. بە جیا لە كاردانەوە هەرێمی و عێراقیەكان، گەر شیكاریەكی وورد بۆ پرۆسەی دەنگدان بكەیت و ئاستی بەشداری هاوڵاتیان بخەیتە روو بە بەراوورد بە ریفراندۆمی 2005 بۆت دەردەكەوێت كە متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی كەمبۆتەوە. 

بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ( 4581255 ) كە مافی دەنگدانی هەبووە و ( 3305925 ) كەس دەنگیداوە، بەرێژەی ( 72.16% ) واتا ( 1275330 ) بەشداریان نەكردووە بەرێژەی ( 27.9% ) لەو بەشەی بەشداری كردووە ( 2861471 ) بە بەڵێ دەنگی داوە بەرێژەی ( 92.73% ) و ( 224468 ) بە نەخێر بەرێژەی ( 7.27%) لەگەڵ ( 9368 ) دەنگی سپی و ( 170611 ) دەنگی دوور خراوەو ( 40011 ) دەنگی پوچەڵ واتا بە كۆی دەنگی نەخێر و سپی و پوچەڵ و دوورخراوە دەكاتە ( ٤٤٤٤٥٨ ) بەرێژەی ( 9.7% ).

ئەوەی لەم ریفراندۆمەدا جێگەی سەرەنج بوو كەمی ئاستی بەدشاریكردنی ناوچە زۆر قوربانیدەرەكان بوو، لە نمونەی هەڵەبجە، گەرمیان ، قەڵادزێ ، سەید سادق و زۆرێك لەناوچەكانی دیكە، لە قەزای هەڵەبجە ( 71969 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 40031 ) بەرێژەی ( 55.6% ) واتا (٣١٩٣٨ ) كەس بەشداری نەكردووە بەرێژەی ( 44.4%)، قەزای چەمچەماڵ كە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان ناسراوە لەكۆی ( 81234 ) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ( 39027 ) بەشداری كردووە بەرێژەی ( 48% ) ئاستی بەشداری نەكردن (٤٢٢٠٧ ) بەرێژەی ( 52% )، قەزای كەلا لەكۆی ( 73838 ) هاوڵاتی كە مافی دەنگدانی هەبووە، ( 38718 ) كەس دەنگی داوە بەرێژەی (52% ) واتا ( 48%) بەشداریان نەكردووە، لە قەزای سەید سادق لەكۆی ( 58102 ) كەس كە مافی دەنگدانی هەبوو ( 26058 ) بەرێژەی ( 44.8% ) هەروەها (٣٢٠٤٤ ) دەنگیان نەداوە بەرێژەی ( 55.2% ) هەروەها لە قەزای قەڵادزێ لەكۆی ( 66587 ) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە ( 36368 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 54.6% ) واتا ( 45.4% ) دەنگیان نەداوە هاوكات لە قەزای دەربەندیخان لەكۆی ( 36221 ) . كە رەنگە ئەوە مەسجێكی روون بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم كە لەماوەی 26 ساڵی حوكمرانیدا نەیانتوانیوە لەگەڵ خەم و ئازارەكانیاندا بژین، بۆیە ئەو بایكۆت و بەشدارینەكردنە ئاستی نیگەرانی و نارەزایی هاوڵاتیانە بەرامبەر بە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان.
هاوكات لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئاستی بەدشاری كردن نیوە بەنیوە كەمتریش بووە بەپێی ئەنجامێكی نارەسمی لە كۆی ( 1271602 ) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ( 608292 ) كەس دەنگیداوە بەرێژەی ( 47.8% ) بەڵام دواتر رێژەی دەنگەكان گۆڕاوە ئەویش دەنگی هێزی پێشمەرگەی خراوەتە سەرو بەپێی راگەیەنراوی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەكۆی ( 1324000 ) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە ( 663603 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( 50% ) واتا لە ( 50%) هاوڵاتیان بەشداریان نەكردووە.

بەڵام بۆ ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندان رێژەی بەشداری لە ئاستێكی بەرزدابووە، زاخۆ ئاستی بەشداریكردنی هاوڵاتیان ( 94% ) و ئاكرێ ( 94% ) و مێرگەسۆر ( 98% ) و سۆران ( 93% ) و دهۆك ( 91%) بەدشاریان كردووە. 

بەڵام لە هەندێك لە ناوچەكان ئاستی دەنگەكان زۆر زیاتر بووە بەتایبەتیش لە كەمپی ئاوارەكان بەپێی خشتەیەكی بڵاوكراوەی سنوری لقی 17ی پارتی لە شەنگال و زومار، لە كەمپی دەركا كە ( 1971 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 2294 ) كەس دەنگی داوە بەرێژەی ( 116% ) كەمپی جەم مشكۆ ( 14808 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوە ( 15727 ) كەس دەنگیداوە بەرێژەی ( 106% ) كەمپی دێرەبوون ( 1337 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە ( 2304 ) بەرێژەی ( 172% ) كەمپی كەبەرتوو1 ( 6446 ) مافی دەنگدانی هەبووە ( 7007 ) كەس دەنگیداوە بەرێژەی ( 109% ).

ئەمە نمونەیەكە لەو هەنگاوەی كە نراوە بۆ پڕكردنەوەی سندوقەكان ئەویش لەپێناو ئەوەی بۆ كوردە، كە ئەو دیاردەیە لە زۆررناوچەی هەرێمی كوردستان هەبووە . 

خۆ ئەگەر بەراوردی بكەین بە ریفراندۆمی ساڵی 2005 كە ئەوا لە ریفراندۆمەكەدا كە( 1998061 ) كەس بەشداری تێدا كردووە ( 1973412 ) كەس بە سەربەخۆیی دەنگی دا بە رێژەی ( 98.88% ) و ( 20251 ) كەس داوای مانەوەی لەگەڵ عێراق كردووە بەرێژەی ( 1.12% ) زۆرترین دەنگی مانەوەی لە پارێزگاكانی هەولێر و دواتر سلێمانی بووە ، لە هەولێر كە ( 636898 ) كەس بەشداری كردووە ( 622409 ) داوای سەربەخۆیی كردووە بەرێژەی ( 98.23%) و ( 11289 ) داوای مانەوەی لەگەڵ عێراق كردووە بەرێژەی ( 1.77% ) لە پارێزگای سلێمانی كە ( 656496 ) كەس بەشداریكردووە، ( 650000 ) كەس داوای سەربەخۆیی كردووە بەرێژەی ( 99.12% ) و ( 5796 ) كەس داوای مانەوەیان كردووە لەگەڵ عێراقدا بەرێژەی ( 0.88% ).

لە نێوان ئەو دوو ریفراندۆمەدا ئەو پرسیارە لای خەڵكی كوردستان بەردەوام وجودی هەیە ئایا بەرپرسانی كورد چارەنووسی ئەم ریفراندۆمەش بە هەمان دەردی ئەنجامی ریفراندۆمی 2005 نابەن، كە بە چەند پۆست و ئیمتیازێًك بیگۆڕنەوە لەگەڵ بەغداو ئەم ریفراندۆمە بكەنە كارتێك بەردەوام بەدەستیانەوە بێت و پیشانی بەرپرسانی بەغدای بدەن.